ترشە باران.. مەترسییەکی ڕاستەقینەیە؟ یان تەنها گەورەکراوە؟!

١٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:٤٣ پێش نیوەڕۆ

پەنجەرە

لەم ڕۆژانە باسکردنى ترشە باران و کاریگەرییەکانى لە دەزگاکانى ڕاگەیاندەوە زۆر گەرم بووە، بە تایبەتى لە دواى دەستپێکردنى جەنگى دژ بە ئێران. و بەتایبەتى لە دواى موشەکبارانکردنى دامەزراوەکانی هەڵگرتنی سووتەمەنی لە ئێران کە لە ئەنجامدا ملیۆنەها لیتر لە بەرهەمی نەوت سوتا، و دوکەڵ و گازە کیمیاییەکان بەرزبوونەوە بۆ بەرگەهەوا. و پاشان مانگی سووری ئێران هۆشدارییەکی توندى بڵاوکردەوە وتێیدا ئاماژەى بەوە کرد کە دروستبوونى ترشە بارانی ژەهراوی (بارانى ڕەش) لە بەشێک لەو وڵاتە ئەگەرێکى بەهێزە. و ئەو هۆشدارییە لە جێى خۆى بوو و هیچ زیادەڕەوییەکى تێدا نییە، چونکە زانست سەلماندوویەتى کە سووتاندنی نەوت بە بڕێکی زۆر دەبێتە هۆى دەرپەڕاندنى ئاوێتە مەترسیدارەکان بۆ نێو بەرگەهەوا وەک ئۆکسیدی گۆگرد، ئۆکسیدی نایترۆجین، هایدرۆکاربۆنی قورس و (PAHs)، هەندێ لە میتاڵە قورسەکان، و دەنکۆڵە هەڵواسراوەکان بەتایبەتى (PM2.5). و کاتێک ئەم ماددانە لەگەڵ هەڵمی بەرگەوادا (هەورەکان)ـدا تێکەڵ دەبن، دەگۆڕدرێن بۆ ترش، کە دواتر وەک بارانێکی ترش دەکەونە سەر زەوی و ئەگەری هەیە زیانێکی بەرفراوانی تەندروستی و ژینگەیى بەدواى خۆیدا بەجێبهێڵێت. 

ئەم جەنگە یەکەم جەنگ نییە کە بەو شێوەیە ببێتە هۆى دابارینى ترشە باران، بەڵکو پێشتر چەندین جەنگ بووە کە بوونەتە هۆى دروستبوونى ترشە باران. وەک ئەو ترشە بارانەى کە لە ئەنجامى سوتاندن وتەقاندنەوەى کێڵگە نەوتییەکانى کوەیت لەلایەن عێراقەوە دروست بوو لە ساڵى ١٩٩١ و چەندین جەنگى تر. و ترشە باران مەترسیەکى گەورەیە و تەنها لە چوارچێوەى ئەو وڵاتەدا ناوەستێ، بەڵکو سنور دەبەزێنێ و بڵاودەبێتەوە بۆ شار و وڵاتەکانى تر. هەر بۆ نموونە تا ئێستا گرفتەکانى ترشە باران لە نێوان ئەڵمانیا و سوید و هەندێ لە وڵاتانى ئەسکەندناڤی بەردەوامە، چونکە ئەڵمانیا هۆکارى سەرەکییە لە دەرپەڕاندنى ماددە کیمیاوییەکان و ئەو گازانەى کە دەبنە هۆى دروستبوونى ترشە باران و لە ڕێگەى شەپۆلەکانى باوە ئەگوازرێتەوە بۆ سوید و دەبێتە هۆى پیسکردنى خاک و سەرچاوەکانى ئاو. و تایبەت بە جەنگیش، ئەو شارانەی کە بۆردومان دەکرێن تەنها بیناکانیان لەدەست نادەن، بەڵکو زۆرجار تەواوی هاوسەنگی ئیکۆلۆژییان لەدەست دەدەن. باڵندەکان نامێنن یا کۆچ دەکەن، دارەکان وشک دەبنەوە و هەوا دەبێتە هەڕەشەیەکی بێدەنگ. لەم ووتارە بە شێوەیەکى کورت و پوخت باسی چۆنیەتى دروستبوونى ترشە باران و کاریگەرییەکانى لەسەر ژینگە و تەندروستى مرۆڤ دەکرێت.

