بەسیج؛ هێزێکی تێکەڵاو لە سەرمایەی مرۆیی و سەربازیی و کۆمەڵایەتی لەنێو دڵی کۆمەڵگای ئێرانیدا
١٨ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:١١ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هێزەکانی بەسیج تەنها هێزگەلێکی سەر بە سوپای پاسداران نین، بەڵکو هێزگەلێکی خێرای دەست حکومەتن و ئاسایش لەگەڵ ئایدۆلۆژیا و سیاسەتدا پێکەوە گرێ دەدەن.
دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ـی ئێران دژ بە سیستەمی پاشایەتی، بەسیج وەکو هێزێکی جەماوەری بۆ پاراستنی دەسەڵاتی نوێی ئێران و شەڕی ئەو وڵاتە دژی عێراق پێکهێنرا.
دواتر برەو بەرۆڵی هێزەکانی بەسیج درا و رۆڵی کۆنترۆڵکردنی ناوخۆی وڵات، چاودێریکردنی کۆمەڵگا، بەهێزکردنی پایەی ئایدۆلۆژیی و بەهێز کردنی رۆڵی سوپای لەناو دەوڵەت و کۆمەڵگادا پێ سپێردرا.
هێزەکانی بەسیج لە ساڵی ١٩٧٩ بەفەرمانی خومەینی دروستکران، وەک بەشێک لە پێکهێنانی سوپایەکی "بیست ملیۆنی" بۆ بەرگریکردن لە شۆڕش و دەسەڵاتی نوێی ئێران.
سەرەتا رۆڵی ئەمنی و خزمەتگوزاری پێ سپێردرا تا لەکاتی شەڕی ئێران- عێراق دا توانا مرۆییەکان رێکبخات و کۆیان بکاتەوە، ئەوکات خۆبەخشە گەنجەکان مەشقپێکراو نەبوون و لە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ جێگیر دەکران لەو سنورانەی بە مین چێنرابوون.
دوای تەواو بوونی شەڕی نێوان ئێران و عێراق کۆتایی بە رۆڵی بەسیج نەهێنرا، بەڵکو کرایە هێزێک بۆ زامنکردنی ئاسایشی ناوخۆی ئێران.
لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانی ئێران سود لە بەسیج وەرگیرا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان، بەتایبەت ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٩٩٩ـو ناڕەزایەتی سەوز پۆشەکانی ساڵی ٢٠٠٩ـو خۆپیشاندانەکانی دواتریش.
پێگەی بەسیج لەناو هێزە چەکدارەکاندا
بەسیج وەک هێزێکی تەواو سەربەخۆ کار ناکات، بەڵکو ملکەچی بڕیارەکانی سوپای پاسدارانە و لەلایەن سوپاوە فەرماندەیی دەکرێت.
ژمارەی ئەندامانی بەسیج نادیارە بەوپێیەی درێژکراوەی سوپای پاسدارانە لەنێو شار، زانکۆ، سەندیکا و گەڕەکەکاندا، بەمپێیە بەسیج هێزێکە دامەزراوە سەربازییەکان و کۆمەڵگا پێکەوە گرێ دەدات.
بەسیج سوپایەکی رێکخراو و هێزی سەر شەقام نییە، بەڵکو تۆڕێکی لایەنگرانی رژێمە لەنێو کۆمەڵگادا بەجلی مەدەنییەوە، ئەرکی چاودێریکردنی کۆمەڵگا و کۆکردنەوەی ئەندامەکانیەتی لەکاتی پێویستدا بۆ پارێزگاریکردن لە رژێمەکە.
بەسیج؛ پێکهاتەیەکی ئاڵۆز لەنێو دڵی کۆمەڵگادا
بەسیج چەندین پێکهاتەی جیاوازی هەیە، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، کلتوریی و پیشەیی، هەروەها خاوەنی چەندین کەتیبەی جیاوازە بۆ کۆنترۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکان و پاڵپشتی لۆجستییەوە تا دەگاتە راهێنانی سەربازیی.
بەسیج دەیان لقی هەیە، بەجۆرێک خوێندکاران، کارمەندان، کرێکاران، هۆزەکان، وەرزشکاران، راگەیاندکاران، هونەرمەندان، پیاوانی ئاینیی و سەرجەم چین و توێژەکان لەنێو ئەم هێزەدا جێیان کراوەتەوە.
بەسیج لەکاتە هەستیار و پێویستەکاندا سودی لێدەبینرێت بۆ پشکنین و کۆنترۆڵکردنی چین و توێژە جیاوازەکان، ئەمەش وایکردووە لەلایەن دەوڵەتەوە بایەخی گەورەی پێبدرێت.
بەسیج؛ بڕبڕەی پشت ئاسایشی ناوخۆ
بەسیج هێزی سەرەکی وەڵامدانەوەی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانە، هاوشانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کاردەکات و لەکاتی پێویستدا، ئەندامەکانی بەخێرایی لەرێگەی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلەوە ئامادەی شەقامەکان دەبن.
ئەرکی بەسیج لەکاتی ناڕەزایەتییەکاندا بڵاوەپێکردن و دەستگیرکردن و چاودێریکردنی چالاکوانانە، هەندێکجاریش بەجلی مەدەنییەوە و بۆ دەستخستنی زانیاری دەبنە بەشێک لە ناڕەزایەتییەکان.
بۆیە ئێران لەرێگەی بەسیجەوە بەتێچوویەکی کەم و پشت بەست بەتۆڕێکی فراوانی نێو کۆمەڵگا ناڕەزایەتییەکان کۆنترۆڵ دەکات، هەروەها بەکاتێکی کەمیش هەزاران ئەندام دەهێنێتە سەر شەقام و ئەرکەکانیان پێ جێبەجێ دەکات.
بەسیج لە نێوان سیاسەت و ئابووریدا
بەسیج تەنها هێزێکی ئەمنی نییە، بەڵکو رۆڵیشی لە کایە سیاسی و ئابوورییەکەدا هەیە، بەوەی لە هەڵبژاردن دا پاڵپشتی کاندیدی دڵخوازی سوپا دەکات، هەروەها بەسودوەرگرتن لە سوپا بەشێکیشە لە پرۆژە بازرگانیی و ئابوورییەکان.
رۆڵە گرنگ و جۆراوجۆرەکانی وایکردووە ببێتە بەشێکی گرنگ لە دەسەڵات نەک هێزێکی لاوەکی، بەتایبەت بەسیج هاوکارە بۆ پاراستنی هاوسەنگی سیاسی ناوخۆیی و پێگەی سوپاش لەناو دامەزراوەکاندا بەهێز دەکات، ئەمە جگە لەوەی کۆکەرەوەی بنکە کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژییەکانە لەکاتی پێویستدا.
بەسیج و جەنگی نەرم
ڕۆڵی بەسیج تەنها لە شەقام و گۆرەپانی ئاسایشیدا قەتیس نەبووە، بەڵکو هاوشانی سوپا بەشدارە لە پڕوپاگەندە و رووبەڕووبوونەوەی نەیارە سیاسی و میدیاییەکانی رژێم لەناوخۆ و دەرەوەی ئێران.
بەسیج لەرێگەی فەزای ئەلیکترۆنییەوە جەنگی نەرم دژ بە نەیارانی ئێران بەڕێوە دەبات، بەهەزاران ماڵپەڕ و لاپەڕەی سۆشیال میدیا بەڕێوە دەبات، لەمڕێگەیەوە بەرەنگاری نەیارەکانی دەبێتەوە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هەزاران ئەندامی بەسیج ڕاهێنانیان لە بواری بلۆگکردن و چاودێریکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕیپۆرتکردنی لاپەڕەکانی ئۆپۆزسیۆن و بەشداریکردن لە هەڵمەتە ڕێکخراوەکانی ئۆنلایندا وەرگرتووە.
بەسیج تۆڕێکی میدیایی بەڕێوە دەبات، ئەمە جگە لەوەی پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ میدیاکانی سەر بە سوپای پاسداراندا هەیە.
بەسیچ؛ هێزە تێکەڵەکە
بەسیج هێزێکی تێکەڵاوە لە هێزی کۆمەڵایەتی و مەیدانی لەگەڵ هێزی دیجیتاڵی، ئەندامەکانی لەسەر شەقامەکان و لە فەزای ئەلیکترۆنیشدا کار دەکەن، ئامانج لەمەش کۆنترۆڵکردنی کایە ئەمنیی و میدیایی و کۆمەڵایەتییەکانە.
بەسیج کە سەدان هەزار کەسی لە دەوری خۆی کۆکردووەتەوە، ئامرازێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتی، خاوەن سەرمایەی مرۆییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان، هەروەها ئامرازێکیشە بۆ رۆچوونە نێو کۆمەڵگا.
بۆیە بەسیج ئەو هێزەیە کە تێکەڵەیەکە لە خاوەن خەڵکانی ئایدۆلۆژی، چەک و رێکخستنە کۆمەڵایەتییەکان پێکەوە گرێ دەدات، هەروەها لەنێو پێکهاتە ئەمنی و سیاسییەکاندا پێگەدارە.