هێرشەکانی سەر کونسوڵخانە و فڕۆکەخانەی هەولێر لە رێگەی درۆنی خۆکوژەوە ئەنجام دەدرێن
٨ ئازار ٢٠٢٦ - ٢:٥١ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی نزیک لە ناوەندە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، زۆربەی ئەو درۆنانەی ئاراستەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا و فڕۆکەخانەی هەولێر دەکرێن درۆنی خۆکوژن.
سەرچاوە نزیکەکە لە ناوەندە دیپلۆماسییەکان کە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: زۆربەی درۆنەکان لەلایەن میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێرانەوە ئاراستەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا و فڕۆکەخانەی هەولێر دەکرێن.
بەشێکی زۆر لەو درۆنە خۆکوژانەی ئاراستەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا و فڕۆکەخانەی هەولێر دەکرێن، لەناوچەکانی موسڵەوە و لەلایەن هێزە شیعەکانەوە هەڵدەدرێن.
ئەمڕۆ شەممە، هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای نەینەوا لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە هێرشی چڕیان کرایە سەر، هێرشەکان جگە لەوەی بەشێکن لە ستراتیژی ئەو دوو وڵاتە هاوکات دەبنە هۆی بەرتەسککردنەوەی هێرشە درۆنییەکانیش.