داخستنی گەروی هورمز عێراق ناچار دەکات پەنا بۆ بۆری نەوتی کوردستان بەرێت

١٣ ئازار ٢٠٢٦ - ٣:٢٣ پێش نیوەڕۆ

داخستنی گەروی هورمز عێراق ناچار دەکات پەنا بۆ بۆری نەوتی کوردستان بەرێت

پەنجەرە

دوو بەرپرسی کورد رەتیانکردووەتەوە هەرێم رێگە بە بەغدا بدات نەوت لەرێگەی بۆرییەکانییەوە هەناردەی دەرەوە بکات، بەبێ رێککەوتن و گفووگۆی پێشوەخت، لەکاتێکدا داخستنی گەروی هورمز عێراقی دووچاری قەیران و شڵەژانی گەورە کردووە.

بەپێی وتەی ئەو دوو بەرپرسە، وەزارەتی نەوتی عێراق پەیامێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، داوایکردووە رێگەیان پێبدرێت رۆژانە لانیکەم سەد هەزار بەرمیل نەوت لەرێگەی بۆری کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان هەناردە بکەن.

ئەو دوو بەرپرسە کوردە، بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتیان ڕاگەیاندووە: رەنگە هەرێم رازی ببێت نەوتی کەرکوک لەرێگەی بۆری کوردستانەوە بەردەوام هەناردە بکرێت، بەڵام بەبێ بەرامبەر هەرێم ئەمە ناکات.

تا ئێستا بەرپرسانی هەرێم پەیامەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقیان رەتنەکردووەتەوە و پشتڕاستیش نەکردووەتەوە،بەڵام دەوترێت بەمنزیکانە گفتووگۆی لەبارەوە بکرێت.

بۆری نەوتی کوردستان کە تێچووەکەی ملیۆنەها دۆلارە و هەرێم لەرێگەی ئەم بۆرییەوە پێشتر نەوتەکەی بەبێ رەزامەندی عێراق ناردووەتە دەرەوە، لەکاتێکدا ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە وایکردووە عێراق ئێستا پێویستی بەو بۆرییە هەبێت.

لە ئەگەری ناردنە دەرەوەی نەوتی عێراق لەرێگەی بۆری کوردستانەوە، چاوەڕوان  دەکرێت هەرێم داواکاریی هەبێت، بەبیانووی ئەوەی بۆرییەکە بەقەرز دروستکراوە و عێراق پارەی تێدا خەرجنەکردوە.


عێراق و قەیران

بەغداد ڕووبەڕووی کێشەیەکی گەورە بووەتەوە، دوای وەستانی هەناردەکردنی نەوت و هەڵگیرسانی ئەو شەڕەی لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران سەریهەڵدا، بەمەش بارگرانی دارایی بۆ دروستبووە و مەترسی لەسەر موچەی موچەخۆرانی لەچەند مانگی داهاتوودا دروست دەبێت.

نەبیل مەرسومی، مامۆستای بەشی ئابوووری لە زانکۆی بەسرە، دەڵێت: بەهۆی شەڕ و داخستنی گەرووی هورمزەوە عێراق زۆرترین ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی لە جیهاندا کەمکردووەتەوە، بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق نزیکەی دوو ملیۆن و ٩٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمیکردووە.

مەرسومی لە پۆستێکی فەیسبووکدا دەشڵێت: بەهۆی شەڕ و راگرتنی بەرهەمهێنان لە زۆربەی کێڵگە نەوتییەکان، هەناردەی نەوتی خاوی عێراق لە کێڵگەکانی کوردستانەوە و لە ڕێگەی بۆری جەیهانی تورکیاوە، لە 200 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ نێوان 20 هەزار بۆ 40 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمیکردووە.

دەشڵێت: ئەمەش مانای ئەوەیە هەناردەی ئێستای عێراق لە 50 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێک تێناپەڕێت، بەو 10 هەزار بەرمیلەشەوە کە لە رێگەی ئوردنەوە هەناردە دەکرێت.

مەرسومی پێیوایە، دەتوانرێت ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی جەیهان بکرێت، هەروەها پەیوەندی بەردەوام هەیە لەگەڵ حکومەتی ئوردن بۆ زیادکردنی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی خاکەکەیەوە و بە تانکەر.

حکومەتی عێراق دووچاری ئاستەنگی گەورە بۆ ناردنە دەرەوەی نەوت بووەتەوە، لەکاتێکدا پێشتر ئامادەکاری بۆ شەڕ و ئاڵۆزی نەکردووە، تا لە بری یەک دەروازە بۆ هەناردەکردن، چەند دەروازەیەکی هاوشێوەی ئوردن و سوریاشی هەبێت.


عێراق؛ گەڕان بەدوای جێگرەوەی هورمز

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری ساحیب بازون، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە ڕایگەیاندووە، عێراق بۆ ڕێگەی بەدیل بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی دەگەڕێت، ئەمەش بەهۆی ڕاگرتنی ناردنە دەرەوەی نەوتەکەی لەڕێگەی هورمزەوە.

بازون ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی عێراق هیچ بژاردەیەکی تری نییە جگە لەوەی بەدوای ڕێگەی بەدیلدا بگەڕێت بۆ بەبازاڕکردنی نەوتەکەی.

وتیشی: هێشتا بارە نەوتییەکانی عێراق لە دەریادا لەچاوەڕوانی و لە دۆخی گیرخواردندان.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو