جەنگی کۆگاکان؛ "هاوکێشەی چەکی یەدەگ" براوەی شەڕەکە دیاریی دەکات

١٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:٢٤ پاش نیوەڕۆ

جەنگی کۆگاکان؛ "هاوکێشەی چەکی یەدەگ" براوەی شەڕەکە دیاریی دەکات

پەنجەرە

شارەزایانی سەربازیی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەنجام و ماوەی جەنگی ئێران لە ناو "کۆگاکانی چەک" و بەپێی "هاوکێشەیەکی سەخت" دیارییدەکرێت؛ 

هاوکێشەیەک کە تێیدا بڕی مووشەک و درۆنەکانی ئێران لە بەرانبەر توانای بەرپەرچدانەوەی ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداودا ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە. ئەمەش بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی.

ستەیسی پێتیجۆن، بەڕێوەبەری پرۆگرامی بەرگری لە "سەنتەری ئاسایشی نوێی ئەمریکی"، ئەم ململانێیەی ئێستا بە "کێبڕکێی هاویشتنی بەکۆمەڵ" ناودەبات و بە ڕۆژنامەکەی وتووە: "پرسیارەکە ئەوەیە کێ خاوەنی کۆگای قووڵترە لە چەکە سەرەکییەکاندا؟"

ئاماژە بەوەشدەدات کە نازانرێت یەدەگەکانی ئێران تا چەند قووڵن و کەی تەواو دەبن.

لەبەرامبەردا، کێلی گریکۆ، شیکەرەوەی سەربازی لە "سەنتەری ستیمسۆن"، پێیوایە ئێران بە ئەنقەست دەستڕێژەکانی بە قەبارەی مامناوەند دەهێڵێتەوە بۆ ئەوەی جەنگەکە درێژە بکێشێت.

ئەو دەڵێت: ئێرانییەکان دەیانەوێت هەڵمەتە سەربازییەکەیان بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی نەیارەکەی ماندوو بکات.

بەڵام بابەتەکە هەر هێرش نییە، بەڵکو بەرگرییشە، چونکە وەک شارەزایان ئاماژەی پێدەکەن، پاراستنی ئاسمان تێچوویەکی خەیاڵیی هەیە.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەپێی زانیارییەکان، تێچووی بەرپەرچدانەوەی هەر درۆنێک پێنج هێندەی دروستکردنی درۆنەکەیە.

تاڵ ئینبار، توێژەری باڵا لە "هاوپەیمانیی ڕاوێژکاریی بەرگریی مووشەکی"، جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەرگریی تەواوەتی بوونی نییە و دەڵێت: "شتێک نییە بەناوی بەرگریی ١٠٠٪، ئەگەر تەنیا یەک مووشەکیش لە بەرگرییەکە دەرباز بێت و شوێنێکی وەک زانکۆ یان وێستگەیەکی کارەبا بپێکێت، تێچووەکەی زۆر گران دەبێت."


کۆتاییەکە چۆن دەبێت؟

پێتیجۆن ئاماژە بە سیناریۆی کۆتایی جەنگەکە دەکات و دەڵێت: ئەگەر یەدەگی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل و ئەمریکا تەواو بێت، ناچار دەبن پەنا بۆ ڕێککەوتنی سیاسی ببەن.

دەشڵێت: لە بەرامبەریشدا، ئەگەر مووشەکەکانی ئێران تەواو بن، تاران هیچ بژاردەیەکی تری نامێنێت جگە لەوەی "داوای ئاشتی بکات" تەنیا بۆ ئەوەی وەک قەوارەیەک لەناو نەچێت و لە داهاتوودا دووبارە خۆی بنیاد بنێتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو