دوورگەی خارگ؛ شادەماری ئابووریی ئێران لەژێر هەڕەشەی داگیرکاریی ئەمەریکا و ئیسرائیل
١٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:٤٨ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەنێو کێشمەکێشی شەڕی ئێراندا، ناوی دوورگەی "خارگ" بووەتە سەرباسێکی گەرم. زانیارییەکان باس لەوەدەکەن واشنتۆن و تەلئەبیب چاویان بڕیوەتە ئەم دوورگەیە، ئەمەش وەک ئامانجێکی ستراتیژیی بۆ ئیفلیجکردنی ئابووریی تاران و گۆڕینی نەخشەی هێز لە ناوچەکەدا.
خارگ چییە و بۆچی گرنگە؟
دوورگەی خارگ، دوورگەیەکی مەرجانیی بچووکە لە باکووری کەنداوی عەرەبی/ فارسی و سەر بە پارێزگای بوشەهری ئێرانە. سەرەڕای بچووکیی قەبارەکەی، بە دڵ و شادەماری ئابووریی ئێران دادەنرێت. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە نزیکەی ٨٥ بۆ ٪٩٠ـی کۆی هەناردەی نەوتی خاوی ئێران، لە ڕێگەی بەندەر و دامەزراوە زەبەلاحەکانی ئەم دوورگەیەوە تێدەپەڕێت.
خارگ توانای هەناردەکردنی نزیکەی ٧ ملیۆن بەرمیلی لە ڕۆژێکدا هەیە، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی هەناردەی وزە لە جیهاندا.
نیازی ئەمەریکا و ئیسرائیل و ئاماژەکانی لێدان
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئیدارەی ئەمەریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل، بە جددی تاوتوێی بژاردەی لەکارخستن یان کۆنتڕۆڵکردنی سەربازیی ڕاستەوخۆی دوورگەی خارگ دەکات. ئامانجەکەش ڕوونە: بڕینی شادەماری ئابووریی ئێران، بێبەشکردنی لە داهاتی نەوت بۆ پارەدارکردنی جەنگ و لەکۆتاییشدا ئیفلیجکردنی دەوڵەتەکە تا ئاستی ڕووخانی ڕژێمەکەی بەهۆی فشاری ناوخۆیی و دەرەکییەوە.
شرۆڤەکاران چەند خاڵێک وەکو ئاماژەی مەیدانیی دەبینن بۆ ئەم نیازە، لەوانە: کۆکردنەوەی گەورەترین هێزی دەریایی و سەربازیی ئەمەریکا لە دوای جەنگی عێراقەوە (٢٠٠٣) لە ناوچەکە.
هەروەها بەکارهێنانی فڕۆکە ستراتیژییەکانی وەک B-2 و B-52 بۆ لێدانی بنکە و پێگەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێران، کە هەنگاوێکی ئامادەکارییە بۆ پرۆسەی دابەزینی هێزی پیادە (ئینزال) یان وێرانکردنی تەواوەتیی ئامانجەکان، بەتایبەتی کە باس لەوە دەکرێت ئەمەریکا مانۆڕێکی سەربازیی فیرقەی ٨٢ کە تایبەتە بە دابەزاندنی ئاسمانی هەڵوەشاندووەتەوە و گومان دەکرێت ئەندامەکانی بۆ ئۆپەراسیۆنی دوورگەکە هێنرابێتنە ناوچەکە.
لەڕووی تەکنەلۆژییشەوە، ڕێژەی تەشویش خستنەسەر سیستەمی GPS لە کەنداو لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا بە ڕێژەی ٪٥٥ نەرزبووەتەوە، کە ئەمەش بە نیشانەیەک بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی گەورەی سەربازیی لە دوورگەکە لێکدەدرێتەوە.
لەبەرامبەریشدا تێبینی ئەوە کراوە ئێران پەلەیەکی زۆر لە بارکردنی نەوتەکەیدا دوکات، ئەمەش وەک ئامادەکارییەکی پێش لێدانی دوورگەکە دەخوێنرێتەوە.
ئەگەر هێرشکرا چی ڕوودەدات؟
ئەگەر ئەمەریکا و ئیسرائیل بڕیاری لێدان یان گەمارۆدان و داگیرکردنی دوورگەی خارگ بدەن، بەپێی وتەی شرۆڤەکاران، دەرئەنجامەکان کارەساتبار دەبێت.
چونکە بەهۆی وەستانی لەناکاوی هەناردەی نەوتی ئێران، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەشێوەیەکی خێرا بەرز دەبێتەوە کە ئێستا خۆی سەرووی سەد دۆلاری تێپەڕاندووە.
هاوکات پەلی چین دەگرێت بۆ ناو شەڕ و ململانێکە، چونکە لەئێستادا ٦٠ بۆ ٪٧٠ـی نەوتی هەناردەکراوی ئێران لە خارگەوە بۆ چین دەچێت. هەر هێرشێک بۆ سەر ئەم دوورگەیە، تەنها لێدانی ئێران نییە، بەڵکو وەکو د. عەلی ئەغوان- پسپۆڕی سیاسی باسی لێوەدەکات، دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی پەکینیش.
لەبەرامبەردا بەوپێیەی داگیرکردنی دوورگەکە، شادەماری ئابووری ئێران دەگرێت، بەمەش ئەو ڕژێمە سڵ نەکاتەوە لەپەنابردن بۆ هەر کاردانەوە و دەستوەشاندنێک.
بەگشتی لە ئێستادا هەنگاونان بۆ لێدانی ئەم دوورگەیە، بە واتای تێپەڕاندنی هێڵی سوور و دەستپێکی قۆناغێکی نوێی جەنگی دەستەویەخە دێت. پرسیار ئەوەیە: ئایا ئەمەریکا و ئیسرائیل ئامادەن بۆ ئەم قۆناغە؟