مووشەکی هێشوویی؛ ئەو چەکەی خەوی لە چاوی ئیسرائیل زڕاندووە
١٩ ئازار ٢٠٢٦ - ٩:٣٠ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەم شەڕەی لەنێوان ئێران لەلایەک و ئیسرائیل و ئەمەریکا لەلایەکی تر، هیچ چەکێک بە قەدەر مووشەکی هێشوویی، بۆ ئیسرائیل نەبووەتە سەرئێشە. چونکە
لە کاتێکدا توانیویەتی بەر بە زۆرینەی چەکەکانی ئێران بگرێت، بەڵام بەرگرتنی بەم مووشەکە، ڕووبەڕووی ئالەنگاریی دەکاتەوە.
مووشەکی هێشوویی چییە؟
مووشەکی هێشوویی جۆرە چەکێکە کە پشت بە کڵاوەی فرەتەقەمەنی دەبەستێت. بە پێچەوانەی مووشەکە ئاساییەکان کە تەنها یەک کڵاوەی تەقەمەنییان هەیە، واتا یەک مووشەکن و دەتەقنەوە، ئەم مووشەکە لە ناوخۆیدا دەیان مووشەکۆکەی "مووشەکی بچووک"ـی هەڵگرتووە. واتا لەبری ئەوەی یەک بۆمبی گەورە بێت، دەبیتە چەند بۆمبێکی بچووکتر.
شێوازی مووشەکەکە وەهایە، کە کاتێک دەگاتە بەرزییەکی دیاریکراو (بۆنمونە ٥٠٠ بۆ ١٠٠٠ مەتر) لە سەرووی ئامانجەکەوە، کڵاوە سەرەکییەکە دەکرێتەوە و بۆمبە بچووکەکان بە ڕووبەرێکی فراواندا بڵاو دەبنەوە.
ئەم چەکە بۆ لێدانە لە ڕووبەرێکی کراوە، بۆنمونە بۆ فڕۆکەخانەیەک، چونکە یەک مووشەکی هێشوویی لەڕێگەی مووشەکۆکەکانییەوە دەتوانێت زیان بە ڕووبەرێکی بەقەد یاریگایەکی تۆپی پێ بگەیەنێت.
توانای ئێران لەم مووشەکانەدا
کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم ساڵانەی دواییدا بەرەوپێشچوونێکی زۆری لەبواری مووشەکییدا بەدەستهێناوە، لەنێویشیاندا مووشەکی هێشوویی.
بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان، ئێستا نزیکەی %٥٠ـی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران کە بەرەو ئیسرائیل دەگیرێن، لە جۆری هێشوویین.
دیارترین جۆرەکانی مووشەکە هێشووییە ئێرانییەکان، بریتین لە مووشەکەکانی: سەجیل، خوڕەمشەهر-٤ و خەیبەر شکێن.
هەر مووشەکێکی ئێرانی، بەپێی جۆرەکەی، دەتوانێت لە نێوان ٣٠ بۆ ٣٠٠ بۆمبی بچووک لەناو کڵاوەکەیدا حەشار بدات، کە کێشی هەر دانەیەکیان لە نێوان ٢ بۆ ١٥ کیلۆگرامدایە.
بۆچی بۆ ئیسرائیل بووە بە سەرئێشە؟
سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل، یەکێکە لە بەهێزترینەکانی جیهان، بەڵام مووشەکی هێشوویی درزێکی گەورەی لەم بەرگرییەدا دروستکردووە.
هۆکارەکەیشی ئەوەیە کاتێک مووشەکەکە لە ئاسماندا دەبێتە دەیان و سەدان پارچە و مووشەکی بچووک، ڕادارەکان و مووشەکە بەرپەرچدەرەوەکان ناتوانن هەموو مووشەک و پارچەکان بپێکن. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی سیستەمەکە تووشی جۆرێک لە سەرلێشێوان و شۆک و پەککەوتن بێت.
سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل بەپێی وتەی خۆی توانیویەتی نزیکەی %٨٥ـی مووشەکەکانی ئێران تێکبشکێنێت، بەڵام ئەو %١٥ـی کە دەمێنێتەوە، زۆربەیان کڵاوەی هێشوویین و زیانی بەرچاویان گەیاندووە.
بۆیە لەکاتێکدا ئیسرائیل سەرکەوتوو بووە لە تێکشکاندنی زۆرێک لە چەکەکانی ئێران، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە بەو ڕادەیە بەسەر مووشەکی هێشووییدا زاڵ بێت، ئەگەرچی هەندێک ڕێکاری گرتووەتەبەر بۆ بەرگرتن لە کاریگەرییەکانی، لەنمونەی تەقاندنەوەی کڵاوەکان لە بەرگە هەوادا پێش ئەوەی بکرێتەوە و ببێت بە چەندین مووشەکۆکە و پارچەی بچوک.