ڕۆیتەرز: مردنی خامنەیی درزی خستووەتە نێو لووتکەی دەسەڵاتی ئێرانەوە

٨ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:٢٤ پاش نیوەڕۆ

ڕۆیتەرز: مردنی خامنەیی درزی خستووەتە نێو لووتکەی دەسەڵاتی ئێرانەوە

پەنجەرە

دوای هەفتەیەک لە گیانلەدەستدانی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، نیشانەکانی دابەشبوون و ناکۆکیی قووڵ لە نێوان باڵە توندڕەو و پراگماتییەکانی ناو جومگەکانی دەسەڵات دەرکەوتوون، ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز.

سەرچاوە ئاگادارەکان بە ئاژانسەکەیان ڕاگەیاندووە، پیاوانی ئایینی هەوڵەکانیان خێرا کردووە بۆ دیاریکردنی ڕێبەرێکی نوێ، کە پێدەچێت ئەمڕۆ یەکشەممە بڕیاری لەسەر بدرێت.

هاوکات ئاماژەی بەوەشداوە لێدوانێکی مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، کە تێیدا بەڵێنی دابوو هێرش نەکرێتە سەر وڵاتانی کەنداو و داوای لێبوردنی لێکردبوون، تووڕەیی توندی سوپای پاسداران و توندڕەوەکانی لێکەوتەوە. ئەم فشارە وای لە پزیشکیان کرد بەشێکی لێدوانەکانی بسڕێتەوە، ئەمەش وەک "پاشەکشەیەکی شەرمەزارکەر" بۆ پێگەی سەرۆکایەتی لێکدراوەتەوە.

ئەلێکس فاتانکا، توێژەر لە پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: "لە کاتی جەنگدا، دەنگی یەکلاکەرەوە هی سوپای پاسدارانە نەک سەرکردایەتی مەدەنی."

بەپێی ڕاپۆرتەکە، تەنانەت لەناو ئەو ئەنجومەنە سێ کەسییەی کە ئێستا وڵات بەڕێوە دەبەن، ناکۆکی هەیە. لەکاتێکدا پزیشکیان هەوڵی هێورکردنەوە دەدات، غوڵام حسێن محسنی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی، جەخت لە بەردەوامیی "هێرشە توندەکان" دەکاتەوە.

چاودێران پێیانوایە کە خامنەیی وەک "سیمبولێکی هاوسەنگیی" لەنێوان باڵەکاندا ڕۆڵی دەگێڕا، بەڵام نەبوونی ئەو، ململانێی نێوان سوپای پاسداران و حکومەتی مەدەنی گەیاندووەتە ئاستێکی مەترسیدار، لە کاتێکدا وڵاتەکە لە لێواری جەنگێکی گەورەدایە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو