ئیتالیا راوێژکارە سەربازییەکانی لە هەرێم دەکێشێتەوە
١٣ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:٣٩ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئیتالیا ژمارەی راوێژکارە سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستان کەمکردەوە، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران و بەئامانجی بەدوور گرتنیان لە هێرشی سەربازیی.
بەپێی ماڵپەڕی وەزارەتی بەرگری ئیتالیا، ٣٠٠ راوێژکاریان لەهەرێمی کوردستان هەبووە و ئەرکیان مەشقکردن بووە بەهێزە سەربازییەکانی هەرێم، بەڵام بەهۆی بوونی مەترسی ژمارەی راوێژکارەکانیان کەمکردووەتەوە.
جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، رایگەیاند:لە شەوێکدا هێرشکرایە سەر بنکەیەکی سەربازی ئیتالیا لە کوردستانی عێراق و هێرشەکە هیچ بریندارێکی لێنەکەوتەوە، پێدەچێت ئەمە پەیوەندی بە ململانێی ئێرانەوە هەبێت.
میلۆنی وتی: هاوسۆزی خۆم بۆ سەربازەکانمان دەردەبڕم کە لە هێرشەکەدا هیچ زیانێکیان پێنەگەیشتووە. ئیتاڵیا شانازی بە بوێری و پیشەیی بوونیانەوە دەکات، کە ڕۆژانە لە کارەکانیان بۆ ئاشتی و ئاسایش لە چەندین ناوچەی قەیراناویی جیهاندا کار دەکەن.
ماڵپەڕی وەزارەتی بەرگری ئیتالیا ئاماژە بەوە دەکات، کە ئیتالیا نزیکەی ٣٠٠ سەربازی لە هەولێر جێگیرکراون و مەشق و ڕاهێنان بە هێزە ئەمنییەکانی کورد دەکەن، بەهۆی زیادبوونی ئاڵۆزییەکان ژمارەیان کەمکراوەتەوە.
ئەو بنکەیەی راوێژکارە ئیتالییەکانی لە سنوری هەولێر تێدا بووە لەرێگەی موشەک یاخود درۆنەوە هێرشیکراوەتە سەر، ئەمەش هۆکارە بۆ کەمکردنەوە و کشانەوەی بەشێک لە راوێژکارەکان.