درۆن مەترسی لەسەر کێڵگەی نەوتی گەرمیان درووستدەکات
١٢ ئازار ٢٠٢٦ - ٣:٥٣ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەهۆی مەترسی هاتنی درۆن، بەشێک لە کارەکانی کێڵگەی نەوتی گەرمیان "حەسیرە" پەکیکەوتوە، مەترسی هەیە زیان بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی کێڵگەکەش بگات.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، جگە لەوەی دوێنێ درۆن لەسەر ئاسمانی کێڵگەکەدا بەدییکراوە، پێشتر و بەر لە درووستبوونی شەڕی ئێران، چەند جارێکی تر درۆن بە ئاسمانی کێڵگەکەدا سووڕاوەتەوە.
هەربەپێی زانیارییەکان، بەوهۆیەوە بەرپرسانی کۆمپانیای گازپرۆم کە سەرکارن لە کێڵگەکەدا، بەشێکیان کێڵگەکەیان جێهێشتووە و بە ئۆنلاین کارەکانیان دەکەن.
ئەم کارکردنە ئۆنلاینە زیانی بە کارکردن لە کێڵگەکە و بەتایبەتی بیری گوندی ملە سوورە گەیاندووە و بەوهۆیەوە کۆمپانیاکە سەرقاڵی چارەسەرکردنین. ئەم بیرە سێیەکی بەرهەمی کۆی کێڵگەکە پێکدەهێنێت کە پێشتر ٣٠ بۆ ٣٥ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بوو.
هەروەک مەترسی هەیە کە ئەم دۆخە زیانی بە بەرهەمهێنانی کێڵگەکە گەیاندبێت.
کێڵگەی نەوتی گەرمیان کە لەناو هاوڵاتییاندا بە حەسیرە ناسراوە بەناوی ئەو گوندەی کە بیری سەرەکی کێڵگەکەی تێدا لێدراوە، سەر بە ناحییەی سەرقەڵای قەزای کفرییە. تاکە کێڵگەی نەوتیی سنووری گەرمیان و بە بەرهەمترین کێڵگەی نەوتیی "زۆنی سەوز"ـە.