چۆنیەتى دروستبوونى ترشە باران
ئاوی باران بە شێوەیەکی سروشتی تا ڕادەیەک مەیلەو ترشە واتا (pH)ـەکەى بە شێوەیەکی گشتی لە نێوان (٥-٦)ـە و هۆکارەکەى ئەگەڕیتەوە بۆ شیبوونەوەی گازى دووەم ئۆکسیدی کاربۆن (CO2) بەشیوەیەکى سروشتى، کە یەکێکە لە پێکهاتەکانى بەرگەهەوا. بەڵام هەر بارانێک کە (pH)ـەکەى لە خوار (٥) بێت ئەوە بە ترشە باران هەژمار دەکرێت. و ئەو وڵاتانەی زۆرترین زیانیان پێدەگات لە ئەنجامى ترشە باران وڵاتە ئەوروپیەکانن بەتایبەتی وڵاتانی ئەسکەندناڤی، هەروەها بەشەکانی باکووری ئەمریکا. 

زاراوەی ترشە باران یا نیشتووى ترش، هەر جۆرە بارانبارینێک دەگرێتەوە کە پێکهاتەی ترشی تێدا بێت وەکو ترشی گۆگردی (SOx) و ترشی نیتریک (NOx) و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن (CO2) و گازی کلۆر (Cl). و مەرجیش نییە ترشە باران بە شێوەى باران (شل) بێت، بەڵکو هەندێجار بەشێوەى بەفری ترشە یا تەم و گاز و خۆڵەمیش (نیشتووى دووکەڵ) و تەنۆڵکەکان دەگرێتەوە کە پێکهاتەى گۆگرد و نیتریکیان تێدا هەیە. 
لە ئەنجامى سووتاندن و دەرپەڕاندنى گازەکان و دروستبوونى دووکەڵ، ئۆکسیدەکانى گۆگرد (SOx) بە تایبەتى دووەم ئۆکسیدى گۆگرد (SO2)، هەروەها ئۆکسیدی نایترۆجین (NOx) لەگەڵ هەڵم و ئۆکسجین و ماددە کیمیاییەکانی دیکەی ناو بەرگەهەوا تێکەڵ دەبن و کارلێکی کیمیایی دروست دەکەن کە ئۆکسیدەکان دەگۆڕێت بۆ ترشی گۆگرد (H2SO4) و  ترشی نیتریک (HNO3) و گەڵ ئاوى باران دادەبەزێ.

 هەندێ جار ئۆکسیدی نایترۆجین کارلێک لەگەڵ پێکهاتەکانی تری بەرگەهەوادا دەکات و لە ئەنجامدا ئۆزۆن (ئۆزۆنى خراپ) دروستدەبێت، ئەمەش هۆکارێکە بۆ دروستبوونی تەمومژ کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی بینین ومەترسى ژینگەیى و تەندروستى بەدواى خۆیدا دەهێنێت. 

هۆکارەکانی دروستبوونی ترش باران
هۆکاری دروستبوونی ترشە باران زۆرن، لەوانە: هۆکارى سروشتى وەکو گڕکانەکان و سوتاندنى دارستانەکان بەشێوەى سروشتى بێت، یا هۆکارە مرۆییەکان وەکو پاڵاوگە نەوتییەکان و ململانییە سەربازییەکان کە لە ئەنجامیدا تەقەمەنى و بۆمب بەکاردەهێنرێ، و وێستگەکانى بەرهەمهێنانى وزەى کارەبا، هەروەها ئامرازەکانى گواستنەوە وەک ئۆتۆمبیل و شەمەندەفەر و فڕۆکە کە هۆکارى ترن بۆ دەرپەڕاندنى گازە گەرمخانەییەکان بەتایبەتى ترشی گۆگرد ونیتریک.
 کاریگەرییەکانى ترشە باران
وەک لە پێشەکیدا ئاماژەى پێکرا، بارانبارینی ئاسایی تاڕادەیە مەیلەو ترشە، بەڵام کێشەکە کاتێک سەرهەڵدەدات کە باران لە ڕادەبەدەر ترشتر بێت بەهۆی دەستێوەردانی نابەرپرسانەی مرۆڤەوە. بەهۆى ترشە بارانەوە هەندێ لە میتاڵە قورسە ژەهراویی و مەترسیدارەکان وەک ئەلەمنیۆم و جیوە و مس لە ئاودا چالاکتردەبن و دەبنە هۆی لەناوچوونى ماسی و زیندەوەرانى تر، و لەئەنجامدا زنجیرە خۆراکیى ئیکۆسیستەمى ئاوى تێکدەچێت. و مەترسی لەناوچوونى زۆرێک لە وردە زیندەوەران دروست دەبێت، و ئەگەرى تێکچوونی تەواوی ئیکۆسیستەمی ئاوى بەهێزتر دەکات.

و ترشە باران کاریگەری لەسەر خاک و ڕووەک و دارستان زۆرە. بۆ نموونە لە ئەنجامى دابەزینى (pH)ـى خاک، توخمە سەرەکییەکانى خاک دەتوێنێتەوە، وەکو مەگنیسیۆم و کالیسیۆم و پۆتاسیۆم و دواتر بەگشتى لە خاکدا کەم دەبنەوە. ئەمەش هاوسەنگی سروشتی لە خاکدا تێکدەدات، چونکە لە بەرامبردا هەندێ لە میتاڵە قورسەکان کە بە دەنکۆڵەکانى خاکەوە لکێنراون، دەگۆڕێ بۆ فۆڕمی تواوە (چالاک) بە تایبەتی ئەلەمنیۆم (Al)، کە دەگاتە ئاستێکى ژەهراوی بەرز و ڕێگری دەکات لە گەشەی ڕەگ و ڕێگری دەکات لە هەڵمژینی ئاو و ماددە خۆراکیەکان لە خاکەوە. هەروەها بەرزبوونەوەى ترشی خاک هۆکارە بۆ کەمکردنەوەی چالاکیی بەکتریا و وردە زیندەوەرە سوودبەخشەکان (بەهۆى تێکدان ولەناوبردنى ئینزیمەکانیان) کە کار لەسەر شیبوونەوەى ماددە ئۆرگانییەکان دەکەن، بەمەش بەپیتی خاک کەم دەبێتەوە. و کاریگەرى ئەم پرۆسەیە بەپێی پێکهاتەی کیمیایی خاکەکە دەگۆڕێت، بۆ نموونە ئەو خاکانەى کە ڕێژەى کاربۆناتی کالیسیۆم تێیاندا کەمە، زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە. بەپێچەوانەوە، ئەو جۆرە خاکانەى کە ڕێژەى کاربۆناتی کالیسیۆم تێیاندا بەرزە، کاریگەرى ترشە باران لەسەرى زۆر کەم دەبێت. و خۆشبەختانە خاکى عیراق بەگشتى و هەرێمى کوردستان بەتایبەتى دەوڵەمەندە بە کاربۆناتى کالسیۆم. و کەڵەکەبوونی کانزا قورسەکان (وەک ئەلەمنیۆم) لە خاکدا کە بەهۆی بارانی ترشەوە چالاک دەبێت، و دزەدەکاتە ژێر خاکەوە بۆ چینەکانى خوارتر و دواتر تێکەڵ بە ئاوی ژێر زەوی دەبێت و دەبێتە هۆى پیسبوونى.

ترشە باران دەبێتە هۆى سوتاندنى گەڵاى دار و ڕوەکەکان و دواتر پەخستنى کردارى ڕۆشنەپێکهاتن و لە ئەنجامدا دیمەنێکى نامۆ بە دار و دارستانەکان دەبەخشێ، و دارەکان زیاتر دووچارى نەخۆشی و مێروو دەبنەوە و تواناى بەرگریان لە نەخۆشى و بارودۆخى سەختى کەشوهەوا نامێنێت و ڕەنگە دواتر زۆرێکیان لەناوبچن.   

