موشەک و درۆن بە ئاسمانی کوردستانەوە؛ پریشکی ئاگری شەڕ لەسەر خاکی هەرێم زیاتر پەرە دەسێنێت
١٢ ئازار ٢٠٢٦ - ٣:٥٦ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەمشەو بە ١٧ درۆن هێرشکراوەتە سەر شاری هەولێر و بەشی زۆری درۆنەکان تێکشکێنراون، لەکاتێکدا فەرماندەیی یەکێتی نیشتیمانیش لە شاری سلێمانی لەرێگەی درۆنەوە بەئامانج گیرا.
بەشێکی موشەک و درۆنەکان لەناو خاکی ئێرانەوە و بەشی هەرە زۆریشیان لەناو خاکی عێراقەوە و لەلایەن میلیشیاکانەوە ئاراستەی هەولێر و سلێمانی دەکرێن،ئەمەش بەبیانووی ئەوەی زیان بە بەرژوەندییەکانی ئەمەریکا لە هەرێم دەگەیەنرێت.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، گەورەترین گرفتی بەرپرسانی هەرێم بۆ گفتووگۆ و دانوستان بۆ راگرتنی هێرشە درۆنیەکانی ئێران ئەوەیە، ئێران لە دۆخی شەڕدایە و ناوچەکان لەلایەن فەرماندە سەربازییەکانەوە دەسەڵاتی سەربەخۆیان پێدراوە، بۆیە هەر ناوچەیەکیان بوێت دەیکەن بە ئامانج.
بەمپێیە بەشێک لەو هێرشانە بەسەربەخۆیانە لەلایەن فەرماندەکانی پاسدارانەوە و بەشێکیشیان بە پلانی سوپا ئەنجام دەدرێن، لەکاتێکدا گەورەترین گرفت ئەوەیە ناوچە سەربازییەکانی ئێران دەسەڵاتیان پێدراوە و هەر ناوچەیەکیان بوێت موشەک بارانی دەکەن.
زانیارییەکانی پەنجەرە ئاماژە بەوەدەکەن، ئەو درۆنانەی میلیشیا شیعەکان ئاراستەی هەولێر و سلێمانی دەکەن، بەشێکی بۆ پیشاندانی پاڵپشتییە بۆ ئێران و بەشەکەی تریشی پەیوەندیی بە ناکۆکییەکانی رابردووەوە هەیە.
لەکاتێکدا هەولێر و سلێمانی لەلایەن ئێران و میلیشیا شیعەکانەوە بە ئامانج دەگیرێن، بەڵام ناو بە ناو دەنگی تەقینەوەی بەهێز دانیشتوانی کەرکوک بە ئاگا دەهێنێت.
دەنگی تەقینەوەکانی کەرکوک پەیوەندی بە بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە هەیە و بەشێک لەو گروپە شیعانە دەکرێنە ئامانج، کە تۆمەتبارن بە هێرشکردنە سەر هەرێم.
بەمپێیە میلیشیا شیعەکان و ئێران لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە دەکرێنە ئامانج، بەڵام ئەوان گورز وەشاندن لەهەرێمی کوردستان کە بێلایەنی راگەیاندووە، وەکو تۆڵە لێکدەدەنەوە.