مەولەوی عەبدولحەمید؛ ڕابەری رۆحی بەلوچەکان و نەیاری سەرسەختی دەسەڵاتدارانی ئێران

١٥ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:٠٧ پاش نیوەڕۆ

مەولەوی عەبدولحەمید؛ ڕابەری رۆحی بەلوچەکان و نەیاری سەرسەختی دەسەڵاتدارانی ئێران

پەنجەرە

بێدەنگی باڵی بەسەر مەولەوی عەبدولحەمید رابەری رۆحی بەلوچەکانی ئێراندا کێشاوە، لەکاتێکدا نەیارە سەر سەختەکەی کە ئایەتوڵا خامنەیی بوو لەهێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دا کوژرا.

ناکۆکی نێوان مەولەوی عەبدولحەمید و عەلی خامنەیی کاتێک تەقییەوە، کە بەهۆی پاڵپشتیکردنی لە خۆپیشاندانەکان و دژایەتیکردنی دەسەڵاتدارانی ئێران، خامنەیی داوای ئابڕوو بردنی مەولەوی کردبوو. 

 

مەولەوی عەبدولحەمید

ناکۆکی نێوان خامنەیی و مەولەوی عەبدولحەمید ئەگەرچی پەیوەندی هەبوو بە کێشمەکێشی نێوان دوو کەسایەتی دەسەڵاتدار و ناڕازییەوە، بەڵام دیوەکەی تری گرێدرابوو بە ناکۆکی نێوان دوو رابەری رۆحی دوو نەتەوە و دوو مەزهەبی جیا.

ئەوکاتەی خامنەیی لەسەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان فەرمانی بە هێزە چەکدارەکان کرد رووبەڕووی خۆپیشاندەران ببنەوە، مەولەوی عەبدولحەمیدیش چووە پشت خۆپیشاندەرانی سیستان و بەلوچستانەوە و جاڕی بەرەنگاریدا.

مەولەوی عەبدولحەمید ناوی تەواوی عەبدولحەمید ئیسماعیلە، بەڵام مەولانا نازناوە ئاینییەکەیەتی و بۆ رێزلێگرتنی بەکاردەهێنرێت. ئەو هەمیشە بە پۆلێک بەلوچ دەورە دراوە، کە جل و بەرگی تەقلیدی بەلوچیان لەبەردایە و هەمووان لە رۆژانی هەینیدا چاوەڕوانی رێنماییەکانی دەکەن.

ناوچەی بەلوچستان بە پشتگوێخستن و نەبوونی هەلی کار و قاچاخچێتیکردن بەماددەی هۆشبەر گرفتار بووە، ئەمە جگە لەوەی ساڵانە بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە لەسێدارە دەدرێن.

بەلوچەکان هەمیشە بەگومانەوە لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەڕوانن و پێیانوایە بە مەبەست ناوچەکانیان کراوەتە ئامانج، ئەمە جگە لەوەی تاران تۆمەتبار دەکەن بە دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و شوێنبزر کردنی گەنجەکانیان.

لەنێو ئەو ناوچە هەژار و پشتگوێ خراوەدا، مەولەوی عەبدولحەمید پێگەیەکی بەهێزی جەماوەری هەیە و وەکو داکۆکیکارێکی سەرسەختی بەلوچە سونە مەزهەبەکان لێیدەڕوانرێت.

مەولەوی عەبدولحەمید هەرچەندە بەم دواییانە وەکو نەیارێکی سەرسەختی خامنەیی و دەسەڵاتدارانی ئێران ناوبانگی دەرکرد، بەڵام سەردەمانێک پشتگیری ئیبراهیم رەیسی سەرۆکی کۆچکردووی ئێرانی دەکرد، دواتر و بەهۆی پاڵپشتیکردنی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان ئەم دۆستایەتییە بۆ دوژمنایەتی گۆڕا.

 

وتاری هەینی رەش


ڕۆژی هەینی 30ی ئەیلولی 2022، خاڵی وەرچەرخان بوو بۆ مەولەوی عەبدولحەمید، کاتێک پرسی دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی بەلوچی لەلایەن عەقیدێکی پۆلیسەوە وروژاند.


دوای وتاری هەینی و تەواوبوونی نوێژ، نوێژخوێنانی بەلوچ رژانە سەر شەقام و هەڵیانکوتایە سەر بنکەی پۆلیسی زاهیدان، بەڵام لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بەتوندی وەڵام درانەوە و بەوهۆیەوە، زیاتر لە ٨٠ کەس کوژران، بۆیە بە هەینی رەش لە ئێران دەنگیدایەوە.

لەو کاتەوە مەولەوی عەبدولحەمید بووە نەیاری سەرسەختی دەسەڵاتدارانی ئێران، لە وتاری هەینیدا بە ئاشکرا پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندەران دەردەبڕێت و بە توندی ڕەخنە لە ڕژێمی ئێران دەگرێت.
دوای راپەڕینی ژینا ئەمینی، مەولەوی عەبدولحەمید رەخنەی لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران گرت و رایگەیاند: بە چەک و بە سەربازگە کردنی وڵات ناتوانرێت دەسەڵات رزگار بکرێت.
وتارەکانی مەولەوی عەبدولحەمید دژی دەسەڵاتدارانی ئێران هێندە توند و روون بوون، تەنانەت سەرنجی شیعە ناڕازیی و عەلمانییەکانیشی بەلای خۆیدا راکێشا.

ئایەتوڵڵا خامنەیی بەرامبەر مەولەوی عەبدولحەمید


دوای بڵاوبوونەوەی زانیارییە نهێنییەکان لەبارەی رێنمایی خامنەیی بۆ چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ مەولەوی عەبدولحەمید، ناکۆکی نێوان ناوبراو و دەسەڵاتدارانی ئێران چووە  قۆناغێکی نوێوە.

بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، حسێن سەلامی فەرماندەی ئەوکاتی سوپای پاسداران، بڕیاری دەزگا ئەمنیی و سەربازییەکانی بۆ دەستگیرکردنی مەولەوی عەبدولحەمید ئاشکرا کردبوو، بەڵام رێبەری ئێران داوای ئابڕوو بردنی کردبوو نەک دەستگیرکردن.

لە وەڵامی فەرمانەکەی خامنەییدا، مەولەوی عەبدولحەمید وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: ئابڕوو لەلایەن خوداوە دەبەخشرێت و کەس ناتوانێت لێ وەربگرێتەوە.

بەشداری سیاسی

کاتێک ململانێی نێوان ریفۆرمخواز و موحافیزەکان لە ساڵی ١٩٩٧ گەیشتە لوتکە، مەولەوی عەبدولحەمید پاڵپشتی محەمەد خاتەمی کاندیدی سەرۆک کۆماری کرد.

مەولەوی تا ساڵی ٢٠٢١ لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا پاڵپشتی ریفۆرمخوازەکانی دەکرد، بەڵام دواتر ناکۆکی لەنێوان ئەو و ریفۆرمخوازەکاندا لەسەر بەجێنەگەیاندنی بەڵێنەکانیان دروستبوو، بۆیە بڕیاریدا پاڵپشتی ئیبراهیم رەیسی بکات.

پشتگیرییەکانی بۆ موحافیزکارەکان تا رۆژی هەینی ڕەش بەردەوام بوو، بەڵام دواتر پاڵپشتییەکان بۆ ململانێیەکی سەخت گۆڕادران و ئەو ململانێیە تا ئەمڕۆ درێژەی هەیە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو