شەڕێ نێوان ئەمەریکا- ئیسرائیل لەگەڵ ئێران؛ هەمووان خوازیاری کۆتاییهاتنی جەنگن لەکاتێکدا لەسەر ئەنجامەکەی ناکۆکن

١٩ ئازار ٢٠٢٦ - ٣:٢٥ پێش نیوەڕۆ

 شەڕێ نێوان ئەمەریکا- ئیسرائیل لەگەڵ ئێران؛ هەمووان خوازیاری کۆتاییهاتنی جەنگن لەکاتێکدا لەسەر ئەنجامەکەی ناکۆکن

پەنجەرە

لایەنە بەشداربووەکانی شەڕی نێوان ئەمەریکا- ئیسرائیل لەگەڵ ئێران خوازیاری کۆتاییهاتنی جەنگن، بەڵام هەرلایەنە و دەیەوێت لەمیانی جەنگەکەدا ئامانجەکانی بەدی بهێنێت، ئەوکات بڕیار لەبارەی جەنگەوە بدەن.


ئەمەریکا

ئامانجی سەرۆکی ئەمەریکا لە شەڕی دژ بە ئێران تاڕادەیەک ناڕوونە، ئامانجەکانی لەنێوان سنوردارکردنی بەرنامە ئەتۆمی و موشەکییەکانی لەگەڵ ملکەچکردنی ئێران بۆ خواستەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل تا رووخانی رژێمەکە گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

ئێران خۆڕادەستکردن بە خواستەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل رەتدەکاتەوە، هەرچەندە دوای تێپەڕبوونی 19 رۆژ بەسەر شەڕەکەدا، توانا سەربازیی و موشەکییەکانی بەتەواوەتی لاواز بووە و بەشێکی زۆر لە سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی هێڵی یەکەمی لەدەستداوە.

لەمیانی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمەریکا بەنێوەنگیری عومان، ئێران ئامادەبوو بەرامبەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەرمی بنوێنێت، بەڵام رەتیکردەوە دەست لە بەرنامە موشەکیی و پاڵپشتیکردنی گروپە چەکدارەکانی ناوچەکە هەڵبگرێت.

سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ واشنتۆن خوازیاربوو پرۆسە سەربازییەکانی بەخێرایی گۆڕانکاری لەنێو ئێران دا دروست بکات و زوو شەڕەکە کۆتایی بێت، لەکاتێکدا 19 رۆژە شەڕ بەردەوامە و هیچ ئاماژەیەک بۆ گەیشتنی ئەمەریکا بە ئامانجە گەورەی بەدی ناکرێت.

پێدەچێت لەئێستادا ئامانجەکانی ئەمەریکا لەرووخانی رژێمەکەوە بۆ ناچارکردنی سەرکردە نوێیەکانی ئێران بە خواستەکانی گۆڕابێت، لەکاتێکدا ئێران ئەمەش رەتدەکاتەوە و پێدەچێت هەردوو لایەنی شەڕ گرەو لەسەر کات بکەن.

بەرزبوونەوەی نرخی وزە و داخستنی گەروی هورمز لەگەڵ هەڵکشانی نیگەرانییە نێوخۆییەکانی ئەمەریکا لە بەرامبەر شەڕ، ئەو گرەوە بێت کە ئێران خوازیارە ببێتە هۆی راگرتنی هێرشەکانی سەری.

ئێران خوازیارە شەڕەکە کۆتایی بێت، بەڵام نەک لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی هەموو خواستەکانی ئەمەریکا و دەرچوون لێی بەسەرکەوتنەوە، بەڵکو دەیەوێت دۆخەکە بەجۆرێک هێور ببێتەوە مانەوەی رژێمەکە و مل نەدانی بەهەموو خواستەکان بۆ خۆی دەستەبەر بکات.

بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپا رەتیدەکەنەوە هێزی دەریایی خۆیان بۆ یاوەریکردنی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەروی هورمز بەکاربهێنن، بەو پێیەی هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ شەرەکەدا نەبوون.

