"POS" چارەسەرێکی سێ پیتیی بۆ قەیرانی "هەژماری من"
١١ ئازار ٢٠٢٦ - ٦:١٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەبری ئەوەی هاتنی مووچە ببێتە مایەی دڵخۆشکردنی مووچەخۆران، ئێستا بەپێچەوانەوە بووەتە مایەی نیگەرانییان. ئەوان هەر کە مووچە هات، دەبێت بچنە ڕیزێکی دوور و درێژەوە لەبەردەم ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM).
خاڵییکردنەوەی بە بانکیی کردن لە ناوەڕۆکەکەی
حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی بەبانکییکردنی مووچەی مووچەخۆران کە بە "هەژماری من" ناسراوە، بە دەستکەوت و هەنگاوێکی گرنگ دەبینێت.
وەک لە ماڵپەڕی پرۆژەکەدا هاتووە: "ئامانجی ئەم پڕۆژەیە باشترکردنی ئەزموونی وەرگرتنی مووچەکەتە بە جۆرێک کە سوودمەندان پێویست ناکات سەردانی بانکە گشتیەکان بکەن بۆ وەرگرتنی مۆچەکانیان مۆچەکەت ٢٤ کاتژمێر بەردەستە لە هەرئامێرێکی ئەی تی ئێم."
بەڵام لەڕاستیدا "هەژماری من" پرۆسەی بەبانکییکردنی بەتاڵ کردووەتەوە لە ئامانج و ناوەڕۆکەکەی.
ئامانجی بە بانکییکردن بۆ ئەوەیە پارەی کاش دەستاودەست نەکات و لەبری ئەوە ئاڵوگۆڕەکان بە کارتی بانکی بکرێن. کەچی لەم پڕۆژەیەدا ئامانجەکە تەنها ئەوەیە مووچەکەتی پێ وەربگریت.
ئەمەش هاوکات بریتییە لە درووستکردنی سەرئێشەی زیاتر بۆ مووچەخۆر، چونکە ئەگەر جاران مووچەکەی بە چەند خولەکێک لە فەرمانگەکەی وەربگرتایە، ئێستا دەبێت بە چەند سەعاتێک لە شوێنێکی دەرەوەی فەرمانگەکەی وەریبگرێت، کە ئەمەش کات و تواناشی بەهەدەر دەدات.
ئامێرێک دەتوانێت چارەسەر بێت
بەوپێیەی بەبانکییکردن پرۆسەیەکی مۆدێرنە و هیچ وڵاتێکی پێشکەوتوو نەماوە کە بەمشێوە تەقلیدییە پارە بە کاشیی بەکاربێنێت، هەربۆیە دەکرێت حکومەت هەندێک ڕێکار بگرێتەبەر کە چارەسەری ئەم "فەوزایەی" بەبانکییکردن بکات. دیارترین ئەو هەنگاوانەش، دابینکردنی ئامێری (POS)ـە.
ئەم ئامێرە کە بەقەد لەپی دەستە، دەتوانرێت لە هەموو فرۆشگا و مۆڵ و دووکان و بانزینخانەکاندا جێگیر بکرێت، هاوڵاتی چیتر پێویست نەکات بۆ کڕینی شتومەک و پێداویستی، پشت بە پارەی کاش ببەستێت، بەڵکو لەڕێگەی کارتی بانکی و ئەو ئامێرانەوە، پارەکەی بدات.
هاوکات حکومەت دەتوانێت بۆ مامەڵەکانی خۆیشی بە هەمانشێوە پشت بەم ئامێرە ببەستێت و بۆ هاندانیش دەتوانێت داشکاندنێک لە نرخی باج و رەسمی مامەڵەکاندا بکات گەر بەشێوەی کارت پارەکەیان بدرێت، ئەمەش هاندەر دەبێت بۆ برەودان بە بەکارهێنانی زیاتری کارتی بانکی لە بری پارەی کاش.
لە١٠ـی ئەم مانگەدا، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند زیاتر لە 720 هەزار مووچەخۆری مەدەنی، خانەنشین، پێشمەرگە و ئاسایش و خانەوادەی شەهیدان مووچەی مانگی دوو بەشێوەی دیجیتاڵی لە ڕێگەی پڕۆژەی هەژماری من وەردەگرن.
ئەمەش لەکاتێکدایە لەئێستادا پرۆژەی "هەژماری من" بەبێ گرتنەبەری هەنگاوی کردەیی و لەنێویاندا دابینکردنی ئەو ئامێرانە، بەپێچەوانەی درشمەکەیەوە کە ئاسانکارییە، تەنها دەبێتە بارگرانییەکی تر بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە خۆیان لە بنەڕەتەوە بارگرانن!