جەنگی بێدەنگ لە هورمز؛ بۆچی ئەمەریکا لە مینە دەریاییەکان تۆقیوە؟

١١ ئازار ٢٠٢٦ - ٦:١٦ پاش نیوەڕۆ

جەنگی بێدەنگ لە هورمز؛ بۆچی ئەمەریکا لە مینە دەریاییەکان تۆقیوە؟

پەنجەرە

لە کاتێکدا جیهان چاوی لەسەر موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانە، چەکێکی دیکەی مەترسیدار لە قووڵایی ئاوەکاندا خەریکە هاوسەنگیی هێز دەگۆڕێت. مینی دەریایی کە بە "بکوژی بێدەنگ" ناسراوە، ئێستا بووەتە سەری ڕمی ئەو گرژییانەی کە لە گەرووی هورمزدا دەگوزەرێن.


مینە دەریاییەکان؛ چەکە مەترسیدارەکە

مینی دەریایی تەنها تەقەمەنییەکی سادە نییە، بەڵکو چەکێکی ستراتیژییە. ئەم چەکانە لە ژێر ئاودا دەچێنرێن و بە تەنیا چاوەڕێی نێچیرەکانیان دەکەن. دوو جۆری سەرەکییان هەیە:

مینی بەریەککەوتن: کە کلاسیکیترین جۆرە و بە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ دەتەقێتەوە.

مینی زیرەک (کاریگەر): ئەم جۆرەیان مەترسیدارترینە، چونکە پێویستی بە بەرکەوتن نییە؛ تەنها لە ڕێگەی هەستکردن بە دەنگی بزوێنەر، گۆڕانی پەستانی ئاو، یان بواری موگناتیسیی کەشتییەکە، وەک گڕکانێک لە ژێر ئاوەوە دەتەقێتەوە و دەتوانێت گەورەترین کەشتی جەنگی وێران بکات.


تاران؛ مامۆستای جەنگی مینی دەریا

ئەوەی بەختی ئەمەریکای لەم شەڕەدا خراپ کردووە، ئەوەیە کە ئێران مامۆستایە لەم جۆرە چەک و شەڕەدا. 

مێژووی تاران لەم بوارەدا پڕە لە ڕووداو؛ لە "جەنگی تانکەرەکان" لە هەشتاکاندا کە کەشتییگەلی ئەمریکی کردە ئامانج، تا تۆمەتەکانی ساڵی ٢٠١٩ بۆ بەکارهێنانی مینی لکێنەر دژی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان.

لە پێشهاتێکی نوێشدا و پەیوەست بە شەڕی ئێستایان، ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تاران دەستی کردووە بە مینڕێژکردنی گەرووی هورمز. باس لە چاندنی ژمارەیەک مینی کاریگەر دەکرێت، بەڵام سوپای ئەمریکا بە خێرایی هاتە سەر هێڵ و ڕایگەیاند کە ١٦ بەلەمی ئێرانی تێکشکاندووە کە ئەرکیان چاندنی ئەو مینانە بووە.


بۆچی ئەمریکا و جیهان لەم چەکە دەترسن؟

هۆکاری ترس و تۆقینی واشنتۆن لە مینی دەریایی، تەنها سەربازی نییە، بەڵکو ئابوورییشە.

بەوپێیەی ٢٠٪ـی نەوتی جیهان بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبێت، هەربۆیە بوونی مین لەم ناوچەیەدا، تێچووی دڵنیایی کەشتییەکان بە ڕادەیەکی زۆر بەرز دەکاتەوە و نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا دەباتە ئاستێکی خەیاڵی.

هاوکات ئەم مینانە لە ئاوەکەدا دەمێننەوە و پاککردنەوەی مین لە ئاودا پڕۆسەیەکی زۆر خاو و پڕ مەترسییە. تەنانەت ئەگەر جەنگیش ڕابگیرێت، مینە ونبووەکان بۆ چەندین ساڵ دەبنە هەڕەشە بۆ سەر کەشتییە مەدەنییەکان.

لەگەڵ ئەوەشدا بەراورد بە درۆن و مووشەک، مینی دەریایی چەکێکی هەرزانە کە دەتوانێت کەشتییەکی جەنگیی چەند ملیار دۆلاریی ئەمریکی پەک بخات یان نقومی بکات، ئەمەش هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی ئێران دەگۆڕێت.

هەربۆیە ئەمەریکا هەر زوو لەسەر ئەم
مەترسییە هاتە دەنگ و ڕایگەیاند هەر هەوڵێک بۆ داخستنی گەرووی هورمز یان مینڕێژکردنی، وەک ڕاگەیاندنی جەنگی جیهانیی ئابووری دەبینرێت و وەڵامە سەربازییەکەش توند دەبێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو