ئەبو عەلی عەسکەریی؛ کۆتایی پیاوی سێبەر
١٧ ئازار ٢٠٢٦ - ٦:١٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەبو عەلی عەسکەریی، بەرپرسی ئەمنی و وتەبێژی کەتائیبی حـ..ـ.ـیزبـ..ـ.ـوڵڵای عێراقی، یەکێک بوو لەو ناوانەی بۆ ساڵانێکی درێژ وەک تارماییەک ئامادەیی هەبوو، هەتا دواجار ئاگری درۆنێک، کۆتایی پێهێنا.
ناسنامەیەکی ناڕوون
بۆ ماوەی چەندین ساڵ، ناسنامەی ڕاستەقینەی ئەبو عەلی عەسکەریی وەک مەتەڵێک مابووەوە، چونکە نەدەزانرا کێیە و ناوی ڕاستەقینەی چییە و تەنانەت هیچ وێنەیەکیشی نەردەست نەبوو.
لە کاتێکدا لێکۆڵینەوە ئەمنییەکان و کەسایەتیی وەک هیشام هاشمی ئاماژەیان بەوە دەکرد کە ئەو "حسێن موئنس- سەرۆکی جوڵانەوەی "حقوق"ـە، بەڵام دوای کوژرانی، پەردە لەسەر ڕاستییەکی دیکە هەڵدرا.
بەپێی نوێترین زانیارییەکان، ئەبو عەلی عەسکەریی کەس نەبووە جگە لە "زەید ئەحمەد موحسین فەرەج حەمیداوی"، کوڕە گەورەی ئەحمەد حەمیداوی (ئەبو حسێن)، ئەمینداری گشتی کەتائیبی حـ..ـ.ـیزبـ..ـ.ـوڵڵا.
ئەم گۆڕانکارییە لە زانیارییەکاندا دەریخست کە عەسکەریی تەنها بەرپرسێکی ئەمنی نەبووە لە حـ..ـ.ـیزبـ..ـ.ـوڵڵای عێراقییدا، بەڵکو شازادەی جێنشین و میراتگری سەرۆکی ڕێکخراوەکەش بووە.
کەتائیبی حـ..ـیـ.ـزبـ.ـوڵڵا، گروپێکی چەکداریی شیعییە و لە ساڵی ٢٠٠٣ـوە دامەزراوە . ئەم گروپە کە ئایدۆلۆژیای "ویلایەتی فەقیهـ" پەیڕەو دەکات و پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران هەیە.
ئەم گروپە لە ڕووی یاساییەوە بەشێکە لە حـ..ـ.ـەشـ.ـ.ـدی شەعبی (لیواکانی ٤٥، ٤٦، ٤٧)، بەڵام لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە لە ساڵی ٢٠٠٩ـوە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە.
تەمومژاویبوون؛ جەنگ لە پشت شاشەکانەوە
عەسکەریی بەوە دەناسرایەوە کە کەسایەتییەکی بێ ڕووخسار بوو. ئەو هیچ کات لە میدیاکاندا دەرنەدەکەوت و تەنها لە ڕێگەی ئەکاونتەکانی لە "تێلیگرام" و "ئێکس" پەیامەکانی بڵاودەکردەوە.
پۆستەکانی ئەو وەک فەرمانی سەربازی وابوون؛ هەڕەشەی لە سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و تەنانەت سەرۆکایەتی ئەمریکاش دەکرد.
ئەم شێوازە لە کارکردن وایکردبوو کە تەمومژێکی گەورە لە دەوری دروستبێت، کە هەم بۆ پاراستنی ئەمنی خۆی بوو، هەم بۆ دروستکردنی ترسێکی دەروونی لە دڵی نەیارەکانیدا.
تۆمەتەکان؛ لە خوێنی هاشمییەوە بۆ لیستی تیرۆر
ناوی ئەبو عەلی عەسکەری بە یەکێک لە تاریکترین دۆسیەکانی تیرۆر لە عێراق بەستراوەتەوە، ئەویش تیرۆرکردنی پسپۆڕی ئەمنی "هیشام هاشمی"ـیە لە ساڵی ٢٠٢٠.
هاشمی پێش کوژرانی ئاشکرای کردبوو کە عەسکەریی هەڕەشەی لێکردووە، ئەمەش وایکرد پەنجەی تۆمەت بۆ ئەو و گروپەکەی ڕابکێشرێت لە تیرۆرکردنیدا.
جگە لەوە، لە ساڵی ٢٠٢١ـدا، دەسەڵاتی دادوەری عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ عەسکەیی دەرکرد بەپێی یاسای دژەتیرۆر، ئەمەش دوای ئەوەی بە ئاشکرا هەڕەشەی لە بەرپرسانی باڵای حکومەت کردبوو.
کۆتاییەکی دراماتیکی؛ باوک و کوڕ لە یەک ڕۆژدا
ڕۆژی ١٤ـی ئاداری ٢٠٢٦، بووە دواوێستگەی ژیانی عەسکەریی. لە هێرشێکی درۆنیدا (کە گومان دەکرێت ئەمریکی بێت) لە ناوچەی "بەلەدیات" لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا کرایە ئامانج. تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە، هەواڵی کوژرانی باوکیشی (ئەحمەد حەمیداوی) لە ناوچەی کەڕادە بڵاوبووەوە.
کەتائیبی حـ..ـ.ـیزبـ..ـ.ـوڵڵا دوای دوو ڕۆژ بێدەنگی، لە ١٦ـی ئاداری ٢٠٢٦ بە فەرمی کوژرانی عەسکەریی ڕاگەیاند، بەڵام هێشتا کوژرانی باوکی (ئەحمەد حەمیداوی) ڕانەگەیاندووە.