لاریجانی و کوژراوەکانی تری هاوبیری، مرۆڤن یان «شت»؟

١٨ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:٠٠ پاش نیوەڕۆ

د. سەرکەوت جەلیل

«شت» چییە؟ ئێمە بۆ پێناسەی هەموو وشە و هەبوویەک، دەڵێین شتێکە... بەڵام «شت» خۆی چییە؟

بۆ ئەویان بگەڕێینەوە بۆ یاسای ڕۆمایی (Roman Law) کە تێیدا پێناسە و پۆلێنی «شت» کراوە.

بە گوێرەی یاسای ڕۆمایی، «شت - res» بریتییە لە هەر هەبوویەکی نێو جیهانی دەرەکی (دەرەوەی مرۆڤ)، کە لە باریدا بێت سوود بە مرۆڤ بگەیەنێت و ببێتە بابەتی موڵکدارێتیی تایبەت و بەگشتی بەهایەکی ئابوورییشی هەبێت.

لێرەوە تێبینی دەکرێت، شت لە دەرەوەی مرۆڤەوەیە، واتە مرۆڤ نابێتە شت؛ شتبوون و مرۆڤبوون، دووانەیەکی لێک جودان: مرۆڤ نابێتە شت  و شتیش نابێتە مرۆڤ. هەڵبەت لەو سەردەمەدا کۆیلەداری و کۆیلایەتی، یاسایی و ئەخلاقیی بوون و وەک بەشێک لە نەزمی سروشت سەیر دەکرا. بۆیە کە باسی شتبوون و مرۆڤبوون دەکرێت، کۆیلە ناگرێتەوە. بەپێچەوانەوە، کۆیلە بە شت و وەک شت یان موڵکێکی گوازراوە، ئەژمار کراوە. هەروەها ژنیش، ڕاستە وەک کۆیلە ئەژمار نەکراوە، بەڵام لە ئاستی پیاویشدا نەبووە. ژن لە پێگەی نێوان کۆیلە و پیاودا بووە، لە یەکەم بەرزتر و لە دووەمیش نزمتر سەیر کراوە.

هەر بەپێی یاسای ڕۆمایی، شت بۆ چەند جۆر و پۆلێک دابەش دەبێت (دواتر لە فیقهی ئیسلامییشدا کەم تا زۆر هەمان پۆلێنکاریی دەبینرێت):

ڕێس کۆرپۆرالیس: هەبووی هەستەکی یان بەرجەستە، وەک کۆیلە، زێڕ و زیو. ئەو شتانەی دەکرێت دەستیان لێ بدرێت. 
ڕێس ئینکۆرپۆرالیس: پێچەوانەی ئەوەی یەکەم. ئەو هەبووانەی ناکرێت دەستیان لێ بدرێت، وەک میراتی یان هەر کامێک لە مافەکان. 

ڕێس فونجیبیلیس: ئەو هەبووانەی هاوشێوەیان هەیە و دەکرێت بەدیلیان بۆ بدۆزرێتەوە، بۆ نموونە شەراب یان هەر کامێک لە میوەکان. 

ڕێس کۆنسومپتیبیلیس: ئەو هەبووانەی بەکار دێن و بە بەکارهێنانیش تێک دەچن یان لەناو دەچن، وەک خۆراک. 

ڕێس مۆبیلیس و ئیممۆبیلیس: هەبووی گوازراوە و نەگوازراوە. یەکەمیان ئەوانەن کە دەکرێت بجووڵێنرێن، وەک ئۆتۆمبیل و داشقە و مۆبایل. دووەمیان جێگیرەکانن و ناکرێت بجووڵێنرێن، وەک زەوی و خانوو (ڤێلا، شوقە).

ڕێس پوبلیکا: هەبووە گشتییەکان، ئەوانەی هی دەوڵەتن و کەس بۆی نییە بە تەنیا بۆ خۆی قۆرخیان بکات، وەک ڕووبار (دەریا و زەریا) و دارستان و فەرمانگە میرییەکان و جادە و بەندەرەکان. 

ڕێس دیڤینی جوریس: ئەو هەبووانەی تایبەتن بە ئاین و شەریعەتە پیرۆزەکان، وەک پەرستگا و گۆڕستانەکان.

لای ئیمانوێل کانت، کە ئاغای لاریجانی تێیدا پسپۆڕ بوو، زۆر بایەخ بە مرۆڤبوون دراوە. کانت چەمکێکی هەیە، نازانم چۆنی بکەمە کوردی، پێی دەوترێت ئەیجنسی (agency). کانت کە باسی مرۆڤ دەکات، وەک هەبوویەکی خاوەن هۆش و ئازاد یان خاوەن ویستی ئازاد دەیناسێنێت. جگە لەوەش مرۆڤ کە ئەیجنتە یان خاوەنی ئەیجنسییە، دەبێت مرۆڤەکانی تریش بەو چاوەوە سەیر بکات، نەیانکات بە کۆیلە و بۆ سوودی خۆی بەکاریان نەهێنێت. لێرەوە ڕستە ناودارەکەی دەڵێت: مرۆڤ دەبێت هەمیشە ئامانج بێت، نەک ئامراز. چونکە ئەو کاتەی مرۆڤ دەکرێتە ئامراز، لە مرۆڤبوون دەکەوێت و دەچێتە پۆلێنی شتەوە و لەوە دەکەوێت لەگەڵ درۆن و مەقەستێکدا، جیاوازیی هەبێت.

ئایا لاریجانی و هاوشێوەکانی "کوژراوانی بەرەی بەرگری (موقاوەمە)" بە مانا ڕۆماییەکە شتن، یان بە دیدە کانتییەکە مرۆڤ؟ پاشان ئەو برادەرانە و شێوازی ژیان و تێکۆشانیان، بۆ ئێمەی کورد چی دەگەیەنن؟ ئایا سەرچاوەی ئیلهامن، یان سەرچاوەی سڵکردنەوە و تۆقین؟ چونکە لە حاڵەتی یەکەمدا دەبێت بپرسین: چۆن هەندێک مرۆڤ هەبن یان پەروەردە بکرێن، کە تا مردن بەرگری لە دۆزی نەتەوەیی یان ئاینییان بکەن؟ بۆ حاڵەتی دووەمیش دەبێت بپرسین: چۆن سیستەمێک یان دەوڵەتێک بینا بکرێت کە سەربەخۆیی نەتەوەیی مسۆگەر بکات، بەڵام تاکەکانی بەو ڕادەیە نەپلیشێنێتەوە و لە مرۆڤبوونیان نەخات؟ ئەم دوو پرسیارە کەمتر دژی یەکن، چونکە تەواوکاری یەکترن. هەر یەکێکیان پێویستییەکانی قۆناغێکی دیاریکراو، دووپات دەکەنەوە. بەڵام بۆ کەیسی لاریجانی و هاوشێوەکانی و ڕژێمەکەی ئێران، مەسەلەکە جۆرێکی ترە.

خودی ئاغای لاریجانی پسپۆڕی کانت بوو، پێی وا بوو بە مانا کانتییەکە مرۆڤە و خاوەنی ئەیجنسی و ویستی ئازادە. بەڵام دوا جار هاوشێوەی برغوویەکی نێو دەزگایەکی زەبەلاح، کرایە ئامراز و پاش مردنیشی، ڕژێم حاشا لە پێویستیی وەک مرۆڤێکی خاوەن ئەیجنسی، دەکات! لە نێو کورددا کە چەوساوەیە و لە قۆناغی خەبات و ململانێی ڕزگاریی نەتەوەییدایە، لاریجانییەکان پێویستن (بە هەندێک تێبینی و تەحەفوزەوە). بەڵام بۆ قۆناغی دوای ئاواکردنی دەوڵەت، ئەو دیدە بۆ مرۆڤ ترسناکە.

کێشەی ئێرانی دوای شۆڕشی ۱۹۷۹ و دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی، ڕێک لەم خاڵەدایە: ئەوان ئێستاشی لەگەڵ بێت، باوەڕیان بە ئازادی و بەوەی ئازاد بوون، نییە؛ ئەوان هێشتا پێیان وایە لە قۆناغی شۆڕش و خەباتی ڕزگاریی نەتەوەیی و ئاینیدان.
بۆیە هێشتا نەپەرژاون بیر لە قۆناغی پاش ئاواکردنی دەوڵەت بکەنەوە و سەرباری هەبوونی یەک لە دەوڵەتە بەهێز و دەوڵەمەندەکانی ناوچەکە، لە ڕەزالەتدا بژین و بەرگی جیهاد و خەباتی ئینتیحاری، فڕێ نەدەن. هێشتا وەک مرۆڤ بە مانا کانتییەکەی ناژین، بەڵکو زیاتر ڕۆڵی شت و کەرەستە و ئامراز بۆ ڕژێمەکە دەگێڕن. واتە ئەوان هێشتا نەگەییون بە قۆناغێک کە بڵێن لە پرسیاری یەکەمەوە بچینە سەر پرسیاری دووەم، بەڵکو تا ئێستە "سەرەڕای ئاواکردنی دەوڵەت" لە دۆخی پرسیاری یەکەمدا ماون.

لێرەوە ئەم پرسە و ئەو پرسیارانە بۆ ئێمەی کورد، جەوهەری و زیندەیین!


نوێترین شرۆڤەکان