دۆسیه‌ی سیخوڕیكردنى مۆساد؛ ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد چۆن هاوكارى مۆسادی كرد و به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى ئێرانى دواخست؟

٨ ئازار ٢٠٢٦ - ١٠:٠١ پاش نیوەڕۆ

دۆسیه‌ی سیخوڕیكردنى مۆساد؛ ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد چۆن هاوكارى مۆسادی كرد و به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى ئێرانى دواخست؟

پەنجەرە، سۆران كه‌ریم

ئەم وێنانە کارەساتی ئەتۆمی بۆ ئێران لێکەوتەوە و بووە یەکێک لە نموونە هەرە دیارەکانی بوارى مەترسییەکانی هەواڵگریی سەرچاوە ئاواڵاکراو (OSINT) کە ئێستا لە لایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی جیهانەوە، لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.

ئەم وێنانە لە لایەن نووسینگەی مەحمود ئەحمەدی نه‌ژاد، سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئێران لە ساڵی 2008 لە کاتی سەردانەکەی بۆ دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز له‌ كاتى یادکردنەوەی ڕۆژی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی بڵاو كرانه‌وه‌، به‌ڵام فۆتۆگرافەران و تیمی میدیا بێ ئاگا بوون لەوه‌ى چی کارەساتێكیان بۆ به‌رنامه‌ى ئه‌تۆمی وڵاته‌كه‌یان دروست كردووه‌.

وێنەکان، وردەکاری و زانیارییەکانیان ئاشکرا کرد کە نەدەبوو ئاشکرا بکرێن. شارەزایانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و مۆسادی ئیسرائیل لێکۆڵینەوە و شیکارییان بۆ وێنه‌كان كرد و زانیارییان وردیان لێیان دەرهێنا کە له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ژمارە و ڕێکخستنی سانتریفیوژەکان دیاری بکەن و پێشکەوتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران هەڵسەنگێنن، هه‌روه‌ها زانا و کرێکارانی ئەو دامەزراوەیە دەستنیشان بکەن، کە ڕووخساریان بە ڕوونی لە وێنەکاندا دیار بووە. 

 ئەم زانیارییانە، ئاسانکاری باشیان بۆ مۆساد كرد به‌وه‌ى ژماره‌یه‌ك له‌و زانا و كارمه‌ندانه‌ى له‌و دامه‌زراوه‌یه‌دا كار ده‌كه‌ن، بیانكه‌ن به‌ سیخوڕ. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى یەکێک لە وێنەکان کە بەشێک لە شاشەکان پیشان دەدات، بەکارهێنانی سیستمی کۆنترۆڵکردنی پیشەسازی SCADA لە دامەزراوەکەدا، ئاشکرا كرد. 

شارەزایانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی توانیان شیکاری شێوازی ڕووناکی لە وێنەکەدا بکەن بۆ دیاریکردنی پێکهاتەی سیستمی بەڕێوەبردنی سەنترفیوژەکانی ئێران. ئەم زانیاریانە تێگەیشتنێکی باشتری لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دابین کرد و دواتر بوو به‌ به‌شێك لە پەرەسەندنی ڤایرۆسی ستۆکسنێت کە سیستمی SCADA ی کردە ئامانج. ئەم ڤایرۆسە کە بە شێوەیەکی ئاڵۆز لەناو دامەزراوەکەدا چێندرابوو و مۆساد توانى بگات به‌و كۆمپانیایه‌ی كه‌ كۆمپیوه‌ته‌ره‌كان دروست ده‌كات، بووە هۆی یەکێک لە بەناوبانگترین هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی مێژوو، کە سەنتەرفیوژەکانی لە دامەزراوەی نەتەنز لە ساڵی 2010 لەکارخست. بە گوتەی شارەزایان، ئەم ڕووداوە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی نزیکەی سێ ساڵ دواخست.

هەروەها ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی (IAEA) ڕایگەیاندووە کە نزیکەی هەزار سەنتەرفیوج لە نەتەنز لە نێوان ساڵانی 2009 بۆ 2010 لەکارکەوتوون، هەموو ئەمانە لە وێنەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە کە بەبێ ئاگایانه‌ و بۆ مەبەستی پڕوپاگەندە بڵاوکراونەتەوە!


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو