حەمیداوی؛ پیاوە تەمومژاوییەکەی حـ..ـیـ.ـزبـ.ـوڵڵا لەعێراق
١٥ ئازار ٢٠٢٦ - ٣:٢٥ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەناو جەرگەی ململانێیە ئاڵۆزەکانی عێراق و ناوچەکەدا، ناوی "ئەبو حسێن حەمیداوی" هاتووتە ناوان، دوای ئەوەی وابڵاوکرایەوە کە لەهێرشێکی ئەمەریکادا ئەمڕۆ کوژراوە.
حەمیداوی کێیە؟ لە سێبەرەوە بۆ لوتکەی دەسەڵات
ئەحمەد موحسین فەرەج حەمیداوی، کە بە "ئەبو حسێن" یان هەندێکجار "ئەبو زەید" ناسراوە، ئەمینداری گشتیی ئێستای کەتائیبی حـ..ـیـ.ـزبـ.ـوڵڵای عێراقییە.
حەمیداوی بەوە ناسراوە کە پیاوێکی تەمومژاوی و دوورەپەرێزە لە میدیاکان، زۆر بە کەمی دەردەکەوێت و زانیارییە کەسییەکانی بە توندی پارێزراون.
دوای کوژرانی ئەبو مەهدی موهەندیس لە ساڵی ٢٠٢٠، حەمیداوی وەک یەکێک لە جێگرەوە بەهێزەکان دەرکەوت و لە ئایاری ٢٠٢٢دا جارێکی دیکە وەک ئەمینداری گشتی هەڵبژێردرایەوە.
خێزانەکەشی نامۆ نین بە کایەی سەربازی؛ ئەرفەد موحسین فەرەج-ـی برای یەکێک بوو لە فەرماندە دیارەکانی کەتائیب و پێشتر لە چالاکییەکاندا کوژراوە.
کەتائیبی حـ..ـیـ.ـزبـ.ـوڵڵا؛ باڵە بەهێزەکەی ئێران لە عێراق
حەمیداوی سەرکردایەتی گروپێک دەکات کە لە ساڵی ٢٠٠٣ـوە دامەزراوە و وەک بەهێزترین و ڕێکخراوترین گروپی ناو ئەوەی پێی دەوترێت "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق"، تەماشا دەکرێت.
ئەم گروپە کە ئایدۆلۆژیای "ویلایەتی فەقیهـ" پەیڕەو دەکات و پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران هەیە، ئامانجی سەرەکی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکایە لە عێراق.
ئەم گروپە لە ڕووی یاساییەوە بەشێکە لە حـ..ـ.ـەشـ.ـ.ـدی شەعبی (لیواکانی ٤٥، ٤٦، ٤٧)، بەڵام لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە لە ساڵی ٢٠٠٩ـوە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە.
لە شوباتی ٢٠٢٠دا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ناوی ئەبو حسێن حەمیداوی خستە ناو لیستی "تیرۆریستانی جیهانیی". ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە واشنتۆن حەمیداوی بە بەرپرسی یەکەمی ئەو هێرشانە دانا کە دەکرانە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق.
سزا ئابوورییەکان هەموو جۆرە مامەڵەیەکی داراییان لەگەڵ ئەم پیاوە قەدەغە کردووە و داراییەکانییشی لە ژێر دەسەڵاتی ئەمریکادا بلۆک کردووە.
ڕۆژە پڕ لە گومانەکە
دواین زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ (١٤ـی ئاداری ٢٠٢٦)، هێرشێکی ئاسمانی ماڵێکی سەر بە کەتائیبی حـ..ـیـ.ـزبـ.ـوڵڵای لە گەڕەکی "کەڕادە" لە ناوەراستی بەغدا کردووەتە ئامانج. لەو کاتەوە تا ئێستا دوو گێڕانەوەی جیاواز هەن.
گێڕانەوەی یەکەم باس لە کوژرانی ئەبو حسێن حەمیداوی دەکات لەو هێرشەدا. هەرچی گێڕانەوەی دووەمیشە باس لەوە دەکات کە ناوبراو تەنها بریندار بووە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار بۆ چارەسەر.
تا ئەم ساتە (کاتژمێر ٨ـی ئێوارە)، نە کەتائیبی حـ..ـیـ.ـزبـ.ـوڵڵا و نە حکومەتی عێراق، هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمییان بۆ پشتڕاستکردنەوە یان ڕەتکردنەوەی هەواڵەکە بڵاونەکردووەتەوە.
بەمەش حەمیداوی کە هەمیشە بازنەیەکی تەمومژاویی دەوری دابوو، ئێستا کە هاتووەتە سەر مردنیشی، بەهەمانشێوە تەمومژ دەوری گرتووە.