"زانیارییە زێڕینەکە و ٢٠ تەن تەقەمەنی"؛ چۆن ئیسرائیل عەلی لاریجانی کوشت؟
١٩ ئازار ٢٠٢٦ - ١٠:٣٠ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کوشتنی عەلی لاریجانی- سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لەئاستی سیاسییدا شۆکێکی گەورەی درووستکرد، بەڵام بەتێڕوانین لەو زانیارییانەی کە لەبارەی پرۆسەی کوشتنەکەوە خراونەتەڕوو، دەردەکەوێت کە ئامادەکارییەکی وردیی بۆ کراوە.
میدیای ئیسرائیلی و ڕۆژئاوایی، لەسەر زاری سەرچاوەکانی ئەو وڵاتەوە، وردەکاریی چیرۆکی پرۆسەی کوشتنی لاریجانییان خستووەتەڕوو.
چاودێرییەکی ٧٢ کاتژمێریی
بەگوێرەی سەرچاوە ئیسرائیلییەکان، عەلی لاریجانی بۆ ماوەی چەندین مانگ لەژێر چاودێریی وردی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیلدا بووە.
خاڵی وەرچەرخان لەم پرۆسەیەدا، بەشداریکردنی لاریجانی بوو لە ڕێپێوانی "ڕۆژی قودس" لە تاران لە ڕۆژی هەینی ڕابردوو. هەر لەو ساتەوە، لاریجانی بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر لەژێر چاودێریی بەردەوامی ئەواندا بووە.
شەوی دووشەممە، زانیارییەک کە بە "زێڕین" ناودەبرێت، گەیشتووەتە تەلئەبیب، کە تیایدا شوێنی وردی حەشارگەی لاریجانی ئاشکرا دەکات.
لاریجانی کە لە سەرەتای گرژییەکانەوە خۆی شاردبووەوە و بەردەوام شوێنی نیشتەجێبوونی دەگۆڕی بۆ ئەوەی پرۆسەی شوێنپێهەڵگرتنی ئاڵۆز و قورس بکات، دواجار لە شوقەی خوشکەکەی لە تاران گیرسایەوە.
جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە؛ سەدان سەرباز و ٢٠ تۆن بۆمب
دوای گەیشتنی زانیارییەکە و دڵنیابوونەوە لێی، ئیسرائیل ڕەزامەندیی ئەمریکای لەسەر بەئامانجگرتنی وەرگرتووە. پاشان بە بەشداریی سەدان سەرباز لە یەکەکانی هەواڵگریی سەربازیی، هێزی ئاسمانی و یەکەکانی کۆماندۆ، ئۆپەراسیۆنەکەی دەستیپێکردووە.
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کە لە ئاسمانی تاراندا ئامادەییەکی نیمچە هەمیشەیی و بەردەوامیان هەیە، فەرمانیان پێکرا بۆ بە ئامانجگرتنی لۆکەیشنێک. ئەوەشی زیاتر یارمەتییدان لە زوو جێبەجێکردنی، باشبوونی کەشوهەوا بووە.
کاتێک فەرمانی جێبەجێکردن درا، فڕۆکەکان شوقەی خوشکی لاریجانییان بە ٢٠ بۆمب پێکاوە، کە کێشی هەر یەکێکیان یەک تەن بووە.
ئەم هێرشە هێندە بەهێز بوو کە باڵەخانەکەی بەتەواوی تەخت کرد و لاریجانیشی تێدا کوژرا.
ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە ئیسرائیل چەندە لە ئاسمان و گورزوەشاندن و شەڕی تەکنەلۆژییدا بەهێزە، هێندەش لەسەر ئەرزی ئێراندا چاوی کراوەی هەیە و زانیاریی پێدەگات.