عێراق؛ لەنێوان فەتوای تاران و کاردانەوەی ئەمەریکادا

١٣ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:٢٦ پێش نیوەڕۆ

عێراق؛ لەنێوان فەتوای تاران و کاردانەوەی ئەمەریکادا

پەنجەرە

میلیشیا شیعەکان بەردەوامن لە هێرشە درۆنی و موشەکییەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بنکە ئەمەریکییەکان، ئەمەش وایکردووە بکەونە بەر هێرشی چڕی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل.

میلیشیاکان هەرچەندە بە بەشێک لە دامەزراوە سەربازییەکانی عێراق دادەنرێن، بەڵام حکومەت دەسەڵاتی بەسەریاندا نییە و گوێ بە بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش نادەن، ئەمەش مەترسی گەورەی لەسەر ئاڵۆزتربوونی دۆخی عێراق دروستکردووە.


بەغدا؛ لەنێوان سەرکێشی میلیشیاکان و پەرچەکرداری ئەمەریکادا

ئینتیمای میلیشیا شیعەکان بۆ حکومەتی ئێران و گوێنەدان بە بڕیارەکانی عێراق، بەغدای دووچاری قەیرانێکی قوڵ و سەقامگیری وڵاتەکەشی خستووەتە بەردەم مەترسی گەورەوە.

میلیشیاکان جگە لەوەی مانەوەی خۆیان بە بەهێزی تارانەوە بەستووەتەوە، هاوکات فەرمانەکانی ئێران وەکو فەرمانی ئاینی دەبینن و پێوەی پابەند دەبن، بەتایبەت بوونیان بەبەشێک لە ئاڵۆزییەکان خواستی ئێستای تارانە.

لەکاتێکدا عێراق رەتیدەکاتەوە ببێت بە بەشێک لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بەڵام میلیشیا شیعەکان بە بڕیارەکانییەوە پابەند نابن ئەمەش وایکردووە ناو بەناو ئاڵۆزی لەنێوان میلیشیاکان و هێزە ئەمنییەکان رووبدات.

لەچەند رۆژی رابردوودا، هێزێکی ئەمنی بارەگایەکی میلیشیاکانی لەناوچەی تاجی لەبەغدا گەمارۆدا، هەروەها سودانی فەرمانی بە سوپا کرد چاودێری جوڵەی ئەو میلیشیایانە بکەن کە تۆمەتبارن بەهەڵدانی درۆن، ئەمەش وایکرد بارگرژی لەنێوان هەردوولا رووبدات.

میلیشیا شیعەکان کە بەپارە و چەکی عێراق شەڕ بۆ بەرژوەندی ئێران دەکەن، وەکو دەوڵەتی قوڵ لێیاندەڕوانرێت و لەسەر ئاستی سەربازیی و سیاسیش خاوەن پێگەن، ئەمە وایکردووە سەرئێشەی گەورە بۆ حکومەت دروست بکەن.

میلیشیاکان جگە لەوەی عێراقیان دووچاری دۆخێک کردووە کە حکومەت خواستی لەسەری نییە، هاوکات سودانی تۆمەتبار دەکەن بەوەی نەیتوانیووە لە هێرشە ئاسمانییەکان بیانپارێزێت، لەکاتێکدا ئەوان بەشێکن لە سیستەمی بەرگری وڵات.

میلیشیا شیعەکان بەجۆرێک عێراقیان دووچاری ئاڵۆزی کردووە، دەست لە هێرشکردنە سەر ناوخۆی عێراق و وڵاتانی دراوسێش ناپارێزن، بەتایبەت لەماوەی دە رۆژی رابردوودا پاڵاوگەی نەوت، کونسوڵخانە و باڵیۆزخانە، تەنانەت هۆتيلەکانیش دەکەنە ئامانج وەکئەوەی لەهەولێر روویدا.

بەڕای چاودێرانی سیاسی، جوڵەی چڕی میلیشیاکان سەلمێنەری شکستهێنانی حکومەتی عێراقە لە کۆنترۆڵکردنی ئەو گروپانە، ئەمە جگە لەوەی بیانووی بەدەستەوە دا بۆ ئەوەی ئەمەریکا و ئیسرائیل هێرش بکەنە سەریان.


دۆخی خەڵک؛ گیرۆدەبوون لەنێوان دەوڵەت و میلیشیادا

هەوڵدانی میلیشیا شیعەکان بۆ ئەوەی عێراق بکەن بە گۆڕەپانی شەڕ، ترس و دڵەراوکێی لەنێو دانیشتوانی عێراق دا دروستکردووە، ئەمە جگە لەوەی لاوازی حکومەت و نەبوونی توانای لێپرسینەوە لە میلیشیاکان هێندەی تر متمانەی جەماوەری بە حکومەت لاواز کردووە.

ئاڵۆزی و جموجۆڵی میلیشیاکان بەچڕی ناوچە سونەنیشینەکانی عێراقی گرتووەتەوە، ئەو ناوچانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ دووچاری وێرانبوون و ئاوارەبوونی خەڵکەکەی بوونەوە.

ترسی گەورەی دانیشتوانی عێراق جگە لەخراپتربوونی دۆخی ئابووریی و بەگۆڕەپانبوونی جەنگی وڵاتەکەیانە، هاوکات مەترسی روودانی پێکدادان لەنێوان میلیشیاکان و هێزە ئەمنی و سەربازییەکان یەکێکی ترە لە مەترسییە گەورەکان.


کارتە مەترسیدارەکە

چاودێرانی سیاسی مەترسی خۆیان ناشارنەوە لەوەی گەر دۆخی ئاڵۆزی عێراق بەردەوام بێت، عێراق ببێتە گۆڕەپانی شەڕ و تێکەڵبوونی کۆمەڵێک ئەجێندای مەترسیدارتر بەئاڵۆزییەکان.

ئەو تێڕوانینەش دروستبووە میلیشیاکان بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر ئێران، بیانەوێت دۆخەکە ئاڵۆزتر بکەن و پەنا بۆ کارتی مەترسیدار بەرن.

چاودێران دەڵێن، فشارە سەربازییەکانی ئەمەریکا پاڵ بە ئێرانەوە دەنێت بۆ چالاکتر کردنی گروپەکانی و کەڵک وەرگرتن لە گروپە توندڕەوە سونەکانیش، بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخی تەواوی ناوچەکە.

بەئامانج کردنی ئەو گرتووخانانەی زیندانییەکانی داعش و قاعیدەیان تێدایە، بەمەبەستی ئاڵۆزتر کردنی دۆخەکە و کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر ئێران یەکێکە لەو سیناریۆیانەی بە ترسەوە ئاماژەی پێدەکرێت، بەتایبەت دەستبردن بۆ ئەم کارتە کاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەکە دەبێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو