کوژرانی لاریجانی پرۆسەی بڕیاردانی لە ئێران قورستر کردووە و بژاردەکانیشی سنوردارتر کردووە
١٩ ئازار ٢٠٢٦ - ٣:٢٧ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کوژرانی عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران و یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی ئەو وڵاتە، ئێرانی خستووەتە بەردەم قۆناغێکی قورستترەوە، بەوپێیەی پرۆسەی بڕیاردانی سەختتر کردووە و بژاردەکانیشی سنوردارتر کردووە.
لەکاتێکدا عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران و ژمارەیەک فەرماندەی باڵا لەیەکەم رۆژی شەڕەکەدا کوژران، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی خاوبوونەوەی بارگرژییەکان و راگرتنی فەرماندە سەربازییکان لەشەڕ کردن.
دەسەڵاتی ئێران بەجۆرێک بونیاتنراوە بەرگەی قەیرانە درێژخایەنەکان بگرێت، بەڵام کوژرانی سەرکردە ئەزمووندار و کاریگەرەکانی خەریکە مەترسی لەسەر ئیدارەدانی شەڕ و بەڕێوەبردنی دەوڵەت دروست دەکات، ئەمە جگە لەوەی ئەگەرەکانی پەرتبوونیشی زیاتر کردووە.
چوار بەرپرسی باڵای ئێران، رایانگەیاندووە: کەم کەس هێندەی لاریجانی لە گۆڕینی هاوکێشەکاندا لە شەڕەوە بۆ سیاسەت توانادارن، بۆیە دوای لاریجانی بۆشاییەک دروستبووە بڕیاردانی خاو کردووەتەوە و هەماهەنگی نێو دامەزراوەکانیشی لاوازتر کردووە.
لاریجانی بەوپێیەی لەیەکێک لە بنەماڵە ئاینییەکان بوو، خاوەنی شەرعییەتی ئاینی و هاوکات سیاسەتمەدارێکی ئەزموونداریش بوو، هەروەها پەیوەندییەکی پتەویشی لەگەڵ فەرماندەکانی سوپای پاسدارانیشدا هەبووە.
بەرپرسێکی ئێران دەڵێت: لاریجانی نێوەنگیرێکی متمانەپێکراو بوو لەنێو دەسەڵاتێکدا کە پیاوانی ئاینی و بەرپرسانی ئەمنی تێیدا کێبڕکێ دەکەن.
بەپێ وتەی بەرپرسانی ئێران، سیستەمی وڵاتەکەیان بەجۆرێک بونیاتنراوە بەرگەی لەدەستدانی سەرکردە باڵاکانی بگرێت، بەڵام دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ لاریجانیش لە هەلومەرجی قورسی شەڕدا بە ئەستەم دەبینن.
بەرپرسێکی ئێرانی دەڵێت: مەرج نییە کاریگەری خێرای نەمانی لاریجانی لاوازبوونی کۆماری ئیسلامی بەدوادا بێت، بەڵام دۆخی شپرزەیی دروست دەکات، بەو پێیەی ناوەندەکانی بڕیاردان پارچە پارچە دەکات.
غیابی لاریجانی
بەبڕوای چاودێرانی سیاسی، کوژرانی لاریجانی زیاتر رژێمی ئێران هاندەدات بۆ ئەوەی پشت بە رێوشوێنە ئەمنییەکان بگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گۆڕانکاری لە هەنگاوەکانی ئێران دا دروست دەکات.
بەڕای شرۆڤەکارانی ئێران، کوژرانی لاریجانی رژێمەکە ئیفلیج ناکات، بەڵام گرفتی جێگرەوەیەکی بۆ دروست دەکات کە توانای بەکارهێنانی حیکمەتی لاوازبێت لەکاتی قەیراندا.
لەگەڵ کوژرانی هەر سەرکردەیەکی باڵای ئێراندا، رژێمەکە زیاتر لەرووخان نزیک دەبێتەوە یاخود زیاتر دوور دەکەوێتەوە لە قۆستنەوەی ئەو دەرفەتانەی دێنە پێش بۆ کرانەوە بەڕووی دیموکراسیدا و باڵە ئەمنییەکان زاڵتر دەبن، لەکاتێکدا ئامانجی سەرەکی ئێستای رژێمەکە مانەوەی خۆیەتی.
بەرپرسانی ئێران هەرچەندە پێداگیرن لەسەر مل نەدان و بەردەوامیدان بە شەڕ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕێن بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی تێیکەوتوون.
سەبارەت بە ئەگەری روودانی کودەتا لە ئێران، سەرچاوەکان دەڵێن:سوپای پاسداران بەسەر دۆخەکەدا باڵادەستە و پابەندە بە پرەنسیپی پاراستنی ویلایەتی فەقیهی ئیسلامی.
بەپێی وتەی بەرپرسە ریفۆرمخوازەکانی ئێران، رژێمی موحافیزکاری ئێران تا ئێستا نزیکەی 12 ملیۆن لایەنگیری هەیە، ئەم لایەنگیرانە بڕوایان بە سیستەمی ویلایەتی فەقیهی ئیسلامی جێگیرە.
چاوەکان لەسەر قالیبافن
بەڕای چاودێرانی سیاسی، ئەگەر ئیسرائیل درێژە بە کوشتنی سەرکردەکانی ئێران بدات، رەنگە ئەو باوەڕەوە لای بەرپرسانی ئەو وڵاتە دروست ببێت کە بەرگریکردن تەنها رێگە چارە نییە، بەڵکو پڕکردنەوەی شوێنی سەرکردەکانیشی دەبێتە پلانێکی خێرا.
لەگەڵ کوژرانی سەرکردە باڵاکانی ئێران دا، ناوی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وەک یەکێک لەو سەرکردە کەمانەی ماونەتەوە، کە ئەزموونی سیاسی و سەربازیشی هەیە دێتە پێشەوە.
قالیباف پەیوەندی نزیکی لەگەڵ سوپای پاسداراندا هەیە و بەکەسایەتییەکی نزیک لە خامنەییش دادەنرا، ئەمە جگە لەوەی لەنێو ئێراندا وەکو سیاسییەکی ئەزمووندار ناوبانگی دەرکردووە.
مایکڵ رۆبن، توێژەری دیاری ئەمەریکی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: قالیباف یەکێکە لەو کەسانەی چانسی ئەوەی هەیە لەداهاتوودا ڕۆڵی گەورە لە ئێران بگێڕێت.
شرۆڤەکارانی ئیسرائیلیش دان بەوەدا دەنێن، ئێستا چاوەکان زیاتر لەسەر قالیباف و سوپای پاسدارانن، بۆ ئەوەی لە ئەگەری مانەوەی رژێمی ئێران دا و لە داهاتوودا بتوانن رۆڵ بگێڕن.
لەئێستادا سەرکردەکانی ئێران زیاتر بیریان لای دەربازکردنی رژێمەکەیە لەو دۆخەی کە تێیکەوتووە، ئەمەش دەوەستێتەوە سەر ئەوەی تاچەند مل بە خواستەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دەدەن.