ڕۆیتەرز: حزبەکانی ڕۆژهەڵات داوای چەکیان کردووە و ئەمریکاش گومانی لە توانای سەربازییان هەیە
١٣ ئازار ٢٠٢٦ - ٣:٣٧ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوای چەک و ئامرازی سەربازییان کردووە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆن دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵام هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو گرووپانە توانای سەربازیی پێویستیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی درێژخایەن نییە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆیتەرز، بەرپرسانی حزبە کوردییەکانی ئێران، لەگەڵ واشنتۆن تاوتوێی ئەگەرەکانی هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکانی ئێرانیان لە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە کردووە، بەو ئومێدەی فشار بخەنە سەر تاران و زەمینە بۆ ڕاپەڕینی ناوخۆیی خۆش بکەن.
عەبدوڵا موهتەدی، سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و ئەندامی هاوپەیمانیی شەش حزبی کوردی، لە چاوپێکەوتنێکدا پێش چەند ڕۆژێک ڕایگەیاندووە: "هەزار گەنج ئامادەی چەک هەڵگرتنن دژی حکومەت، بەو مەرجەی ئەمریکا پشتگیرییان بکات."
موهتەدی ئاماژەی بەوەشکردووە کە نیشانەکانی لاوازی لە ناوچە کوردییەکان دەردەکەون و بەشێک لە یەکەکانی سوپای پاسداران لە ترسی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بنکەکانیان چۆڵ کردووە.
لە بەرامبەردا، دوو سەرچاوەی ئاگادار لە هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ڕاپۆرتە نوێیەکان گومان دەخەنە سەر توانای ئەو گرووپە کوردییانە.
بەپێی هەڵسەنگاندنەکان، ئەو حزبانە لە ڕووی ژمارەی شەڕکەر و هێزیان لە ئاستێکدا نییە بتوانن شەڕێکی بەردەوام و سەرکەوتوو دژی تاران بەڕێوەبەرن.
سەرچاوەیەکی دیکە ئاشکرای کردووە کە لایەنە کوردییەکان داوای چەکی پێشکەوتوو و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشیان لە واشنتۆن کردووە، بەڵام دۆناڵد ترهمپ ڕایگەیاندووە کە ڕێگە نادات ئەو گرووپانە بۆ هێرشکردنە سەر ناوەوەی ئێران بەکاربهێنرێن.