"میراتگرێکی نەخوازراو"؛ کاردانەوەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەبارەی دانانی موجتەبا خامنەیی
١٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:٤٩ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای هەفتەیەک لە کوژرانی عەلی خامنەیی، وەک چاوەڕوان دەکرا، موجتەبای کوڕی کرا بە جێگرەوەی. ئەم هەنگاوە، شرۆڤە و لێکدانەوەی زۆر و جیاوازی درووستکردووە، ئەگەرچی لە ئاستە فەرمییەکەدا هێشتا کاردانەوەکان زۆر ڕوون نیین.
هەڵوێستی واشنتۆن و تەلئەبیب
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێش دەستنیشانکردنەکە هەڵوێستێکی توندی نیشاندا و موجتەبا خامنەیی بە "کەسایەتییەکی لاواز" ناوبرد. ترەمپ بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: "کوڕی خامنەیی بۆ من قبوڵکراو نییە" و جەختی لەوە کردەوە کە هەر ڕابەرێکی نوێ دەبێت ڕەزامەندی واشنتۆن بەدەستبهێنێت، ئەگەرنا "زۆر بەرگە ناگرێت."
دوای دەستنیشانکردنەکەش، ترەمپ ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە "بە دڵی نییە". وتیشی: بڕیاری کۆتایی لەسەر داهاتووی ئێران بە هاوبەشی لەگەڵ نەتانیاهۆ دەدات.
تەلئەبیب لەسەر ئاستە فەرمییەکە هێشتا قسەیەکی نەکردووە، بەڵام پێش ئەم هەنگاوە یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هەر کەسێک ببێتە جێگرەوەی خامنەیی، دەبێتە "ئامانجێکی ڕوون بۆ لەناوبردن."
سوپای ئیسرائیلیش لە پەیامێکی ڕاستەوخۆدا بە زمانی فارسی هۆشداری دایە بەشداربوانی کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی ڕابەر و ڕایگەیاند: "دەستی درێژی ئیسرائیل دەگاتە هەموو کەسێک."
شیکاریی میدیا جیهانییەکان: بەرەو توندڕەوی و دەسەڵاتی سەربازیی
میدیاکانی وەک (ڕۆیتەرز، بی بی سی، گاردیان و نیویۆرک تایمز)، پەیوەست بەم گۆڕانکارییە نەوعییە، جەختیان لەسەر چەند خاڵێک کردووەتەوە.
دیارترین خاڵ، "شکاندنی بنەماکانی شۆڕشە". ئەوان دەستنیشانکردنی موجتەبا وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی دەبینن، چونکە شۆڕشی ١٩٧٩ دژی دەسەڵاتی پشتاوپشت (شاهنشایی) بوو، کەچی ئێستا سیستەمەکە بەرەو هەمان "حوکمی خێزانیی" هەنگاو دەنێت.
هەروەها باس لەوەدەکەن موجتەبا بە "پیاوی سێبەر" و نزیک لە دەزگا ئەمنییەکان دەناسرێت، هەربۆیە شیکەرەوەکان پێیانوایە ئەمە بەو مانایەیە کە سوپای پاسداران دەبێتە کاراکتەری یەکەمی دەسەڵات و بەرەی "توندڕەو" کۆنترۆڵی تەواوی جومگەکانی بڕیاردان دەکات، بەوپێیەی خۆی سەر بەو بەرەیەیە.
لەڕووە سیاسی و مەعنەوییەکەیەوە، شیکەرەوەکان هەمگاوەکە بە تەحەدای ڕۆژئاوا دەزانن، بەوەی ئەم هەڵبژاردنە پەیامێکی ڕوونە بۆ ئەمریکا کە تاران نیازی نەرمی نواندنی نییە.
هاوکات هەندێک لە میدیا ئەوروپییەکان، باسیان لە بوونی کەلێنی شەرعییەت لە دانانی موجتەبا دا کردووە، بەوەی ناوبراو نە ئەزموونی حکومڕانی هەیە و نە لە ڕووی ئایینییەوە پلەی "ئایەتوڵڵا"ـی پێویستی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی پۆستی ڕابەری باڵا.
ئاسۆیەکی ناڕوون
لەگەڵ دانانی موجتەبا خامنەیی، هێشتا هێرشەکانی سەر ئێران بەردەوامن، بەبێ ئەوەی ئاسۆیەک هەبێت لەبارەی ئەوەی دۆخەکە چۆن و بە چ شێوەیەک کۆتایی دێت.
لەکاتێکدا تاران دەیەوێت لە ڕێگەی موجتەباوە بەردەوامی بە سیستەمەکەی بدات، واشنتۆن و تەلئەبیب بەردەوامن لە هێرشەکانیان و هەوڵی ڕووخاندنی دەدەن، هەربۆیە ڕەنگە ڕۆژانی داهاتوو باشتر دەریبخات کام لایەن دەتوانێت خواستی خۆی بەسەر ئەوی دیکەدا بسەپێنێت.