سی ڕام؛ ئەو قەڵغانەی ئەمەریکا لە هەولێر خۆی پێ دەپارێزێت
٨ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:١٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەگەڵ زیادبوونی هێرشە موشەکیی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ناوی سیستەمی بەرگری "سی ڕام (C-RAM)" زۆرتر دەبیسترێت. ئەم سیستەمە کە بە "سەنتوریۆن"ـیش دەناسرێت، وەک یەکێک لە پێشکەوتووترین قەڵغانە ئاسمانییە کورت مەوداکان دادەنرێت بۆ پاراستنی بنکە سەربازییەکان و کونسوڵخانەکان.
سی ڕام چییە؟
وشەی C-RAM کورتکراوەی (Counter Rocket, Artillery, and Mortar)ـە، واتە دژە موشەک، تۆپهاوێژ و هاوەن. ئەم سیستەمە لە بنەڕەتدا ئەمریکییە و لەلایەن کۆمپانیای (Raytheon) پەرەی پێدراوە.
ئەرکی سەرەکی ئەم قەڵغانە بریتییە لە دەستنیشانکردن و تێکشکاندنی ئەو مەترسییانەی لە ئاسمانەوە ڕوودەکەنە ئامانجە زەمینییەکان پێش ئەوەی بگەنە شوێنی مەبەست. مەترسییەکانیش لە نموونەی مووشەکی مامناوەند، هاوەن، درۆن. واتا لەگەڵ مووشەکی گەورە و بالیستی زۆر سوودی نابێت.
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان
سیستەمەکە پشت بە چەکێکی جۆری (M-61 Vulcan) دەبەستێت کە ڕەشاشێکی شەش لوولەیی ٢٠ ملمییە کە گولەکەی نزیکەی دوو ئەوەندەی گولەی دۆشکا دەبێت.
ئەم سیستەمە چەند تایبەتمەندییەکی گرنگی هەیە بۆ بەرپەرچدانەوە، لەوانە خێرایی تەقەکردنە کە دەتوانێت لە یەک خولەکدا ٤٥٠٠ فیشەک بتەقێنێت.
هەروەها مەودای کاریگەرییەکەی دەگاتە نزیکەی ٣٥٠٠ مەتر. هاوکات رادارەکانی سیستەمەکە دەتوانن لە مەودای دوورەوە شوێنی هاویشتنی موشەکەکە و شوێنی کەوتنەکەشی دیاریی بکەن.
یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێشەکانی تری، بوونی فیشەکی زیرەکە، واتا ئەو فیشەکانەی بەکاریدەهێنێت، ئەگەر بەر ئامانجەکە نەکەون، لە ئاسماندا خۆیان دەتەقێننەوە بۆ ئەوەی لە کاتی کەوتنەخوارەوەیان زیان بە هاووڵاتیان نەگەیەنن.
چۆن کاردەکات؟
سیستەمی سی ڕام بە شێوەیەکی تەواو ئۆتۆماتیکی کاردەکات. کاتێک رادارەکە لە دوورەوە هەست بە تەنێکی نامۆ دەکات، ئەوا ئامادەکاریی دەکات و هەتا نزیک دەبێتەوە قوفڵ دەخاتە سەری و لەماوەی دووری ٣٥٠٠ مەتر بۆ ٢٠٠٠ مەتر دەست دەکات بە هاویشتنی گولەکان و خستنەخوارەوەی.
ئەوەی وادەکات ئەم سیستەمە گرنگ و کارا بێت ئەوەیە تێچووەکەی کەمە لەچاو سیستەمەکانی تری بەرگری، بەڵکو لە هەرزانترین سیستەمەکانە، کە بۆ هەر پرۆسەیەکی بەرگریی ئاسایی نزیکەی ٨ هەزار دۆلارە.
سی ڕام لە هەرێمی کوردستان
ئەم سیستەمە کە نرخەکەی لەنێوان ١٠ بۆ ١٥ ملیۆن دۆلارە و کێشەکەی نزیکەی ٢٧ تۆن دەبێت، لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ پاراستنی ئەو شوێنانە بەکاردێت کە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی تێدایە، وەک: دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر و بنکەی ئاسمانی هەریر.
واتا ئەم سیستەمە تەنها لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئەمریکادایە و تائێستا حکومەتی هەرێم خاوەنی ئەم تەکنەلۆژیایە نییە.