هەڕەشە لە سودانی کرا؛ چۆن میلیشیاکان درۆن دەگوێزنەوە و دەزگا ئەمنییەکانیش دەستەوەستانن بەرامبەریان
١٨ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:١٤ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق زانیارییان لەبارەی جموجۆڵی میلیشیا شیعەکان بۆ کەناڵی “ الحرە” ئاشکرا کردووە، بەوەی نیگەرانی لەنێو دەزگا ئەمنیی و سەربازییەکانی عێراق دروستبووە لەبەرامبەر بێ توانایی حکومەت لە رێگرتن لە هێرشی میلیشیاکان.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیاکە لەزاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە بڵاویکردووەتەوە، میلیشیاکان تاکتیکی جۆراو جۆر بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانیان بەکار دەهێنن، بەتایبەت بۆ گواستنەوەی درۆن سود لە دەزگا دەوڵەتییەکان وەردەگرن و فشار دەخەنە سەر حکومەتیش بۆ ئەوەی رێگرییان لێنەکات.
لێکۆڵینەوە ئەمنییەکان دەرخەری ئەوەن، حزبوڵای عێراق و نوجەبا لە پشت هێرشەکانی عێراقەوەن، بەڵام هێرشەکان لەژێر ناوی گروپی جۆراوجۆر و بەرەی موقاوەمەدا ئەنجام دەدەن.
ئەفسەرێکی عێراقی کە لە دەزگایەکی ئەمنی هەستیاردا کاردەکات، دەڵێت: کێشەکە ئەوەیە دەزانین کێ هێرشەکان ئەنجام دەدات، بەڵام کاتێک هەوڵی دەستگیرکردنیان دەدەین، هەندێک لایەن دەستوەردان دەکەن و رێگرن لەبەردەم ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆندا بۆ سەر گروپەکان.
بەپێی وتەی ئەفسەرەکە، بەم دواییانە کەسێکیان دەستگیر کردووە لەپشت ئەنجامدانی بەشێک لە هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی بەغداو هەندێک هێرشی ترەوە بووە.
دەشڵێت: له نێو ئه وانه ی ده ستگیرکراون، لیوایەکیان تێدا بووە و وەکو فەرماندەی کەتیبە لە پۆلیسی فیدراڵی کاریکردووە، دەستی هەبووە لە گواستنەوەی درۆن لەنێو شاری بەغدا و دەربازکردنی درۆنەکان بەبێ تێپەڕین بە خاڵەکانی پشکنین دا.
ئەفسەرە عێراقییەکە دەڵێت: ئەو ئەفسەرە و ئەنجامدەرانی هێرشەکە کە سەر بە حیزبوڵا بوون دەستگیرکران، بەڵام لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا هەموویان ئازادکران، دوای ئەوەی گروپەکان فشاریان خستە سەر حکومەت.
دەزگا ئەمنییەکانی عێراق زانیاریی وردیان لەبارەی جوڵەی میلیشیاکان لایە، بەڵام بوونی ترس لە تۆڵە لێکردنەوە وایکردووە نەوێرن رێوشوێنی پێویست لە بەرامبەریان بگرنەبەر.
هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشەکان و ئاڵۆزبوونی دۆخەکە، هەفتەی رابردوو، حکومەتی عێراق هەنگاوی نا بۆ دەستگیرکردنی گروپێکی بەرپرس لە هێرشەکان.
هێزێکی دەزگای دژە تیرۆر، بارەگایەکی هێزەکانی حەشدی لە شاری بەغدا گەمارۆدا بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک تۆمەتباری هەڵدانی درۆن، بەڵام ئۆپەراسیۆنەکە لە کۆتا ساتەکاندا هەڵوەشێنرایەوە.
ئەفسەرەکە وتی: هێزەکە بەبێ تەواوکردنی ئەرکەکەی لە شوێنەکە کشایەوە، دوای ئەوەی فەرمانی ڕاستەوخۆی کشانەوەیان پێگەیشت.
بەپێی وتەی سەرچاوەکان، هێزەکەی دژە تیرۆر دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەبو فەدەک، سەرۆک ئەرکانی حەشد کشاوەتەوە.
راوێژکارێکی حکومەتی عێراق دەڵێت: ئەبو فەدەک هەڕەشەی ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە و تۆڵە سەندنەوەی لە سەرۆکوەزیران کردووە، گەر چەکدارانی حەشد دەستگیر بکرێن. ئەمەش سودانی ناچار کردووە هێزەکانی دژە تیرۆر بکشێنێتەوە.