دوای حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات؛ ئێران دەیەوێت فشار بخاتە سەر پژاک
١٤ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:٥١ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای بۆردومانکردنی بنکە و بارەگای حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئێران و میلیشیا شیعەکانەوە، ئێران رێوشوێنی نوێی دژی هێزەکانی پژاک گرتووەتەبەر.
بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ پەنجەرە، ئێران دەستی دەگاتە بنکە و بارەگای حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان، بەڵام دەستی بە هێزەکانی پژاک ناگات، بەوپێیەی بنکە و بارەگانیان لەناوچە سنورییەکانن.
سەرچاوە ئاگادارەکە دەڵێت، ئێران دەستیکردووە بە بۆردومانی هەڕەمەکی سنورەکان بەتایبەت لەقۆڵی پێنجوێن و قەڵادزەوە.
دەشڵێت: ئەم هەوڵە نوێیەی ئێران بۆ دوورخستنەوەی مەترسییە لە ناوچە سنورەکانی و فشارخستنە سەر پژاک.