خواستی ئێران لەوەدا چڕبووەتەوە شەڕەکە بەجۆرێک کۆتایی بێت گەرەنتی پێبدرێت جارێکی تر نەکرێتەوە ئامانج، بەلای ئێرانەوە ئەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە گەر لەم شەڕەدا رزگاری ببێت و لەناوخۆ و دەرەوە وەکو سەرکەوتن بیفرۆشێتەوە.


ئیسرائیل

ئیسرائیل لەهەموو وڵاتانی تر زیاتر خوازیاری درێژەکێشانی شەڕە، بەوپێیەی دەیەوێت کۆتایی بە مەترسییەکانی ئێران بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی بهێنێت، جا لەرێگەی لاوازکردن یاخود داڕووخانی رژێمەکەوە بێت.

ئیسرائیل هەوڵدەدات کۆگا موشەکییەکان و فەرماندەییە سەربازییەکان، لەگەڵ بنکە و ئەو ناوچانە بەتەواوەتی خاپور بکات کە رادارەکانی لێ جێگیر کراون، ئەمە جگە لەوەی تازەترین هەنگاوەکانیشی بە ئاراستەی داڕووخاندنی ژێرخانە ئابوورییەکەشیەتی.

دوای کۆتایی هاتنی شەڕ چاوەڕوان دەکرێت ئێران هەوڵی بونیاتنانەوەی ژێرخانە سەربازیی و ئابوورییەکەی بدات، لەکاتێکدا ئیسرائیل ئەو پەیامە دەگەیەنێت هەرکات بیەوێت دووبارە دەتوانێت ژێرخانەکەی وێران بکاتەوە.

ئیسرائیل بەرنامە ئەتۆمی و موشەکە

 بالیستییەکانی ئێران بە هەڕەشە بۆ سەر بوونی خۆی دەزانێت، بەوپێیەی تاپێش شەڕ ئێران خاوەنی پیشەسازییەکی گەورەیی ناوخۆیی موشەک و درۆن بوو، تەنانەت درۆنی بۆ شەڕی ئۆکرانیا بە روسیا دەدا.

رووخانی ئێران ئامانجی سەرەکی ئیسرائیلە، بەبێ گوێدانە لێکەوتەکانی شەڕ لەسەر داهاتووی ئێران، بەوپێیەی کۆتاییهێنان بە مەترسییەکانی ئەو وڵاتە گرنگترین ئامانجیەتی، لەکاتێکدا وڵاتانی تر ترسیان لە رووخانی رژێمەکە هەیە بەهۆی لێکەوتە مرۆیی و ئابووریی و ئەمنییەکانی لەسەر ناوچەکە.


وڵاتانی کەنداو 

پێش هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان ئەمەریکا- ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، جۆرێک لە هێوربوونەوە لە پەیوەندی نێوان ئەو وڵاتە و وڵاتانی کەنداو دروست بوو، بەڵام هەڵگیرسانی شەڕ متمانەی لەنێوانیان نەهێشت.

وڵاتانی کەنداو لە بارودۆخەکە توڕەن و نیگەرانن لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەریان، بەوپێیەی رۆژانە رووبەڕووی هێرشی موشەکی و درۆنی ئێران دەبنەوە، بەڵام تائێستا نەبوون بە بەشێک لە شەڕ.

هەرچەندە ئێران لەبەرامبەر وڵاتانی کەنداو هێڵی سوری بەزاندووە و بەردەوام هێرش دەکاتە سەریان، بەڵام بڕیاری بەشداریکردنیان لە شەڕ نەداوە و پێناچێت دوای شەڕیش بە ئاسانی متمانە لەنێوان ئەوان و ئێران دروست ببێتەوە.
ئەگەر پێش هەڵگیرسانی شەڕ وڵاتانی کەنداو ترسیان لە ئێران هەبووبێت، ئەوا دوای کۆتایی هاتنی شەڕەکە و مانەوەی ئێران تەنانەت بە لاوازیش، ئەو وڵاتانە ترسی زیاتریان لا دروست دەبێت، بەوپێیەی ئێران هەرچەندە لاواز بێت توانای تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری کەنداوی هەیە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو