شەڕی تیشکەکان؛ ئایا لەیزەر دەبێتە فریادڕەسی ئەمریکا و کەنداو؟

١٥ ئازار ٢٠٢٦ - ٣:١٦ پێش نیوەڕۆ

شەڕی تیشکەکان؛ ئایا لەیزەر دەبێتە فریادڕەسی ئەمریکا و کەنداو؟

پەنجەرە

لە کاتێکدا درۆن و موشەکە هەرزانبەهاکان بوونەتە هەڕەشەیەکی بەردەوام بۆ سەر بنکە سەربازییەکان و کێڵگە نەوتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واشنتۆن چاوی بڕیوەتە تەکنەلۆژیای "لەیزەری وزەبەرز" وەک چەکێکی کوشندە و لە هەمان کاتدا کەم تێچوو.

ئەم چەکە نوێیە کە دۆناڵد ترەمپ بە "سەرسوڕهێنەر" وەسفی کردووە، خەریکە هاوسەنگییەکانی بەرگریی ئاسمانی دەگۆڕێت.

ڕۆژنامەی نیۆرک تایمز لەمبارەیەوە ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە و لێرەدا پوختەکەی دەخەینەڕوو.


تێچوویەکی خەیاڵی بەرامبەر نرخێکی ڕەمزی

گەورەترین پاڵنەر بۆ پەنابردنە بەر لەیزەر، لایەنی ئابوورییە. لە کاتێکدا تێکشکاندنی درۆنێک بە موشەکی "پاتریۆت" زیاتر لە ٣ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، هەمان کار بە تیشکێکی لەیزەر تەنها (٣ دۆلار و نیوی) تێدەچێت. ئەم جیاوازییە زەبەللاحە وایکردووە جەنگاوەرانی نوێ ئاواتەخوازی چەکێک بن کە هیچ کات "فیشەکی لێ نەبڕێت" و بە خێرایی تیشک ئامانجەکە بپێکێت.


لەنێوان ڕاستی و فیلمە خەیاڵییەکان؛ لەیزەر چۆن کاردەکات؟ 

تەکنەلۆژیای لەیزەر لە فیلمە خەیاڵییەکان ناچێت کە ئامانجەکە دەستبەجێ بتەقێنێتەوە، بەڵکو کارکردنەکەی هاوشێوەی "هاوێنەیەکی گەورەکەرە" کە تیشکی خۆر لەسەر خاڵێکی دیاریکراو کۆدەکاتەوە بۆ سووتاندن.

ئەم چەکە تیشکێکی چڕ دەخاتە سەر خاڵە لاوازەکانی درۆنەکە (وەک بزوێنەر یان بەشە ئەلیکترۆنییەکان). وەک دەیڤد ستاودت، شارەزای وزەی ئاراستەکراو دەڵێت: "لەیزەر وەک ئامێرێکی لەحیمکردن و بڕین وایە، کە لە دوورەوە کار بکات."

بەڵام بۆ ئەوەی درۆنێک بخرێتە خوارەوە، دەبێت تیشکەکە بۆ ماوەی ٣ چرکە یان زیاتر بە بەردەوامی لەسەر ئامانجەکە جێگیر بێت. لێرەدا کێشەکە دەستپێدەکات؛ چونکە تەم، باران و تەنانەت شێی زۆر، دەبنە هۆی لادانی تیشکەکە و ڕێگریکردن لە گەیشتنی بە ئامانج.


کۆمپانیاکان و وڵاتان گەیشتوون بە چی؟

پێشبڕکێیەکی توند لە نێوان کۆمپانیاکانی چەکداری جیهانیدا هەیە و چەندین دەستکەوتی گرنگ تۆمارکراون:

لۆکهید مارتن (Lockheed Martin): ئەم کۆمپانیا ئەمریکییە گرێبەستێکی ١٥٠ ملیۆن دۆلاری بۆ دروستکردنی دوو سیستەمی لەیزەری دەریایی وەرگرت. ئێستا سیستەمێکی ٦٠ کیلۆواتی بە ناوی (HELIOS) لەسەر کەشتیی جەنگی "یو ئێس ئێس بریبڵ" لە ژاپۆن جێگیر کردووە و سەرقاڵی تاقیکردنەوەی بەرگەی تیشکەکە و پارچەکانێتی لە بەرامبەر خوێی دەریا و شێدا.

کۆمپانیای nLIGHT: ئەم کۆمپانیایە توانیویەتی لەیزەرێکی ٧٠ کیلۆواتی ڕادەستی سوپای ئەمریکا بکات. بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە دەڵێت: "لەیزەرێکی ١٠٠ کیلۆواتی هێزەکەی هێندەی نیوەی بزوێنەری ئۆتۆمبێلێکی ئاساییە، بەڵام کاتێک ئەو وزەیە لە تیشکێکی زۆر باریکدا کۆدەکرێتەوە، هێندە بەهێزە بزوێنەری فڕۆکە لە کار بخات."

سیستەمی "تیشکی ئاسنین"ـی ئیسرائیلی: کۆمپانیای (Rafael) پەرەی بە سیستەمێکی ١٠٠ کیلۆواتی داوە، بەڵام هێشتا بە تەواوی بۆ ناو جەنگ ئامادە نییە.

هەژموونی چین: چین لەم بوارەدا پێشەنگە و سیستەمێکی ١٨٠ کیلۆواتی (LW-1)ـی لەسەر کەشتییەکانی جێگیر کردووە.

هەروەها ئۆکرانییەکان سیستەمی "Sunbeam"یان پەرەپێداوە کە ئەوەندە بچووکە لە سندوقی ئۆتۆمبێلدا جێگەی دەبێتەوە.


چین؛ ئاستەنگییە گەورەکە

سەرباری پێشکەوتنەکان، بەرهەمهێنانی ئەم چەکە کێشەیەکی سیاسی گەورەی هەیە. زۆربەی ئەو کانزا دەگمەنانەی (وەک ئیتریبیۆم و گالیۆم) کە بۆ دروستکردنی هاوێنە و پارچە نورییەکانی لەیزەر پێویستن، لەلایەن وڵاتی چینەوە کۆنترۆڵکراون.

ئەمەش وایکردووە کۆمپانیاکانی ئەمریکا نەتوانن بە خێرایی و بە ژمارەی زۆر ئەم چەکە بەرهەم بهێنن.


چەکێک کە چەمکی شەڕ دەگۆڕێت

هەرچەندە سوپای ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا چوار سیستەمی لەیزەری لە عێراق جێگیر کرد، بەڵام ئەنجامەکەی ئەمەندە چاوەڕوانکراو نەبوو. 

شارەزایان پێیان وایە چەند ساڵێکی تری دەوێت تا لەیزەر ببێتە چەکێکی جێگیر و بێ کێشە.

دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمەریکا، ئەم هەفتەیە ڕایگەیاند ئەو تەکنەلۆژیا لەیزەرییەی هەمانە سەرنجڕاکێشە و بەمنزیکانە دەخرێتە خزمەتەوە.

بەڵام هێشتا بە تەواویی نازانرێت قەبارەی ئەم خستنەکارە چۆن دەبێت و تاچەند ئەم چەکە ئامادەیە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو