هەولێر لەبەردەم هێرشی درۆنە خۆکوژەکاندا؛ بۆچی هەرێمی کوردستان لەلایەن میلیشیاکانەوە بەئامانج گیراوە؟

١٤ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:٤٨ پێش نیوەڕۆ

هەولێر لەبەردەم هێرشی درۆنە خۆکوژەکاندا؛ بۆچی هەرێمی کوردستان لەلایەن میلیشیاکانەوە بەئامانج گیراوە؟

پەنجەرە

دەنگی موشەکی میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران و ئەو درۆنانەی ئاراستەی شارەکەی دەکەن، بووە بە دیاردە و هەموو شەوێک دانیشتوانی هەولێر بە دەنگی درۆنی خۆکوژی میلیشیاکان بەئاگا دێن.

هەرچەندە بیانووی میلیشیا شیعەکان بۆ هێرشە بەردەوامەکانیان بۆ سەر هەولێر بوونی پێگە سەربازیی و ناوەندە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکایە، بەڵام بیانووەکانیان لە راستی بەتاڵ بوویەوە کاتێک هۆتێل و شوێنە گشتییەکانیان کردە ئامانج.

بەئامانج گرتنی شاری هەولێر لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە لەکاتێکدایە، هەرێمی کوردستان بێلایەنی خۆی راگەیاندووە لەو شەڕەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، ئەمەش ئەو پرسیارەی دروستکردووە بۆچی میلیشیا شیعەکان لە هێرشەکانیان بەردەوامن.

بەشێک لەچاودێران پێیانوایە، هێرشکردنە سەر شاری هەولێر لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە رەزامەندی ئێرانی لەسەرە، بەوپێیەی لەلایەن ئەو وڵاتەوە هەمیشە بەگومانەوە لە جوڵەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڕوانرێت.

هەرچەندە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەردەوام تۆمەتەکان رەتدەکەنەوە، بەڵام بەرپرسانی ئێران و میلیشیا شیعەکانیش وەکو پێگەی ئەمەریکا و تەنانەت ئیسرائیلیش لە هەولێریان روانیووە.

بەشێکی تر لەچاودێران بەوجۆرە لە دۆخەکە دەڕوانن، میلیشیا شیعەکان بۆ پاڵپشتیکردنی ئێران پێویستیان بە نمایش و جوڵەی سەربازییە، ئاسانترین شوێنیش بۆ ئەوەی هێرشی بکەنە سەر شاری هەولێرە.

ئەگەرچی بیانووی ئێران و میلیشیاکان بۆ هێرشکردنە سەر شاری هەولێر ئەوەیە گوایە کونسوڵخانە و ناوەندی سەربازی هێزەکانی ئەمەریکای تێدایە، بەڵام هەندێک لەو شوێنانەی هێرشیانکراوەتە سەر دوورن لە کونسوڵخانە و پێگە سەربازییەکانەوە.

شاری هەولێر لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە وەکو شارێکی دابڕاو لە عێراق لێیدەڕوانرێت، بۆیە هۆکاری بەشێکی تر لە هێرشەکان لە رابردوودا بۆ ئەوە گێڕدراوەتەوە گوایە پەیامی ئەوەیان لە پشتەوەبووە هەرێم دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە.

دروستکردنی کونسوڵخانەیەکی گەورە لەلایەن ئەمەریکاوە لە شاری هەولێر بۆ ئیدارەدان و راییکردنی کاروبارەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە، یەکێکترە لە هۆکاری هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر ئەو شارە.

ئەگەر بیانووی ئاشکرای میلیشیا شیعەکان بۆ هێرشکردنە سەر هەولێر بوونی هێزەکانی ئەمەریکا بێت لەو شارە، بەڵام ئەمە ئەو راستییە ناشارێتەوە میلیشیاکان هەمیشە لەکێبڕکێدا بوون لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و تەنانەت بەرقیشەوە لەو ناوچەیە دەڕوانن.

ئەگەر لەئێستادا شاری هەولێر ئامانجی میلیشیاکان بێت و شێوازی هێرشەکانیان گۆڕابێت، بەڵام لەرابردوودا لە رابردوودا ژێرخانی ئابووری هەرێم بەتایبەت کێڵگەی کۆرمۆر ئامانجی میلیشیاکان بووە، لەکاتێکدا کێڵگەکە لەژێر کۆنترۆڵی پارتیدا نییە.

بەڕای چاودێرانی سیاسی، هۆکاری هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر هەرێم بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، ئەوان سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانن و بەشێکن لەو شەڕەی هەڵگیرساوە، بۆیە نزیکترین و ئاسانترین ئامانج بۆ ئەوەی هێرشی بکەنە سەر هەرێمی کوردستانە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو