دوو هێزی عێراقی دەچنە ئەو ناوچەیەی کە تیایدا مووشەک و درۆن ئاراستەی هەرێم دەکرێت
١٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٦:٥٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوو هێزی عێراقی بۆ بەدواداچوونی پرسی هێرشی مووشەکیی و درۆنی بۆ سەر هەرێم، سەردانی دوو ناوچە لە سنووری کەرکوک ٢ سەڵاحەدین دەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەکاتژمێر (٢:٣٠)ـی بەرەبەیان، هێزێکی دژە تیرۆری عێراقی هاتوونەتە ناوچەی ئامرلی و دوو کاتژمێر و نیو ماونەتەوە، بۆ بەدواداچوونی ئەو سکاڵایانەی هەرێم کە باس لەوەدەکەن لەم ناوچەیەوە هێرش دەکرێتە سەر هەرێم.
هەر هەمانکاتدا، هێزێکی بەرپەرچدانەوەی خێرای عێراق، بۆ هەمان مەبەست سەردانی دووزخورماتوو و دەوروبەری کردووە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بۆ پەنجەرە قسەی کرد، سەردانەکە تەنها ڕووکەشیی و نواندنە، ئەگینا حکومەتی عێراقی زۆر باش دەزانێت کێن ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر هەرێم و لە چ شوێنێکن.
لەدوای دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی سەر هەولێر و سلێمانی، حکومەتی هەرێمی کوردستان میلیشیا شیعییەکانی بە ئەنجامدانی ئەو کارە تۆمەتبار کرد و داوای لە حکومەتی عێراقی کرد کە ڕێگریان لێ بکات.