ئایا سەردەگرێت؟ بەغدا دەیەوێت بەبێ هەرێم نەوت هەناردەی تورکیا بکات

١٦ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:٠٥ پاش نیوەڕۆ

ئایا سەردەگرێت؟ بەغدا دەیەوێت بەبێ هەرێم نەوت هەناردەی تورکیا بکات

پەنجەرە

دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم رەتیکردەوە ڕێگە بە هەناردەی نەوتی عێراق بدات لەڕێگەی بۆڕییەکەیەوە بۆ تورکیا بەبێ جێبەجێکردنی هەندێک داواکاریی، حکومەتی ناوەندی پەنا بۆ پلانێکی کۆن دەبات، ئەویش کاراکردنەوەی هێڵی بۆری کەرکوک-جیهانە بەبێ پشتبەستن بە هەرێمی کوردستان.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، ڕایگەیاندووە کە تەنیا هەفتەیەکیان ماوە بۆ ئەوەی ئەم هێڵە ئامادەی کارکردن بێت.

وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرای کرد کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی کەنداو و پەککەوتنی گەرووی هورمز، عێراق ناچار بووە هەناردەی ٣.٤ ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی لە بەندەرەکانی باشوورەوە ڕابگرێت و ئاستی بەرهەمهێنان بۆ ١.٥ ملیۆن بەرمیل کەم بکاتەوە تەنیا بۆ پێداویستی ناوخۆ. ئەمە وایکردووە بەغدا بە خێرایی بەدوای دەرچەیەکی دیکەدا بگەڕێت، کە ئەویش "هێڵی باکوور"ـە بەرەو تورکیا.

هێڵە مێژووییەکە؛ ڕێگایەک بەدەر لە هەرێم

ئەو هێڵەی وەزیری نەوت باسی دەکات، هێڵە "ئیتیحادییە" کۆنەکەیە کە لە کەرکوکەوە دەستپێدەکات و بە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و نەینەوادا تێدەپەڕێت تا دەگاتە خاڵی سنووری "فیشخاپور".

ئەم هێڵە کە لە ساڵی ٢٠١٤ بەهۆی شەڕی داعشەوە زیانی گەورەی پێگەیشت، ئێستا ٨٠٪ـی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی تەواو بووە.

بەوتەی وەزیر، تەنیا ١٠٠ کیلۆمەتری ماوە بۆ پشکنینی کۆتایی و دەتوانرێت ڕۆژانە ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوکی پێدا ڕەوانە بکرێت.

ئایا ئەمە بەبێ هەرێمی کوردستان سەر دەگرێت؟

ئەمە پرسیارە سەرەکییەکەیە کە هاوکات دوو ڕووی هەیە: جوگرافی و سیاسی.

لە ڕووی جوگرافییەوە، هەرچەندە هێڵەکە بە ناو شارەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانیدا تێناپەڕێت، بەڵام لە کۆتا خاڵدا دەبێت بگاتە ناوچەی "فیشخاپور" بۆ ئەوەی بچێتە ناو خاکی تورکیا. فیشخاپور لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای دهۆکە لە هەرێمی کوردستان. لێرەدا بۆرییەکەی بەغدا و بۆرییەکەی هەرێم بەیەک دەگەن.

بۆیە ڕزگاربوون لە تێپەڕین بە ناو خاکی هەرێم لە ڕووی جوگرافییەوە لەو چەند کیلۆمەترە کۆتاییەدا کارێکی ئەستەمە و پێویستی بە هەماهەنگی ئەمنی و هونەریی هەیە لەگەڵ هەرێم.

هەرچی ڕووی سیاسی پرۆژەکەشە، ئەوا 
بەغدا دەیەوێت بەم هەنگاوە دوور بکەوێتەوە لە کێشەکانی هەرێم و پیشانی بدات کە خۆی دەتوانێت ئەو کارە بکات.

 هەربۆیە دەکرێت ئەم هەنگاوەی عێراق وەک مانۆڕێکی فشار لەسەر هەرێمی کوردستان ببینرێت.

چونکە لە ڕووی تیۆرییەوە بەغدا دەتوانێت زۆربەی ڕێگاکە ببڕێت بەبێ هەرێم، بەڵام لە ڕووی پراکتیکییەوە، بەوپێیەی هێڵەکە دواجار ناچار دەبێت هەر بە خاکی هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت و لەخاکی هەرێمەوە وەکو دوا خاڵ داخل بە تورکیا ببێت، هەربۆیە پێویستی بە جۆرێک لە لێکتێگەیشتن هەیە لەگەڵ هەولێر. ئەمە سەرباری ئەوەی هێشتا نازانرێت هەڵوێستی تورکیا لەمبارەیەوە چییە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو