بەرەی ناڕەزایەتی لە بەغدا دژی بڕیارەکەی هەرێم فراوان دەبێت

١٦ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:٠٢ پاش نیوەڕۆ

بەرەی ناڕەزایەتی لە بەغدا دژی بڕیارەکەی هەرێم فراوان دەبێت

پەنجەرە

دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بۆڕی هەرێم- جەیهان، گۆڕەپانی سیاسی عێراقی هەژاندەوە، دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک مەرجی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت پێشکەشکرد، لایەنە سیاسییەکانی بەغدا بە توندی هاتونەتە دەنگ.

عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ڕێگرییەکانی هەولێر بۆ هەناردەکردنی نەوت و دانانی مەرجی پێشوەختە، نیگەرانییەکی ڕەوا لای عێراقییەکان دروستدەکات.

فەیحان داوای لە حکومەتی فیدراڵ کرد کە "بە وریاییەکی زۆرەوە" مامەڵە لەگەڵ پڕۆژە ستراتیژییەکان بکات و پێشنیاری کرد پڕۆژەی گەورەی "ڕێگەی گەشەپێدان" بە جۆرێک دیزاین بکرێتەوە کە لەژێر هەژموونی هەولێردا نەمێنێت، بۆ ئەوەی حکومەتی ناوەند تووشی هیچ جۆرە "باجوەرگرتنێکی سیاسی" نەبێتەوە.

هاوکات فراکسیۆنی "سادقوون" لە پەرلەمانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا بەتووندی سەرکۆنەی مەرجەکانی هەرێمی کردووە و دەڵێت: نەوت و غاز سامانی هەموو گەلە و بەکارهێنانی وەک "کارتی فشار" زیان بە ئابووری نیشتمانی دەگەیەنێت.

فراکسیۆنەکانی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان"ـی سەر بە سودانیش، جەختدەکاتەوە لەوەی بەپێی ماددەکانی ١١٠ و ١١١ـی دەستوور، هەناردەکردنی نەوت تەنها لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵدایە.

جگە لە لایەنە شیعییەکان، لایەنە سوننەکانیش دژی ئەم بڕیارە وەستاونەتەوە.

حیزبی "تەقەدوم" لە بەیاننامەیەکدا لەوبارەیەوە، هەڵوێستێکی توندتری نیشانداوە و داوایکردووە لە بەرنامەی داهاتووی حکومەتدا، دەسەڵاتی بەغدا بەسەر کێڵگە نەوتییەکانی نەینەوا و کەرکوکدا بسەپێنرێتەوە. داواشدەکات "عێراق ڕێگەی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت بدۆزێتەوە، تا چیتر ئابووری وڵات نەکەوێتە ژێر مەرجەکانی حکومەتی هەرێم."

هاوکات بزووتنەوەی بابلیۆنی مەسیحییەکان کە لە شیعەکان و ئێرانەوە نزیکە و بەشێکە لە حەشد، لە بەیاننامەیەکدا لەوبارەوە دەڵێت:"هەوڵەکانی هەولێر بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتییە."

ئەم بەیاننامانە دوای ئەوەهات کە وەزارەتی نەوتی عێراقی ڕایگەیاند حکومەتی هەرێم ڕازیی نییە نەوتی عێراق لەڕێگەی بۆڕیەکەیەوە بگوازێتەوە کە ئێستا بەهۆی شەڕی ئێرانەوە هەناردەی نەوتەکەی ڕاگیراوە.

دواتر وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و باسی لەوەکرد کە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی نەوت هەموو رەهەندەکانی باس نەکردووە و حکومەتی عێراقی کاری نەکردووە بۆ ڕێگری لە میلیشیاکان کە هێرشدەکەنە سەر هەرێم و هەروەها گەمارۆی دۆلاری خستووەتە سەر بازرگانانی هەرێم بەهۆی سیستەمی ئەسیکۆداوە.

هاوکات دوای بەیاننامەی فراکسیۆنە عێراقییەکان، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و داوایکرد لەبری هەڕەشە، حکومەتی عێراقی کۆبوونەوەیەکی دەستبەجێ ئەنجام بدات بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەساردراوەکان.

هاوکات مەسعود بارزانی- سەرۆکی پارتیش، لە ڕاگەیەنراوێکدا هەمان داوای کۆبوونەوەی هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدای کرد.

ئەم پێشهاتانە لەکاتێکدایە کە بڕیارە سبەینێ سێشەممە، پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەک ئەنجامبدات نە ئامادەبوونی وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم و چەند بەرپرسێکی دیکە، بۆ تاوتوێکردنی پرسی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لەڕێگەی بەندەری جەیهان.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو