هێرش بۆ سەر دورگەی خارگ؛ بۆچی ئەمەریکا لە دامەزراوە نەوتییەکانی نەدا؟

١٥ ئازار ٢٠٢٦ - ٣:٠٠ پێش نیوەڕۆ

هێرش بۆ سەر دورگەی خارگ؛ بۆچی ئەمەریکا لە دامەزراوە نەوتییەکانی نەدا؟

پەنجەرە

لە پەرەسەندنێکی نوێی سەربازیدا لە ناوچەکە، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سینتکۆم) هێرشێکی ئاسمانی چڕیان کردە سەر دورگەی "خارگ"ـی ئێرانی. هەرچەندە ئەم دورگەیە بە گرنگترین چەقی هەناردەکردنی نەوتی ئێران دادەنرێت، بەڵام هێرشەکان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش تەنها ئامانجە سەربازییەکانیان پێکا و دامەزراوە نەوتییەکانیان بەدوور گرت.

بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییە نێودەوڵەتییەکان، هێرشەکە لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و مووشەکی وردەوە ئەنجامدراوە. ئامانجی سەرەکی ئەم هێرشانە پەکخستنی ئەو ژێرخانە سەربازییانە بوو کە پارێزگاری لە دورگەکە دەکەن، بەڵام ئەوەی مایەی تێبینییە کە ئەم دوورگەیە ئەوەندەی نەوتیی و ئابوورییە، ئەوەندە سەربازیی نییە.

دورگەی خارگ بە "دڵە لێدەرەکەی" ئابووری ئێران دادەنرێت. نزیکەی ٩٠٪ـی کۆی هەناردەی نەوتی ئێران لە ڕێگەی ئەم دورگەیەوە ئەنجام دەدرێت. 

لەبەرامبەردا هیچ بنکەیەکی سەربازیی گەورەی تێدانییە جگە لە هەندێک بنکەی پارێزەری دوورگەکە و دەوروبەری.

کەواتە پرسیار ئەوەیە: بۆ؟


نهێنی بەئامانج نەگرتنی نەوت؛ چوار هۆکاری ستراتیژی

سەرەڕای هێرشە قورسەکە، واشنتۆن بڕیاریدا دامەزراوە نەوتییەکان وەک خۆیان بهێڵێتەوە. شرۆڤەکارانی ڕۆژنامە گەورەکانی وەک "نیویۆرک تایمز"، "واشنتۆن پۆست" و "گاردیان" چەند هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەمە دەستنیشان دەکەن:

١. ڕێگریکردن لە شۆکی ئابووری جیهانی:
ئەمەریکا نایەوێت نرخەکانی نەوت بە شێوەیەکی خەیاڵی بەرز ببنەوە. هەر زیانێک بە هەناردەی نەوتی ئێران دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە جیهاندا.

ڕۆژنامەی گاردیان ئاماژەی بەوە کردووە کە پێکانی نەوتی خارگ ڕەنگە نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بۆ ١٥٠ دۆلار یان زیاتر بەرز بکاتەوە.

٢. دوورکەوتنەوە لە "جەنگی وزە" لە ناوچەکە:
ئێران پێشتر هەڕەشەی کردبوو کە ئەگەر دامەزراوە نەوتییەکانی بکرێنە ئامانج، ئەوا هێرش دەکاتە سەر کێڵگە نەوتییەکانی وڵاتانی دراوسێ (سعوودیە، ئیمارات و کوەیت) و گەرووی هورمز دادەخات. ئەمەریکا بەم هەنگاوەی ڕێگەی لە هەڵگیرسانی جەنگێکی سەرتاسەری وزە گرت.

٣. هێشتنەوەی کارتێکی فشار:
واشنتۆن دەیەوێت بە ئێران بڵێت: "ئێمە دەتوانین بگەیەنە نەوتەکەت، بەڵام جارێ بڕیارمان نەداوە تێکی بشکێنین." بەمەش نەوت وەک کارتێکی فشار بۆ قۆناغەکانی داهاتوو دەمێنێتەوە ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە گرژییەکان.

٤. پاراستنی داهاتووی ئابووری ئێران:
هەندێک شرۆڤەکار پێیانوایە تێکدانی تەواوەتی ژێرخانی نەوت، ئابووری ئێران بۆ دەیان ساڵ پەکدەخات، ئەمەش لە بەرژەوەندیی سەقامگیریی درێژخایەنی ناوچەکەدا نییە و دەبێتە هۆی دروستبوونی پشێوی بەردەوام.

سەرەنجام شرۆڤەکاران وایدەبینن هێرشەکە بۆ سەر دورگەی خارگ زیاتر بووە لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی؛ بەڵکو پتر پەیامێکی سیاسی بووە. هاوکات هۆشدارییەک بووە کە ئەگەر تاران لە هەڕەشەکانی بەردەوام بێت، هەنگاوی داهاتوو لێدانی دەمارە نەوتییەکە دەبێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو