چاودێرێکی سیاسی: هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی شەڕ گەورەتر و کورت مەوداتر دەکات
١٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:٥٢ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
چاودێرێکی سیاسی پێیوایە، دوای هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەئی بە رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، شەڕی نێوان ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل گەورەتر و کورتخایەنتر دەبێت.
شێرکۆ کرمانج، چاودێری سیاسی روونیکردەوە، بە هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەئی وەک جێگرەوەی خامەنەیی، ئێران بە ئەمریکا، واتە ترەمپی گوت ئەوە تۆ نیت ڕابەری ئێران دیاری دەکەیت، بەڵکو ئەوە ئێمەین ئەو کەسە دیاری دەکەین کە نەک هەر لای تۆ قەبوڵکراو نییە بەڵکو ڕەفزکراوە.
دەشڵێت: ئێران بە ئیسرائیلیشی گوت تەحەدات دەکەین و لە هەڕەشەکانی ئێوە ناترسین کە دەڵێیت ئێمە جێگرەوەی خامەنەیی دەکوژین. ئەم دوو تەحەداییە ئاگری شەڕەکە خۆش دەکەن بەڵام لەوانەیە کورتی بکەنەوە.
بەبڕوای شێرکۆ کرمانج، ئەگەر ئیسرائیل موجتەبا بکوژێت ئەوە ئێران باشتر نەک هەر لە هێزی ئیسرائیل دەگات بەڵکو لە نییەتەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا دەگات، ئەمەش ئەگەرەکانی کورتبوونەوەی شەڕەکە دێنێتە گۆڕێ.