چۆن پیشەسازیی درۆنی ئێران بووە مۆتەکەی سیستەمە بەرگرییەکان؟

٧ ئازار ٢٠٢٦ - ٨:٣٧ پاش نیوەڕۆ

چۆن پیشەسازیی درۆنی ئێران بووە مۆتەکەی سیستەمە بەرگرییەکان؟

پەنجەرە

پیشەسازیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) لە ئێران، لە تاقیکردنەوەیەکی سادەی سەردەمی جەنگی عێراق-ئێرانەوە گەشەی کردووە بۆ چەکێکی کاریگەر کە زیاتر لە ١٠٠ جۆری هەیە. 

ئەمڕۆ ئێران شانبەشانی ئەمریکا و چین، یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنەری درۆن لە جیهاندا. ئەمەش وایکردوە لەم شەڕەیدا بەرامبەر ئەمەریکا و ئیسرائیل، ببێتە پاڵپشتییەکی باش بۆ خۆی و سەرئێشە بۆ دوژمنانی.


دەستپێکێکی سادە

بەکارهێنانی درۆن لە ساڵی ١٩٨٥ بە مۆدێلەکانی "ئەبابیل" و "مهاجر-١" تەنها بۆ وێنەگرتنی سەربازیی دەستیپێکرد، بەڵام دواتر بۆ درۆنی سیخوڕی و هێرشبەر (وەک شاهید ١٢٩) گەشەی کرد.

مەترسیدارترین قۆناغ، بەرهەمهێنانی درۆنە خۆتەقێنەرەوەکان "خۆکوژییەکانە" وەک شاهید ١٣٦ و ٢٣٨.

ئەم درۆنانە بەهۆی بەکارهێنانی فایبەرگڵاس و کەمیی دەرپەڕاندنی گەرمی لە بزوێنەرەکانییەوە، زۆرجار ڕادارەکان نایخوێننەوە، ئەمەش بووەتە تایبەتمەندییەکی گرنگی.

هەروەها درۆنەکان خاوەنی سیستەمی دژە تەشوییشن و دەتوانن بەشێوەی پۆل (٥ بۆ ١٠ درۆن بەیەکەوە) هێرش بکەن بۆ ماندووکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکان.


گەمارۆکان و سەرچاوەی دروستکردنی درۆنەکان

سەرەڕای گەمارۆکان، ئێران لە ڕێگەی چەند ستراتیژێکەوە ئەم پیشەسازییەی پێشخستووە.

دیارترینی ئەم ستراتیژیانە کۆپیکردنی ئەو درۆنانەیە کە خراونەتە خوارەوە، لەنمونەی درۆنی پێشکەوتووی ئەمریکی RQ-170.

وەک لە بەڵگە و لێکۆڵینەوەکانی جەنگی ئۆکرانیادا دەرکەوتووە؛ دوای ئەوەی ئۆکرانیا درۆنێکی "مهاجر-٦"ـی ئێرانی خستە خوارەوە، دەرکەوت کە درۆنەکە ١٠٠٪ ئێرانی نییە، بەڵکو پارچەی نزیکەی ٣٠ کۆمپانیا لە ئەمریکا، ئەوروپا، ژاپۆن و چینی تێدایە. ئەمەش دەریدەخات ئێران تۆڕێکی قاچاخچێتیی ئاڵۆزی هەیە بۆ کڕینی پارچە مەدەنییەکان و بەکارهێنانیان لە بواری سەربازیدا.


"چەکی هەژاران" بەرامبەر سیستەمە گرانبەهاکان

گەورەترین سەرکەوتنی درۆنەکانی ئێران لە لایەنە ئابوورییەکەیدایە.

بەپێی داتاکان، تێچووی بەرهەمهێنانی درۆنێکی خۆکوژیی وەک "شاهید" تەنها ٢٠ بۆ ٥٠ هەزار دۆلارە، بەڵام بۆ خستنەخوارەوەی، وڵاتان ناچارن موشەکی سیستەمی بەرگریی وەک "پاتریۆت" بەکاربهێنن کە نرخی یەک موشەک ٢ بۆ ٤ ملیۆن دۆلارە. ئەمەش بەتاڵکردنەوەی توانای ئابووری و سەربازیی بەرامبەرە.


تێکەڵکردنێکی سەرنجڕاکێش

ئێران بە تێکەڵکردنی پارچەی هەرزانی قاچاخ، ئەندازیاریی پێچەوانە و تێچووی کەم، ئەو بیرۆکەیەی سەلماند کە لە جەنگی مۆدێرندا، مەرج نییە چەکی گرانبەها و پێشکەوتوو براوە بێت، بەڵکو زۆرجار چەکی هەرزان و زیرەک دەتوانێت هاوکێشەی زلهێزە سەربازییەکان بگۆڕێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو