بۆچی ئێران پەلاماری تاوەرەکانی پەیوەندیکردن لە هەرێم دەدات؟

١٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:٤٣ پێش نیوەڕۆ

بۆچی ئێران پەلاماری تاوەرەکانی پەیوەندیکردن لە هەرێم دەدات؟

پەنجەرە

لەماوەی کەمتر لە ١٠ ڕۆژدا، زنجیرەیەک هێرشی چڕ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک، ژێرخانی پەیوەندییەکان و تاوەرەکانی مۆبایل و ئینتەرنێتی لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج.

لە نوێترین پێشهاتدا، ئەمڕۆ جارێکی تر تاوەرەکانی سەر چیای زمناکۆ لە دەربەندیخان چەند جارێک کرانە ئامانج، هاوکات پێشتریش تاوەرەکانی چیای شنروێ و بەفری میری لە هەڵەبجە، چیای کۆڕەک ڕووبەڕووی هێرشی هاوشێوە بوونەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، ئەم هێرشانە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام نازانرێت زیانە ماددییەکانیان چی بووە. لەپاڵ ئەمانەشدا پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: بۆچی تاوەرەکانی پەیوەندی دەکرێنە ئامانج؟

بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە و ڕاپۆرتە ئەمنییەکان و شیکارییەکانی چاودێرانی ململانێکان، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئەم تاوەرانە دەگەڕێتەوە بۆ چەند پاڵنەرێکی ئەمنی و سەربازیی.

پێشتر پەنجەرە ئەوەی بڵاوکردەوە کە ئێران پێیوایە هاووڵاتیانی کورد لە دیوی ئێران، لە ڕێگەی سیمکارتی عێراقییەوە شەپۆلی ئەم تاوەرانە وەردەگرن، ئەمەش یارمەتیان دەدات دەستیان بە ئینتەرنێت ڕابگات کە لە ناوخۆی ئێران لە ئێستادا بڕاوە.

هاوکات بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، تاران پێیوایە پارتە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (وەک کۆمەڵە، دیموکرات و پژاک) کە لە هەرێمی کوردستان جێگیرن، ئەم تاوەرانە بۆ هەماهەنگی و پەیوەندیکردن بە ناوخۆی ئێرانەوە بەکاردەهێنن.

نەک هەر ئەمە، بەڵکو لەگەڵ زیاتر بوونی دەنگۆی چڕبوونەوەی پۆل و هێزە چەکدارییەکانی پارتەکانی ڕۆژهەڵات لە ناوچە سنوورییەکان، ئێران وایدەبینێت ئەو هێزانە بۆ پەیوەندیی لەگەڵ یەکتر، سوود لەو هێڵە عێراقییانە دەبینن، بۆیە لەکارخستنیان دەبێتە هۆی پچڕانی پەیوەندییان.

جگە لەوەش دەکرێت هۆکارە سیخوڕییەکانیش ڕۆڵیان هەبووبێت، بەتایبەتی کە ئێران ئێستا گومان لە هەموو شتێک دەکات و ڕەنگە گومان لەوەش بکات ئەو تاوەرانە لە بواری سیخوڕییدا دژ بەو، سوودی لێببینرێت.

بەئامانجگرتنی تاوەرەکان تەنها ئامانجی سەربازیی نییە، بەڵکو هی سیاسیشی هەیە.

هێرشەکان پەیامێکی فشاری سیاسییە بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان تا چالاکییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی سنووردار بکات و لە شەڕەکەدا تێوەنەگلێت. ئەمەش لەچوارچێوەی ئەو فشارانەی دیکە کە دەیکاتە سەر هەرێم، لەنێویدا هێرشی درۆنیی و مووشەکیی لەلایەن گروپە پرۆکسییەکانییەوە لە عێراق.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو