شەپازلەکەی پەرلەمان؛ گواستنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە بۆ ناو هۆڵی ئەنجومەن

٨ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:٢٠ پاش نیوەڕۆ

شەپازلەکەی پەرلەمان؛ گواستنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە بۆ ناو هۆڵی ئەنجومەن

پەنجەرە

شەوی ڕابردوو، دانیشتنێکی نهێنیی پەرلەمانی عێراق گۆڕا بۆ گۆڕەپانی شەڕی دەستەویەخە لە نێوان دوو پەرلەمانتاری دیار. ڕووداوەکە پرسیارگەلێکی زۆری لەسەر چارەنووسی پەرلەمانتاری هێرشبەر و ئایندەی ململانێ سیاسییەکان دروست کردووە.


وردەکاریی ڕووداوەکە

لەکاتی دانیشتنێکی نهێنیدا کە بۆ تاوتوێکردنی ئاڵۆزییە ئەمنییەکان و کاریگەرییەکانی شەڕی ناوچەکە تەرخان کرابوو بە ئامادەبوونی فەرماندە باڵاکانی سوپا، ناکۆکییەکی توند لە نێوان مستەفا سەنەد- سەرۆکی کوتلەی "أبشر يا عراق" و بەها ئەعرەجی- سەرۆکی کوتلەی "الإعمار والتنمية" دروست بوو.

شەڕەکە کاتێک گەیشتە لوتکە کە بەها ئەعرەجی وشەی "ئەدەبسز"ـی ئاراستەی سەنەد کرد، لە وەڵامدا مستەفا سەنەد شەپازلەیەکی لێدا. بەهۆی ئەم ئاژاوەیەوە، سەرۆکی پەرلەمان، دەستبەجێ کۆبوونەوەکەی هەڵوەشاندەوە.

هاوکات بڕیاری داوە ڕێگری لە چوونەژوورەوەی مستەفا سەنەد بکات تاوەکو بە فەرمی داوای لێبوردن دەکات، هەروەها ڕەوانەی لیژنەی ڕەفتاری پەرلەمانی کردووە.

ئەم ڕووداوە لەدانیشتنێکدا ڕوویدا، کەتیایدا لە دانیشتنی ئاساییەوە گۆڕا بۆ سەکۆی بەرگری لە ئێران و پرسەگێڕیی خامنەیی و وتنەوەی دروشمی مەرگ بۆ ئەمەریکا و ئیسرائیل.


ئەگەرەکانی سزادانی سەنەد

لە ڕووی یاساییەوە، سەنەد ڕووبەڕووی چەند ئەگەرێک دەبێتەوە:

١. سزای ئیداری: سڕکردن بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و بڕینی دەرماڵەکانی.

٢. لێسەندنەوەی پارێزبەندی: ئەگەر بەها ئەعرەجی سکاڵای یاسایی بە تۆمەتی دەستدرێژیی تۆمار بکات، پەرلەمان دەتوانێت دەنگ لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندییەکەی بدات.

٣. لەسەرکارلابردن (هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی): هەرچەندە ئەمەیان قورسە، بەڵام بەپێی ماددەی ٥٢ـی دەستوور، ئەگەر دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان دەنگ بدەن کە کارەکەی "پێشێلکردنی شەرەف و ڕەفتاری پەرلەمانییە"، دەکرێت بە یەکجاری لە پەرلەمان دوور بخرێتەوە.


باکگراوەندی سیاسی شەڕەکە

ئەم پێکدادانە تەنیا لەسەر وشەیەک نەبووە، بەڵکو ڕەگێکی قووڵی سیاسی هەیە کە پەیوەستە بە ململانێی سەروەریی عێراق و هەژموونی ئێرانەوە.
هەردوو پەرلەمانتار و کوتلەکەیان، شیعەن و سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگین.

سەنەد خاوەنی ٤ کورسیی پەرلەمانییە و باڵی "جەماوەری و چاودێری"ـی چوارچێوەی هەماهەنگییە (الإطار التنسيقي). ئەو بەرگریکارێکی سەرسەختی ئێرانە و بە وڵاتێکی "مەزن" وەسفی دەکات. هەروەها پشتیوانێکی توندی گرووپە چەکدارەکانە و پێشتر هەڕەشەی کردووە کە "هەرکەسێک بیر لە هەڵوەشاندنەوەی گروپەکان بکاتەوە، خۆی هەڵدەوەشێتەوە". 

هاوکات هەڵوێستەکانی بەتەواوی دژی ئەمریکا و ئیسرائیلە و شانازی بە میحوەری ئێرانەوە دەکات.

لەبەرامبەردا بەها ئەعرەجی سەرۆکی هاوپەیمانیی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان"ـی سەر بە سوودانییە، کە لەگەڵ ئەمەریکا دۆستن و خاوەنی گروپی چەکداریی نیین.

ناکۆکییەکەی لەگەڵ سەنەد پەیوەندی بە جیاوازیی تێڕوانینەکانیانەوە هەیە سەبارەت بە سەروەریی دەوڵەت و قۆرخکردنی چەک بەدەست هێزە فەرمییەکانەوە. پێشتریش ئەم دوو سەرکردەیە لە میدیاکانەوە هێرشیان کردبووە سەر یەکتر.

روداوەکە ئەگەرچی وەکو شەڕی دوو ئەندام دەردەکەوێت، بەڵام لەڕاستییدا نیشاندەری ئەو دابەشبوونە قووڵەی ناو ماڵی سیاسیی عێراقە بەتایبەتی شیعە، سەبارەت بە ڕۆڵی ئێران و گرووپە چەکدارەکان.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو