سکاڵایەکی ٤٠٠ ملیۆن دۆلاریی لەسەر مەسرور بارزانی تۆماردەکرێت 

٨ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:٥٢ پاش نیوەڕۆ

سکاڵایەکی ٤٠٠ ملیۆن دۆلاریی لەسەر مەسرور بارزانی تۆماردەکرێت 

پەنجەرە

ماڵپەڕی "زە ئەمارگی (The Amargi)" بڵاویکردەوە بەڵێندەرێکی تەکنەلۆجیای چاودێریی ئەمریکی لە دادگایەکی فیدراڵی نیویۆرک، سکاڵایەکی یاسایی بە بڕی زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن دۆلار لە دژی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و وەیسی بارزانی برای و چەند کەسایەتییەکی دیکە تۆمارکردووە.

بەپێی ماڵپەڕەکە، سکاڵاکە لە کۆتایی مانگی شوباتی ٢٠٢٦ لە دادگای مانهاتن لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی "بێن جەمیل" تۆمارکراوە.

کڕۆکی کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ گرێبەستێکی شکستخواردوو لە ساڵەکانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣، کە تێیدا بڕیاربووە کۆمپانیاکەی جەمیل سیستەمێکی چاودێریی ئەلیکترۆنی (Spyware) بە ناوی "Intellus Zero-Click" بفرۆشێت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بەپێی سکاڵاکە، بێن جەمیل کۆمەڵێک تۆمەتی ئاراستەی مەسرور بارزانی، وەیسی بارزانی، خەسرەو وەسمان و چەند پارێزەر و کۆمپانیایەک کردووە، دیارترینیان بریتین لە: ساختەکاریی، دەستوەردان لە گرێبەست، هەڕەشە و باجسەندن.

سکاڵاکار بانگەشەی ئەوە دەکات کە گرێبەستەکە لە ڕێگەی چەند کۆمپانیایەکی وەهمییەوە (وەک کۆمپانیای ASO) کراوە بۆ ئەوەی ناوی سوودمەندە ڕاستەقینەکان بشاردرێتەوە، کە بە وتەی ئەو مەسرور بارزانی و وەیسی بارزانی بوون.

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای ڕێکخستنی کارەکان، تۆمەتباران هەوڵیان داوە لە ڕێککەوتنەکە بێبەشی بکەن و خۆیان ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ سەرچاوەی تەکنەلۆجیاکە بکەن، کاتێکیش هەوڵی بەدواداچوونی یاسایی داوە، لە ڕێگەی دادگاکانی ناوخۆی ئەمریکاوە فشاریان خستووەتە سەر بۆ ئەوەی بێدەنگی بکەن.

لە بەرامبەر ئەم زیانانەی کە بەڵێندەرەکە دەڵێت بەری کەوتووە، داوای ٤٦٠ ملیۆن دۆلار قەرەبوو، لەگەڵ ١٠٠ ملیۆن دۆلاری دیکە وەک سزای دارایی بەسەر تۆمەتباراندا دەکات. 

سکاڵاکە تا ئێستا تەنها قۆناغی تۆمارکردنە و هێشتا دادگا بڕیاری لەسەر ڕاستی و دروستیی تۆمەتەکان نەداوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو