ئۆتۆمبێلی غاز؛ بژاردەیەکی هەرزان یان بۆمبێکی تەوقیتکراو؟

١٣ ئازار ٢٠٢٦ - ٣:٢٠ پێش نیوەڕۆ

ئۆتۆمبێلی غاز؛ بژاردەیەکی هەرزان یان بۆمبێکی تەوقیتکراو؟

پەنجەرە

ئەمڕۆ لە هەولێر ئۆتۆمبیلێک کە بە غاز "گازی شل" کاردەکات، ئاگریگرت و تەقییەوە، ئەمەش دووبارە پرسی ئەوەی هێنایەوە ناوان کە ئایا ئۆتۆمبیلێک کە بە غاز کاربکات گونجاو و سەلامەتە یان نا؟

پێش ئەوە باس لە هۆکاری تەقینەوە و گڕگرتنی ئۆتۆمبیلە غازەکان بکەین، با باس لەوە بکەین کە ئایا ئەمجۆرە ئۆتۆمبیلانە لە جیهاندا تاچەند بڵاون؟

لە وڵاتاندا ملیۆنان ئۆتۆمبێل بە غاز کاردەکەن بەبێ کێشە. بەپێی ئامارێکی هاوپەیمانی ئۆتۆمبیلە غازەکانی جیهان، سەرووی ٢٧ ملیۆن ئۆتۆمبیلی غاز لە جیهاندا هەیە، بە زۆریش لە ئەوروپا و کۆریا و تورکیادا. ئەمانە یان بە تەواوی بە غاز کاردەکەن، یان غاز و بەنزین پێکەوە.

پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئەم تەقینەوە و ئاگرگرتنە هەر لە عێراق و هەرێمدا هەیە یان لە جیهانیش.

بەگشتی و بەپێی داتا بەردەستەکان، تەقینەوەی ئۆتۆمبیلی غاز لە جیهاندا زۆر کەم و سنووردارە، هۆکارەکەیشی دوو خاڵی سەرەکییە.

یەکەم ئەوەیە کە سیستەمەکە ئۆرجیناڵە، واتا لەبنەڕەتەوە درووستکراون و حسابی هەموو وردەکارییەکیان تێدا کراوە. هاوکات  سیستەمی پاراستن و هەستەوەر (حاسە)ـی زیرەکیان تێدایە کە لەکاتی بوونی کێشەی دزەکردنی غاز و مەترسیدا شۆفێر ئاگادار دەکەنەوە و تەنانەت لە کاتی ڕووداوی هاتوچۆدا پاڵنانی غاز بەشێوەی ئۆتۆماتیکی ڕادەگرن.

خاڵی دووەمیش ئەوەیە کە پشکنینی ساڵانەی زۆر توند بۆ تانکی و بۆرییەکان دەکرێت و هەموو شۆفێرێک ناچار دەکرێت بەم پشکنینە و ئەو شوێنانەشی پشکنینەکە دەکەن دەبێت زۆر پرۆفیشناڵ و ورد و شارەزا و خاوەن ڕێگەپێدان بن.


بۆچی ئۆتۆمبێلەکان دەتەقنەوە؟

ئێستا دێینە سەر ئەو پرسیارەی کە بۆچی لە عێراق و هەرێمی کوردستان حاڵەتی تەقینەوە و گڕگرتنی ئۆتۆمبیلی غاز بەرچاون؟

لەڕاستیدا بەرچاوییەکە ئەوەیە کە ئەوانە بە ژمارە ئۆتۆمبیلێکی کەمن، ئەگینا ساڵانە ژمارەی ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە بە بەنزین کاردەکەن و ئاگردەگرن، ئەگەر بەقەدەر ئۆتۆمبیلە غازەکان نەبن، ئەوا کەمتر نین.

بەڵام بەگشتی شارەزایان، چەند هۆکارێک دیاریی دەکەن بۆ بەربڵاوی حاڵەتەکانی گڕگرتنی ئۆتۆمبیلی غاز لە عێراق
سەرەکییترین خاڵ ئەوەیە ئەم ئۆتۆمبیلانە گۆڕاون (محەوەر) نەک ئۆرجیناڵ. واتا خۆیان ئۆتۆمبیلی بانزینن و سیستەمی غازیان بۆ زیاد دەکرێت.

کێشەکە لەمبارەیەوە ئەوەیە کە زۆربەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی تووشی تەقینەوە دەبن، لە وەرشە لاوەکییەکان و بێ چاودێری ئەندازیاریی سیستەمەکەیان بۆ بەستراوە. ئەمەش وادەکات مەترسی گڕگرتنیان زۆر بێت.

یەکێکی تر لە کێشەکان، بەکارهێنانی پارچەی کوالێتی نزم و "تیجاری" و هەرزانە، کەوادەکات پارچەکان سفت و باش نەبن و نەتوانن بەرگەی پێویست بگرن.

کێشەیەکی تری ئۆتۆمبیلەکان، تەنکییەکانیانە، چونکە هەم زۆرجار تەنکی کوالێتی خراپ "عادی" بەکاردێنن، هەمیش پڕی دەکەن لە غاز. لەکاتێکدا دەبێت تەنکییەکە هەم پلێت و کوالێتی بەرز و گونجاو بێت، هەمیش تەنها ٨٠٪ـی پڕبکرێت، بۆ ئەوەی ئەو ٢٠٪ـە بمێنێتەوە بۆ کشانی غازەکە بەتایبەتی لە هاویندا.

بەڵام زیاتر لە تەنکی، زۆرتری کێشەی تەیقنەوەکان لە دزەکردنی غاز (لیککردن) دایە. چونکە زۆرجار تەقینەوەکە لە تانکییەکەوە نییە، بەڵکو بەهۆی درزبردنی بۆرییەکان یان شلبوونی بەستەرەکانە. بەمهۆیەوە غازی دزەکردوو کە زۆر خێرایە بۆ گڕگرتن، کاتێک بچووکترین پریشکی کارەبا یان ئاگری لێ نزیک دەبێتەوە، کارەسات دەخوڵقێنێت.


چی بکرێت؟

غاز لەچاو سوتەمەنییەکانی تردا بۆ ژینگە باشترە و کەمتر پیسی دەکات، هاوکات لە وڵاتی خۆمان بە ڕێژەیەکی باش بەردەستە و چاوەڕێ دەکرێت بڕەکەیشی زیاتر ببێت، هەربۆیە بژاردەیەکی ئابورییانەیە بۆ بەکارهێنانی لە ئۆتۆمبیل دا.

بەڵام دەبێت ئەم بوارە لەو عشوایەتە دەربکرێت کە هەیە، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە حکومەت بەپشتبەستن بە لیژنەی تایبەتمەندی شارەزا، مۆڵەت بەو شوێنانە بدەن کە کاری تەحویرکردن ئەنجام دەدەن. هاوکات جەخت لە بەکارهێنانی تەنکی و پارچە و هەستەوەری کواڵیتی بەرز بکرێتەوە لە گۆڕینی سیستەمەکەدا.

ئەمە سەرباری ئەوەی بکرێتە مەرج کە ساڵانە پشکنینی سەلامەتی بۆ ئۆتۆمبیلەکان ئەنجام بدرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە نەبوونی هیچ کێشەیەک.

هاوکات وێستگەکانی سووتەمەنی ناچاربکرێن کە تەنها تا ٨٠٪ـی تانکییەکان غاز بکرێتە ناوی.

لەکۆتاییدا گرنگە بوترێت کە غاز بکوژ نییە، بەڵکو "تەحویری عشوایی" و چاوپۆشی لە مەرجەکانی سەلامەتی، بکوژن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو