شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئێران خەریکە ئابووری روسیا دەبوژێنێتەوە
١٥ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:٠٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان ئەمەریکا و ئێران بازاڕی وزەی لەسەر ئاستی جیهان خستووەتە گێژاوەوە، بەڵام سەرباری زەرەرمەندبوونی ژمارەیەک وڵات، دۆخەکە بۆ روسیای هاوپەیمانی ئێران جیاوازترە.
ئەگەرچی هەڵگیرسانی شەڕ زیانی ئابووری گەورەی بە وڵاتانی کەنداو و عێراق گەیاندووە و ناوخۆی ئەو وڵاتانەی دووچاری ناسەقامگیریش کردووە، بەڵام شەڕ کاریگەری لەسەر چەندین وڵاتی تری ئاسیاش هەبووە.
بەشێک لە وڵاتانی جیهان چەند لە ئاراستەی ئەو شەڕە دەڕوانن کە ناوچەکەی گرتووەتەوە، هێندەش بیریان لای گەروی هورمز و گێڕانەوەی جموجۆڵی کەشتییەکانە بۆ گەروەکە.
روسیا و چین
ئێران بە هاوپەیمانی روسیا دادەنرێت، بۆیە رووخان یاخود لاوازبوونی ئێران بە پاشەکشە بۆ روسیا لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە هەژمارد دەکرێت، بەتایبەت دوای رووخانی ئەسەد و دەستگیرکردنی سەرۆکی فەنزەوێلا.
لەکاتێکدا ئەو شەڕەی لە ناوچەکە هەڵگیرساوە و ئەمەریکای پێوە سەرقاڵبووە، پێدەچێت لەدیوێکی ترەوە بەرژەوەندی روسیای تێدا بێت بەوەی هاوکارییەکانی بۆ ئۆکرانیا کەمتر ببێتەوە.
لەسەرەتای هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان روسیا و ئۆکرانیا، ئێران بەپێدانی درۆنی شاهد و چەند رێگەیەکیتر هاوکاری روسیای دەکرد، هەر ئەمەش هۆکاری سەرەکی توڕەیی ئۆکرانیایە لە ئێران.
لەکاتێکدا ئێستا روسیا بۆ شەڕی ئۆکرانیا پێویستی بە ئێران نییە، بەو پێیەی خۆی توانای بەرهەمهێنانی ئەو فڕۆکانەی هەیە کە پێشتر لە ئێران وەریدەگرتن.
داخستنی گەروی هورمز لەلایەن ئێرانەوە کە گرفتی گەورەی بۆ بازاڕی وزەی جیهانی دروستکردووە و نرخی بەرز کردووەتەوە، پێدەچێت ئەمە لەبەرژوەندی روسیا بێت و بەشێک لە فشارە داراییەکانی سەری کەم بکاتەوە.
بودجەی روسیا لەسەر بنەمای ٥٩ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت داڕێژراوە، لەکاتێکدا ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ نزیکەی دوو هێندە بەرز بووەتەوە، ئەمەش سودێکی گەورەی بە روسیا گەیاندووە.
کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن وڵاتانی کەنداو سودی گەورە بە روسیا دەگەیەنێت، دەرگای بۆ واڵا دەکات تا نەوتی زیاتر هەناردەی بازاڕەکانی چین و هیندستان بکات.
لەکاتێکدا پێشتر لەلایەن ئەمەریکاوە فشار خرابووە سەر هندستان بۆ ئەوەی بڕی ئەو نەوتەی لە روسیا دەیکڕێت کەمیبکاتەوە، بەڵام ئێستا چاوی لێپۆشراوە بۆ کڕینی نەوتی زیاتر لەو وڵاتە بەهۆی داخستنی گەروی هورمزەوە.
ئەمە جگە لەوەی گفتووگۆ لە ئارادایە بۆ سوککردنی بەشێک لە سزاکانی سەر نەوتی روسیا بۆ چارەسەر کردنی ئەو قەیرانەی بازاڕی وزەی گرتووەتەوە، بەهۆی شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئێرانەوە.
سەبارەت بە چین هەست بە نیگەرانی دەکرێت بەهۆی ئەو دۆخەی ئێرانی تێکەوتووە، بەوپێیەی نزیکەی ١٢٪ ی نەوتی هاوردەکراوی چین ئێرانییە، کە بەقاچاخ بۆ خۆ دەربازکردن لە سزا دەیکڕێت.
دەوترێت چین هێندە نەوتی عەمبار کردووە تا چەند مانگێکیتر دووچاری گرفتی گەورە نەبێت، لەکاتێکدا بۆ قۆناغی داهاتوو بژاردەی روسیای لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی نەوتی لێبکڕێت.
چین بەو کاڵاوشمەکانە ناسراوە و بازرگانییەکەی پێیان پشت ئەستورە کە هەناردەی وڵاتانی جیهانی دەکات، بەتایبەت کاڵاو شمەکی چینی بازاڕەکانی جیهانی کۆنترۆڵ کردووە.بۆیە پێناچێت شەڕەکە کاریگەری نزیک مەودای لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە هەبێت.
شەڕ؛ کەرتی وزەی وڵاتانی باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیای خستووەتە قەیرانەوە
دۆخەکە بۆ وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا جیاوازترە بەو پێیەی زۆر پشتیان بە نەوت و غازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەستووە، ئەمەش وادەکات شەڕ گرفتی گەورەیان بۆ دروست بکات.
هەندێک لەو وڵاتانە پێشتر ئامادەکارییان بۆ ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ کردووە،بەو ئومێدەی شەڕ لێکەوتەی گەورەی ئابووریی لەسەر وڵاتەکانیان نەبێت.
نرخی گاز لە ڤێتنام ٦٠٪ بەرزبووەتەوە و حکومەتی دووچاری گرفتی گەورە کردووە، بۆ چارەسەر کردنی ئەم گرفتە داوا لە هاوڵاتییان کراوە لە ماڵەوە کارەکانیان رایی بکەن.
فلیپین ٩٥٪ ی نەوتی خاوی وڵاتەکەی لەرێگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاوردە دەکات، شەڕ دووچاری گرفتی گەورەیکردوە و دەوامی فەرمانبەران لە هەفتەیەکدا بۆ چوار رۆژ کەمکراوەتەوە.
پاکستانیش رێوشوێنی هاوشێوەی گرتووەتەبەر و خەڵک ئاگادار کراونەتەوە لە ماڵەوە کارە بکەن، خوێندکارانی زانکۆش بەشێکیان بەشێوەی ئۆنلاین درێژە بە خوێندن دەدەن.
هەروەها لە بەنگلادیش رێوشوێنی پێویست بۆ کەم بەکارهێنانی سوتەمەنی گیراوەتەبەر، بەجۆرێک ١٠ لیتر سوتەمەنی بە ئۆتۆمبێل و ٢ لیتر بە ماتۆڕسکیل دەدرێت لە رۆژێکدا.