سلێمانی بە کڵاشینکۆف ڕووبەڕووی درۆنەکان دەبێتەوە
٨ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:١٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
شەوی ڕابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئاسمانی سلێمانی بوو بە گۆڕەپانی ململانێیەکی نایەکسان، کە تێیدا هێزە ئەمنییەکان بە پشتبەستن بە چەکی بچوک و مامناوەند، شەڕی هێرشی چڕی درۆنەکانیان دەکرد.
بەپێی ڕاپۆرتە مەیدانییەکان، شەوی ڕابردوو هێرشێکی چڕی ئاسمانی کرایە سەر چەند پێگەیەک لە سلێمانی. لەوانە بارەگای "یەکەی ٧٠"ـی هێزەکانی پێشمەرگە کە بە ٤ درۆن کرایە ئامانج، هەروەها دوو درۆنی دیکە دەوروبەری کۆمەڵگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ناوەندی وەرگرتنی ڤیزای تورکیایان کردە ئامانج.
لە غیابی سیستەمی بەرگریی دژە ئاسمانی و موشەکی پێشکەوتوو، هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان ناچار بوون پەنا بۆ بەکارهێنانی چەکی سووک و مامناوەند ببەن کە لە ئەنجامدا بەهۆی دروستکردنی چەترێکی ئاگرینەوە، توانرا لانی کەم یەک درۆن بە تەقەی ڕاستەوخۆ بخرێتە خوارەوە.
دیواری ئاگرین
ئەوەی شەوی ڕابردوو لە گرتەیەکدا بینرا کە بریتی بوو لە تەقەکردنێکی زۆر و بەلێشاو بەرەو ئاسمان، لە زانستی سەربازیدا بە تاکتیکی "دیواری ئاگرین (حائط ناری)" ناسراوە.
ئەم تاکتیکە بۆ ئەوە بەکاردێت کە بەو پێیەی درۆن ئامانجێکی بچووک و خێرایە، تەقاندنی سەدان فیشەک لە یەک کاتدا ئەگەری پێکانی بەشە هەستیارەکانی وەک پەروانە یان پاتری درۆنەکە بە ڕێکەوت، زیاد دەکات.
لەلایەکی ترەوە ئەو لێشاوە فیشەکەی کە دەتەقێنرێت وا لە بەکارخەری درۆنەکە دەکات ئاراستەی فڕینەکەی بگۆڕێت، کە زۆرجار دەبێتە هۆی لەدەستدانی کۆنترۆڵ یان تەواوبوونی سوتەمەنی و کەوتنەخوارەوەی.
کارایی ئەم چەکانە
هەرچەندە سوپا پێشکەوتووەکان پشت بەم چەکانە نابەستن، بەڵام لە شارێکی وەک سلێمانی کە بێبەشە لە بەرگریی ئاسمانی، ئەم چەکانە دەبنە تاکە قەڵغان.
بەگشتی کارایی چەکە هەبوو و بەردەستەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بۆ درۆن، جیاوازن.
چەکە بچووکەکانی وەکو کڵاشینکۆف و ئێم فۆڕ (M4)، بەوپێیەی مەودای کاریگەرییان تەنها لە نێوان ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ مەتردایە، بۆیە زۆر سوودیان نییە و بەکارهێنانیان تەنها لە کاتێکدا سوودی هەیە کە درۆنەکە زۆر نزم بێتەوە و لەو مەدایەدا بێت کە گولەکە پێی دەگات. هەربۆیە وەک دوایین هێڵی بەرگری سەیر دەکرێن و پێویستیان بە تەقەی بەکۆمەڵ هەیە بۆ ئەوەی کاریگەر بن.
هەرچی چەکی مامناوەندی ڕەشاشی وەکو پی کەی سی (PKC)ـیە، ئەوا بەهۆی ئەوەی قەبارەی فیشەکەکەی (٧.٦٢ ملم) و مەودای کاریگەرەکەی کە دەگاتە زیاتر لە هەزار مەتر، زۆر لە کڵاشینکۆف باشترە.
خاڵی بەهێزی ئەم چەکە، توانا سەرسوڕهێنەرەکەیەتی بۆ تەقەکردنی چڕ و بەردەوام بەبێ وەستان، کە وادەکات ئەگەری پێکانی درۆنە نزمەکان زۆر بەرز ببێتەوە و زیانێکی گەورە بە پەیکەرەکەی بگەیەنێت.
بەڵام پاڵەوانی سەرەکیی شەڕی دژە درۆنەکان لە غیابی تەکنەلۆژیادا، چەکی قورسی وەکو دۆشکایە.
بە گولەیەک کە قەبارەکەی (١٢.٧) ملمە و مەودایەک کە دەگاتە ١٥٠٠ بۆ ٢٠٠٠ مەتر، ئەم چەکە دەتوانێت نەک هەر درۆنە بچووکەکان، بەڵکو درۆنە خۆتەقێنەرە گەورەکانی وەک "شاهید"ـیش تێکبشکێنێت.
یەک فیشەکی دۆشکا بەسە بۆ ئەوەی درۆنێک لە ئاسماندا پارچە پارچە بکات. لە جەنگی ئۆکرانیاشدا، دۆشکا یەکێکە لە چەکە هەرە باوەڕپێکراوەکان بۆ خستنەخوارەوەی درۆنی ڕووسی.
چارەسەرێکی ناچاریی
ئەوەی لە سلێمانی بینرا، وەڵامێکی زۆر سەرەتاییە بۆ مەترسی درۆن، ئەم وەڵامەش دەشێت بیپێکێت یان نا، بەڵام بەگشتی کاریگەرییەکەی سنوردارە.
چارەسەری پرۆفیشناڵانە بۆ ئەم مەترسییە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتووە. چونکە هەتا ئەم سیستەمە بەردەست نەبێت، پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان ناچارن بە سنگی خۆیان و چەکی سووکەوە، "دیواری ئاگرین" لە ئاسماندا دروست بکەن، بۆ ئەوەی شارەکە لە ئاگری درۆن بپارێزن.