هەروەها ترشە باران کەرەستەی بیناسازی و شوێنەوارەکان و پەیکەرەکانیش دووچارى شیبوونەوە و وەرین و داخوراندن دەکات. هەروەها بۆیاخى باڵەخانەکان کاڵتر دەکات کە سیمایەکى ناشیرین دەبەخشێ پێیان. چونکە ترشەکان (سولفوریک و نیتریک) کارلێک لەگەڵ بۆیاخ و کەرەستەی بیناسازی دەکەن و پێکهاتەکان لاواز دەکەن و تێکچوونیان خێراتر دەکەن. و لەلایەکى ترەوە، ترشە باران دەبێتە هۆی ژەنگاوبوونی پرد و بۆری ئاو و تەنانەت پلێتى ئۆتۆمبێل و شەمەندەفەر و فڕۆکە و تانکییەکانى ئاوى خواردنەوە، و دەرئەنجامەکانی ئەم زیانانە تێچووی زۆری هەیە، چونکە کەرەستە زیانلێکەوتووەکان پێویستیان بە چاککردنەوە یان گۆڕینی دەبێت.

و ترشە باران کاریگەری وێرانکەری لەسەر گیانلەبەرە کێوییەکان هەیە بە لەناوبردنی شوێنی حەوانەوەیان وەکو دارستانەکان و پیسکردنی سەرچاوەکانى خۆراکیان بە کانزا و میتاڵە قورس و ژەهراوییەکان وەک ئەلەمنیۆم. ترشە باران ڕێژەى کالیسیۆم لە خاکدا کەمدەکاتەوە بۆیە دەبێتە هۆی لاوازبوونى هێلکەی باڵندە و لاوازبوونی ئێسکی ئاژەڵەکان. لەلایەکى ترەوە پیسبوونی سەرچاوەکانى ئاو بە ترشە باران کاریگەرى زۆر خراپى لەسەر ژیانى ئاژەڵە کێوییەکان هەیە.

ترشە باران کاریگەری ڕاستەوخۆ و نەرێنی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە، بەهۆی هەڵمژینی تەنۆڵکە ووردەکان کە گۆگرد و نیترات هەیە لە پێکهاتەکانیاندا بەشێوەى لکێنراو، و کێشەی هەناسەدان (وەک تەنگەنەفەسی و هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە) دروست دەکات. هەروەها خواردنەوەى ئەو ئاوەى کە بەهۆى ترشە بارانەوە پیس بووە ئەگەرى هەیە ببێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشییەکانى شێرپەنجە. هەر بەپێی ڕاپۆرتە پزیشکى و ژینگەییەکان، ترشە بارانى خەست، پەیوەندی بە زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجەى خوێن و کۆئەندامى هەرس و هەناسەدانەوە هەیە. و هەندێ لەو ڕاپۆرتانە ئاماژە بەوە دەکەن کە ترشە باران هۆکارێکە بۆ تووشبوون بە هەستیارى و هەوکردنى چاو و پێست و تووشبوون بە نەخۆشى شێرپەنجەى پێست. 

و تایبەت بە عێراق و هەرێمى کوردستان، ڕەنگە ئەو گرفتە ژینگەییەى لە ئێران دروستبووە کاریگەرى ڕاستەوخۆیان لەسەرمان نەبێ، بەڵام بێ گومان کاریگەرى ناڕاستەوخۆى دەبێت بەوپێیەى هەموومان هاوبەشین لەیەک ئاسمان وبەرگەهەوادا.
 و بەکورتی ئەتوانین بڵێن کە ترشە باران هۆکارێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانى تێکچوونى هاوسەنگی لە ئیکۆسیستەم و لەناوچوونی زیندەوەران. جەنگەکان بە تەنها مرۆڤ ناکوژن، بەڵکو ئەو هەوایە دەدزن کە هەڵیدەمژین بۆ هەناسەدان، و ئەو ئاوەی دەیخۆینەوە ژەهراوی دەکەن، و ئەو خاکە پیس دەکەن کە سەرچاوەى سەرەکى نان و خۆراکەکانمانە.


نوێترین شرۆڤەکان