"هێرشیان دەکردە سەر هەرێم ئەمڕۆش هێرش کرایە سەر خۆیان"؛ کەتائیبی ئیمام عەلی کێن؟

١٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:٢٧ پاش نیوەڕۆ

"هێرشیان دەکردە سەر هەرێم ئەمڕۆش هێرش کرایە سەر خۆیان"؛ کەتائیبی ئیمام عەلی کێن؟

پەنجەرە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر بارەگاکانی گروپی "کەتائیبی ئیمام عەلی" لە دووبزـی کەرکوک، بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، ٥ چەکدار کوژران و ١٢ـی دیکە برینداربوون.

ئەم لێدانە توندە دوابەدوای ئەو شەپۆلە چڕەی هێرشە درۆنی و مووشەکییانە دێت کە لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا کرانە سەر هەرێمی کوردستان.


کەتائیبی ئیمام عەلی کێن و کاریان چییە؟

ئەم گرووپە باڵی سەربازیی "مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق"ـە و لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە. لە چوارچێوەی دەستەی حەشدی شەعبیدا بە "لیوای ٤٠" دەناسرێن.

گرووپەکە لەلایەن (شەبل زەیدی)ـیەوە سەرپەرشتی دەکرێت و پێشتریش کەسایەتییەکی وەک "ئەبو عەزرائیل" ناوبانگێکی زۆری بۆ پەیدا کردن.

لە ڕووی ئایدیۆلۆژی و سەربازییەوە نزیکایەتییەکی زۆری لەگەڵ فەیلەقی قودسی ئێرانی و حـ..ـیــ.ـزبـ..ـوڵای لوبنانی هەیە، بەڵام جیاواز لە گروپەکانی تر، زیاتر گرنگی بە قۆرخکاریی ئابووری و بازرگانی دەدات.


ڕۆڵیان لە هێرشەکانی سەر هەرێم

لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا، هەرێمی کوردستان (بەتایبەت فڕۆکەخانەی هەولێر، سەربازگەی هەریر و چەند ناوچەیەکی سلێمانی) ڕووبەڕووی زنجیرەیەک پەلاماری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەوە.

کەتائیبی ئیمام عەلی وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ڕۆڵی سەرەکی و مەیدانی هەبووە لە ئاراستەکردن و هەڵدانی ئەو پۆلە درۆنانە.

هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ و کوژرانی ئەو ٤ چەکدارەیان، وەڵامێکی ڕاستەوخۆ و پەرچەکردارێکی هێزەکانی ئەمریکایە بۆ سەرکوتکردنی ئەو سەرچاوە و سەکۆیانەی کە درۆنەکانیان لێوە ئاراستەی هەرێم و بنکەکانی ئەمریکا دەکرێت.


تۆمەت و پێشێلکارییەکانیان

ئەم میلیشیایە خاوەنی مەلەفێکی قورسی پێشێلکارییە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، بەوهۆیەشەوە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سەرکردەکەیان (شەبل زەیدی) و گرووپەکەش خراونەتە لیستی تیرۆرەوە.

جگە لە تێوەگلانیان لە تیرۆر، گروپەکە تۆمەتبارە بە قاچاخیکردنی نەوت و سپیکردنەوەی پارە و پارەوەرگرتن و دەستگرتن بەسەر زەوی و پرۆژەی وەبەرهێنان.

هاوکات گرووپەکە بە ئەنجامدانی پێشێلکاریی تائیفی و تاوانی جەنگیش لە تۆمەتبار دەکرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو