میدیای ئیسرائیل: موجتەبا خامنەیی ئامانجی هێرشەکانی ئیسرائیلە لە دوای کوژرانی لاریجانی
١٨ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:٢٦ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کوشتنی عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی و چەند فەرماندەیەکی باڵای بەسیج لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی و هەواڵگیریی ئیسرائیلدا، خواستی تەلئەبیب بۆ جێهێشتنی ئێران بەبێ سەرکردە مەیدانی و کاریگەرەکانی پشتڕاست دەکاتەوە.
بەپێی هەڵسەنگاندنی بەرپرسانی ئیسرائیل بۆ دۆخی ئێران، موجتەبا خامنەیی ڕێبەری نوێی ئێران لاوازە و هێشتا ئەرکەکانی نەگرتووەتە ئەستۆ، بۆیە کوشتنی لاریجانی کە بەدووەم بەرپرسی باڵا لە دوای رابەر دادەنرێت، ناسەقامگیری لەنێو دەسەڵاتی ئێران دروست دەکات.
هەرچەندە لاریجانی دژی دانانی موجتەبا خامنەیی بوو بەرابەری نوێی ئێران، بەڵام لەم قۆناغەدا رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە هەوڵدان بۆ مانەوەی ئێران بە بەهێزی و دەربازکردنی لەم دۆخە سەختە.
میدیا ئیسرائیلییەکان، کوژرانی لاریجانی و فەرماندە باڵاکانی بەسیج بە وەشاندنی گورزێکی گەورە لە ئێران ناو دەبەن، بەو پێیەی بەسیج بەشێکە لە هێزە چەکدارەکانی ئێران.
هێزەکانی بەسیج بەفەرماندەیی سولەیمانی کە شەوی رابردوو کوژرا، تۆمەتبار دەکرێن بە نواندنی توندو تیژیی و کوشتن و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرانی ئێران.
بەپێی میدیای ئیسرائیل، ئیسرائیل بەردەوامە لە گەڕان و کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر رابەری نوێی ئێران، کە پێدەچێت لە ژیاندا بێت.
ئیسرائیل گومانی لەو زانیارییانە هەیە کە باس لەوە دەکەن، موجتەبا خامنەیی بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ مۆسکۆ گواستراوەتەوە، بەڵام پێشیانوایە پێناچێت بتوانێت دۆخی ئێران بەتەواوی کۆنترۆڵ بکات.
میدیای ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەیانەوە گواستوویانەتەوە، موجتەبا خامنەیی لەژێر کاریگەری فەرماندەکانی سوپای پاسداراندایە و هەنگاوەکانی لەسەر بنەمای دیدگای ئەوان دەهاوێژێت.
سەرچاوە ئەمنییەکان لە تەلئەبیب، دەڵێن: دوای تیرۆرکردنی عەلی لاریجانی و فەرماندەکانی بەسیج، موجتەبا خامنەیی دەبێتە ئامانجێکی سەرەکی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکانی ئیسرائیل لە ئێران.
بەڵام سەرچاوە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە پێیانوایە، هەڵبژاردنی موجتەبا تەنها زیانی نابێت بەڵکو دەرفەتیش دەخاتە ڕوو، چونکە لاوازی و نەبوونی ڕەوایەتی رەنگە ئەنجامەکەی لە قازانجی ئیسرائیل بێت.
دەشڵێن: لە ناو ڕژێمی ئێراندا دووبەرەکی هەیە، بەڵام بەو شێوەیەی کە هیوای بۆ دەخوازرێت، بەرچاو نییە.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئێرانییەکان ترسیان لە راپەڕین هەیە، بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیل و ئەمریکا و پەکخستنی هێڵەکانی ئینتەرنێت.