بۆچی میلیشیا شیعەکان سلێمانی و هەولێر بە ئامانج دەگرن؟
١١ ئازار ٢٠٢٦ - ٦:١٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان ئەمەریکا و ئێران، هەولێر و سلێمانی کەوتوونەتە بەر هێرشی چڕی میلیشیا شیعەکان، لەکاتێکدا بەرپرسانی هەرێم دەڵێن بەشێک نین لەشەڕەکە.
شوان محەمەد، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: بەشێک لەو میلیشیا شیعانە رقیان لە هەرێمی کوردستانە، بۆیە بەدوای هەلدا دەگەڕێن بۆ هێرشکردنە سەرهەرێم.
بەڕای بەشێک لە بەرپرسان، میلیشیا شیعەکان لەشەڕی ١٢ رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا بێ ڕۆڵ بوون و لەلایەن ئێرانەوە گلەییان لێکرا، بۆیە ئەمجارە دەیانەوێت قەرەبووی نیگەرانییەکانی ئێران بکەنەوە و لەرێگەی بۆردومانی هەرێمەوە ئینتیمایان بۆ ئێران دووپات بکەنەوە.
شوان محەمەد وتی: میلیشیاکان بۆیە بۆردومانی هەرێم دەکەن دەیانەوێت لە دۆخەکە دانەبڕێن و بەشێک بن لە هاوکێشەکان.
ئەو درۆن و موشەکانەی ئاراستەی هەرێم دەکرێن، بەشی زۆریان لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە ئاراستەی هەرێم دەکرێن، بەڵام بەشێکیشیان لەلایەن ئێرانەوە دەهاوێژرێن.
ئەو موشەکانەی لەئێرانەوە ئاراستەی هەرێم دەکرێن زیاتر بۆ بەئامانج گرتنی حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتن، ئەمەش لەکاتێکدایە درۆنی میلیشیاکان ئاراستەی بارەگاکانی پێشمەرگەش دەکرێن.