هەرێم دەیەوێت لەبەرامبەر هەناردەکردنی نەوتدا چەند داوایەک بەسەر عێراقدا بسەپێنێت
١٥ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:١٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
وەزارەتی نەوتی عێراقی ڕایدەگەیەنێت حکومەتی هەرێم ڕێگەنادات نەوت بە بۆڕی جەیهان هەناردەی دەرەوە بکرێت، لەکاتێکدا عێراق ڕێگاکانی تری هەناردەکردنی نەوتی داخراوە، هەرێمیش دەیەوێت عێراق هەندێک داواکاریی جێبەجێ بکات ئینجا ڕێگە بە هەناردەی نەوتەکەی بدات.
ئەمڕۆ وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەوان ئامادەی تەواویان تێدایە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بە بڕی ٣٠٠ هەزار بەرمیل لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە بۆ تورکیا، جگە لەو ٢٠٠ هەزار بەرمیلەی کە پێشتر لە کێڵگەکانی هەرێمەوە هەناردە دەکران.
بەغدا ئاماژە بەوە دەکات کە بۆڕی نەوتی هەرێم توانای گواستنەوەی ٩٠٠ هەزار بەرمیلی هەیە و ڕاگرتنی هەناردەکردنەکە زیانی گەورەی دارایی بە عێراق گەیاندووە.
وەزارەتی نەوت حکومەتی هەرێمی تۆمەتبار کردووە کە ئەو داوایەی پەسەند نەکردووە و "مەرجی وایان داناوە کە پەیوەندی بە پرسی نەوتەوە نییە".
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، حکومەتی هەرێم دەیەوێت چەند داوایەکی هەیە لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە بۆی جێبەجێ بکرێت، ئینجا ڕێگە بە هەناردەی نەوت بدات.
زانیارییەکان ئەو قسەیەی وەزارەتی نەوتی عێراقی پشتڕاستدەکەنەوە کە هەندێک لە داواکان پەیوەندییان بە بواری نەوتەوە نییە، لەوانە: جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا بۆ گومرک و هەروەها دابینکردنی دۆلار.
لەوبارەوە حکومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی پیشانداوە کە سیستەمی ئەسیکۆدا جێبەجێبکات، بەڵام بەو مەرجەی لەهەرێمدا وەزارەتی دارایی هەرێم سەرپەرشتی بکات نەک وەزارەتی دارایی عێراق، هەروەها ماوەیەکی بدرێتێ بۆ جێبەجێکردنی نەک ڕاستەوخۆ جێبەجێ بکرێت وەک حکومەتی عێراق داوای دەکات.
یەکێکی تر لە داواکارییەکانی هەرێم، دابینکردنی دۆلارە بۆ بازرگانان هاوشێوەی ناوچەکانی تری عێراق، کە بەوتەی خۆی لەم پرسەدا "گەمارۆی" دۆلار خراوەتە سەر بازرگانانی هەرێمی کوردستان.
پێشتر د. ڕێبوار کەریم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە پەنجەرەی وت: سوودانی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فراکسیۆنەکەی ئەوان (هەڵوێست) و کۆمەڵی دادگەریی، باسی لەوە کردووە کە "دۆخی ئابووریی عێراق قورسە" بەهۆی ڕاوەستانی هەناردەی نەوت.
باسی لەوەشکردبو کە بە فەرمی داوایان لە هەرێم کردووە بۆ هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی بۆڕی هەرێم- جەیهان، بەڵام وەڵامێکی ئەرێنییان وەرنەگرتووە.