دوورگەی خارک؛ سەرچاوەی ناردنی نەوتی ئێران بۆ چین خاپور کرا

١٤ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:٥٢ پێش نیوەڕۆ

دوورگەی خارک؛ سەرچاوەی ناردنی نەوتی ئێران بۆ چین خاپور کرا

پەنجەرە 

سەرۆکی ئەمەریکا بە ئامانج کردنی پێگە سەربازییەکانی ئێرانی لەدوورگەی خارک راگەیاند، ئەو دوورگەیەی بە بڕبڕەی پشت ئابووری و کەرتی وزەی ئێران دادەنرێت.
گرنگی دوورگەی خارک

دوورگەی خارک بەشێکە لە پارێزگای بوشەهر و ناوەندێکی گرنگی ستراتیژی ئێرانە، بەوپێیەی دەرەچەی سەرەکی ناردنە دەرەوەی نەوتی ئێرانە لەرێگەی کەنداوی فارسییەوە.

خارک گرنگترین دوورگەیە بۆ ئێران و بەشێک لەژێرخانی نەوتی ئەو وڵاتەی تێدایە، نزیکەی 90% هەناردەی نەوتی ئێران لێرەوە تێپەڕدەکات، ئەمەش وایکردووە بە بەشێکی هەستیاری کەرتی وزەی ئێران دابنرێت.

گرنگی دوورگەکە لە رۆڵە ئابوورییەکەی کەمتر نییە، بەوپێیەی ناوچەیەکی کلتوریی و مێژووییە، ئەمەش وایکردووە بەشێک لە نوسەرانی ئێران بە "مرواری کەنداوی فارسی" ناوی بهێنن.

خارک بەدوورگەی قەدەغەکراویش ناوی دەرکردووە، بەهۆی رێوشوێنە ئەمنییەکان کە بۆ چوونەوە ناوەوەی و بەهۆی بوونی دامەزراوە گەورەکانی نەوت تێیدا گیراوەتە بەر.

دوورگەی خارک دەکەوێتە کەنداوی فارسییەوە و شوێنێکی نزیکە لە کەناراوەکانی ئێرانەوە، نزیکەی 55 کیلۆمەتر لەباکوری رۆژهەڵاتی بەندەری بوشەهرەوە دوورە. رووبەرەکەی 22 کیلۆمەتر چوارگۆشە و درێژییەکەی 8 کیلۆمەترە، پانییەکەشی لەنێوان 4 بۆ 5 کیلۆمەتردایە.


خارک؛ دوورگە داخراوەکە 

 دوورگەی خارک بناغەی ناردنە دەرەوەی نەوتی ئێرانە و 90%ـی نەوتی وڵاتەکەی لێوە هەناردە دەکرێت، کە دەکاتە نزیکەی 950 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ساڵێکدا.

دوورگەکە کۆگا و عەمباری گەورەی سوتەمەنی تێدایە و شوێنی تایبەت بە بارکردن و داگرتنی سوتەمەنی دابینکراوە، هەروەها فڕۆکەخانە و بنکەی سەربازی گەورەی تێدایە بۆ پاراستنی لە مەترسییەکان.

دوورگەی خارک بە بڕبڕەی پشت وزەی ئێران دادەنرێت و لە رێگەی تۆڕێکی فراوانی بۆرییەوە نەوت رەوانەی دامەزراوەکان دەکرێت، پێش ئەوەی نەوتەکە عەمباربکرێت یاخود رەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکرێت.

دوورگەکە بە گونجاوترین شوێن دادەنرێت بۆ جوڵەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، هەر لەوێشەوە نەوتی ئێران رەوانەی چین و وڵاتانی تری ناوچەکە دەکرێت.

دەستگەیشتن بە دوورگەکە قورس و ئەستەمە، بەوپێیەی رێوشوێنی ئەمنی توندی تێدا گیراوەتەبەر و لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پارێزگاری لێدەکرێت، بۆ چوونە ناوەوەشی پێویستی بە وەرگرتنی مۆڵەتی پێشوەختە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو