"ئەسحاب ئەلکەهف" ئەو گروپە کێیە هێزەکانی فەرەنسای لە هەولێر کردە ئامانج؟

١٤ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:٣٣ پێش نیوەڕۆ

"ئەسحاب ئەلکەهف" ئەو گروپە کێیە هێزەکانی فەرەنسای لە هەولێر کردە ئامانج؟

پەنجەرە

شەوی ڕابردوو هێزەکانی فەرەنسا لە سنووری مەلا قەرە لە قەزای مەخموری پارێزگای هەولێر، کەوتنە بەر هێرشێکی کوشندەی درۆنی خۆتەقێنەر، کە کوژرانی ئەفسەرێک و برینداربوونی ٦ سەربازی لێکەوتەوە.

لە دوای ڕووداوەکەوە، گروپێک بەناوی "ئەسحاب ئەلکەهف"، بەرپرسیارێتی خۆی لەم هێرشە ڕاگەیاند.


کێن؟

ئەم گرووپە بۆ یەکەمجار لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ و بەتایبەتی لە سەرەتای ٢٠٢٠ـدا دەرکەوت، ڕێک دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس. 

ناوی گرووپەکە (ئەسحاب ئەلکەهف/ اصحاب الكهف) بە کوردیی "هاوەڵانی ئەشکەوت"، ئاماژەیەکی ئایینییە بۆ گرووپێک کە لە پێناو بیروباوەڕەکەیان خۆیان حەشارداوە.

شارەزایانی ئەمنی و هەواڵگریی نێودەوڵەتی، "ئەسحاب ئەلکەهف" وەک "گرووپێکی سێبەر" پۆلێن دەکەن. واتە ڕێکخراوێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو ناوێکی وەهمییە کە لەلایەن گروپە گەورەکانی وەک (کـ..ـەتـ..ـائیبی حـ.،.ـ.ـ.ـیزبـ…ـوڵڵا، نـ…ـوجـ.،.ـەبا و عـ..ـ.ـ.ـەســ.ـ.ـائیبـ.ـ.ـی ئـ..ـەهلی حـ.ـ.ـەق) بەکاردێت بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی کە نایانەوێت بە ڕەسمی بەرپرسیارێتییەکەی هەڵبگرن، تاوەکو خۆیان لە سزای نێودەوڵەتی و فشاری سیاسیی حکومەتی عێراق بپارێزن.


مێژووی کردەوە چەکدارییەکانیان

پێش هێرشەکەیان بۆ سەر هێزەکانی فەرەنسا، ئەم گرووپە مێژوویەکی درێژی لە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا هەیە، بەشێوەیەک لەڕێگەی بەکارهێنانی درۆن و مووشەکەوە چەندینجار بنکەی "عەین ئەسەد" لە ئەنبار و بنکەی "هەریر" لە هەولێر کردووەتە ئامانج.

هاوکات لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢٣، ئەم گرووپە بەرپرسیارێتی چەندین تەقینەوەی بە بۆمبی چێنراوی گرتە ئەستۆ کە کاروانە هاوکارییەکانی هاوپەیمانانی لە ڕێگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکردە ئامانج.

هاوکات چەندینجار ناوچەی سەوزی بەغدایان بە مووشەکی کاتیۆشا پێکاوە کە دەزگا دیپلۆماسییە ئەمەریکی و ڕۆژئاواییەکان لەخۆدەگرێت.


جوگرافیای چالاکی و شوێنی جێگیربوونیان

گرووپی ئەسحاب ئەلکەهف ناوچەیەکی دیاریکراوی نییە، بەڵکو وەک تۆڕێکی نهێنی کار دەکات. بەڵام زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چەکدار و ناوەندەکانی بڕیاردانیان لەچەن شوێنێکدا چڕ بوونەتەوە، لەوانە بەغدا و دەوروبەری بۆ چاودێریکردنی جووڵەی دیپلۆماتکاران و فڕۆکەخانە. هەروەها ئەنبار و سەڵاحەدین بۆ لێدانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا.

شوێنێکی تریشیان سنوورەکانی هەرێمی کوردستانە بە تایبەت ناوچەکانی نێوان کەرکووک-مەخموور و ناوچە جێناکۆکەکان، کە وەک خاڵی دەستپێک بۆ ئاراستەکردنی درۆنەکان بەرەو هەولێر بەکاریان دەهێنن.

پێشتریش لە ڕۆژهەڵاتی سووریا هەماهەنگییەکی تەواویان لەگەڵ گرووپە هاوپەیمانەکانیان هەبووە بۆ گواستنەوەی تەکنەلۆژیای درۆن.


بۆچی فەرەنسایان کردە ئامانج؟

هێرشی ئەم گرووپە بۆ سەر فەرەنسییەکان لە هەولێر پەیامێکی سیاسیی ڕوونە. لە کاتێکدا شەڕ لە نێوان تاران و واشنتۆن لە ٢٨ـی شوباتەوە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، ئەسحاب ئەلکەهف دەیەوێت بە فەرەنسا بڵێت هەر وڵاتێکی ڕۆژئاوایی کە هاوپەیمانی ئەمریکا بێت، لە ناوچەکەدا پارێزراو نابێت.

ئەمەش هاوکاتە بە جوڵاندنی کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری فەرەنسا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەم گرووپە لە ڕێگەی کەناڵە تێلێگرامەکانییەوە ڕایگەیاندووە کە هێزە بیانییەکان بە هەموو زمانەکانەوە (ئینگلیزی، فەرەنسی، ئیتاڵی) داگیرکەرن و دەبێت عێراق بەجێبهێڵن. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ستراتیژیی ئەمجارەیان تەنیا ئەمریکا نییە، بەڵکو تەواوی وڵاتانی ناو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەگرێتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو