شەڕ لە زەوی و زیان لە ئاسمان؛ شەڕی ئێران زیانی ٤٠ ملیاری لە کەرتی فڕۆکەوانی داوە
١٥ ئازار ٢٠٢٦ - ٣:٢٠ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای تێپەڕبوونی دوو هەفتە بەسەر دەستپێکردنی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران، کەرتی فڕۆکەوانی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ڕووبەڕووی قەیرانێکی بێپێشینە بووەتەوە.
شارەزایان ئەم دۆخە بە گەورەترین پەککەوتنی هاتوچۆی ئاسمانی جیهانی وەسف دەکەن لە دوای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆناوە.
ملیۆنان گەشتیار لە چاوەڕوانیدا
بەپێی نوێترین ئامارەکانی کۆمپانیای "سیریۆم (Cirium)" کە تایبەتە بە کۆکردنەوەی داتاکانی گەشتە ئاسمانییەکان، لە ٢٨ـی شوباتی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ، زیاتر لە ٦ ملیۆن گەشتیار گەشتەکانیان هەڵوەشاوەتەوە. ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە کۆی ٩٨ هەزار گەشتی پلانبۆداڕێژراو، زیاتر لە ٥٢ هەزار گەشت هەڵوەشێنراونەتەوە، ئەمەش بەهۆی تێکچوونی باری ئەمنی و داخستنی ئاسمانەوە بەڕووی فڕۆکەکان.
نەخشەی نوێی فڕین و لێکەوتە داراییەکەی
پێش شەڕەکە، فڕۆکەکان بە ڕێڕەوێکدا گەشتیان دەکرد کە بە "ڕێڕەوی ناوەڕاست" ناودەبرا کە بە ناو بواری ئاسمانیی ئێران و عێراقدا تێپەڕ دەبێت. وڵاتانی وەک بەحرەین، کوێت، سووریا و لوبنان بەشێک یان تەواوی بوارە ئاسمانییەکانیان داخستووە. ئەمەش وایکردووە فڕۆکەکان ناچاربن ڕێڕەوی دوورتر و پڕ خەرجیی تر هەڵبژێرن، لەوانە ڕێڕەوی باکوور کە بەسەر قەوقاز و ئەفغانستاندا تێدەپەڕێت، لەگەڵ ڕێڕەوی باشوور کە بەسەر میسر، سعوودیە و عوماندا تێدەپەڕێت.
ئەم گۆڕانکارییانە نەک هەر کاتی گەشتەکانیان درێژکردووەتەوە، بەڵکو بووەتە هۆی بەکارهێنانی بڕێکی زۆرتر لە سووتەمەنی و دروستبوونی پشێوی لە خشتەی گەشتە جیهانییەکاندا، بەتایبەت بۆ ئەو گەشتیارانەی لە ئاسیاوە بەرەو ئەوروپا و ئەمریکا گەشت دەکەن.
هێڵەکانی کەنداو زەبری کوشندەیان بەرکەوتووە
هێڵە ئاسمانییە گەورەکانی ناوچەکە کە لە بنەڕەتەوە لەسەر ئاستی جیهانیشدا زۆر لەپێشن، پشکی شێریان لە زیانەکانی ئەم دۆخە بەرکەوتووە.
هێڵی ئاسمانیی قەتەر کە گەورەترین و بەهێزترین هێڵی جیهانییە، بە زیانمەندترین کۆمپانیا دادەنرێت، کە ٩٣٪ـی گەشتەکانی هەڵوەشاندووەتەوە.
بە دوای ئەودا کۆمپانیای ئیتیحادـی ئیماراتی بە ڕاگرتنی ٨١.٧٪ـی گەشتەکان و کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئیمارات بە ڕاگرتنی ٥٦.٥٪ـی گەشتەکانی دێن.
زیانەکان؛ خوێنبەربوونی ئابووریی
بەهۆی ئەم دۆخەوە کەرتی گەشتوگوزار و گەشتکردن، ڕۆژانە ٥١٥ ملیۆن یۆرۆ زیانی بەردەکەوێت.
هاوکات نرخی بیمەی فڕۆکەکان بە ڕێژەی ٣٪ بەرزبووەتەوە.
لەلایەکی تریشەوە نرخی گواستنەوەی کاڵا بە ئاسمان ٧٠٪ بەرزبووەتەوە، ئەمەش بەهۆی داخرانی ڕێڕەوە ئاوییەکان وەک گەرووی هورمز.
بەکۆی کۆی گشتی پێشبینی دەکرێت زیانەکانی کەرتی گەشتوگوزاری ئاسمانی لە ناوچەکەدا نەهۆی شەڕەکەوە، بگاتە ٤٠ ملیار دۆلار.
بەمشێوەیەش ئەو شەڕەی کە ئەگەرچی لە زەوییدا دەگوزەرێت، بەڵام زیانی زیاتری لە ئاسمان داوە.