هێرش بۆ سەر کێڵگەی "پارس"؛ بەخێربێن بۆ قۆناغی ئێسک شکاندنی شەڕ
١٩ ئازار ٢٠٢٦ - ١١:٣٠ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە وەرچەرخانێکی گەورەی بێپێشینەدا، دوێنێ فڕۆکە و موشەکەکانی ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر کێڵگەی گازی "پارسی باشوور" لە ناوچەی عەسەلوویە، کە بە گرنگترین و گەورەترین شادەمار و سەرچاوەی وزەی ئێران دادەنرێت.
ئەم هێرشە نەک تەنها ئێرانی نوقمی تاریکی و قەیرانی وزە کردووە، بەڵکو دەرگای لەسەر قۆناغێکی نوێ کردەوە لە شەڕی ئیسرائیل و ئەمەریکا دژ بە ئێران.
هێرشێکی جۆریی
بەهەموو پێوەرێک هێرشی سەر کێڵگەی پارس، جۆریی (نوعی) بووە، بەو مانایەی ئاوارتە و جیاواز بووە لە هێرشەکانی پێشوو.
چونکە هێرشەکانی ئەم ١٩ ڕۆژەی ڕابردوو بۆ سەر ئێران، زیاتر لە بواری سەربازییدا بوون، بەڵام ئەمە یەکەمجارە ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە دەکرێتە ئامانج.
بەپێی زانیارییەکان، هێرشەکە لێزانانە لە ڕێگەی شەپۆلێکی چڕی موشەکیی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە. چونکە بە زۆریی بەشی چارەسەریی لە کێڵگەکە کردووەتە ئامانج کە گرنگترین بەشە، چونکە بەبێ ئەم بەشە، ناتوانرێت گاز بەرهەمبهێنرێت بۆ بەکارهێنانی ڕۆژانەی کارەبا و گەرمکردنەوە و ئۆتۆمبیل.
گرنگی کێڵگەی پارسی باشوور لەوەدایە، کە ٧٠٪ـی گازی ناوخۆیی ئێران و ٥٠٪ـی یەدەگی گازی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت. هەربۆیە زیانەکانی ئەم هێرشە زۆر خێرا و گەورە بوون، بەشێوەیەک تاران و چەندین شاری گەورەی ئێران ڕووبەڕووی بڕانی بەرفراوانی کارەبا بوونەتەوە، چونکە ٩٠٪ـی وێستگەکانی کارەبای ئێران پشت بە گازی ئەم کێڵگەیە دەبەستن. ئەمە سەرباری ئەوەی دابینکردنی گاز بۆ ماڵان کە بۆ گەرمکردنەوە و ئاگرکردنەوە سودی لێدەبینرێت، کێشەی گەورەی بۆ دروستبووە. سەرباری ئەوەی بەشێکی بەرچاو لە ئۆتۆمبیلەکانی ئەو وڵاتە بە گاز کاردەکەن.
ماناکانی هێرشەکە؛ قۆناغێکی نوێی شەڕ
بەبۆچوونی شرۆڤەکاران، ئەم هێرشە گۆڕینی هاوکێشەی شەڕەکەیە لە بوارێکی دیارییکراوەوە بۆ شەڕێکی هەمەلایەنە، لەکاتێکدا پێشتر لەبواری سەربازییدا قەتیس بوو.
ئیسرائیل بە لێدان لە وزە، دەیەوێت حکومەتی ئەو وڵاتە پەکبخات و دەستەوەستانی بکات لە فەراهەمکردنی خزمەتگوزارییە ژیانییە سەرەکییەکان بۆ هاوڵاتییەکانی. ئەم کەرتەش کە بە ئامانجی گرتووە، کەرتێکی یەکجار گرنگە، چونکە هەم کارەبای ماڵان و هەم گەرمکەرەوە و ئاگری ماڵان و سوتەمەنی ئۆتۆمبیل، پشت بە گاز و بەتایبەتیش گازی ئەم کێڵگەیە دەبەستن.
ڕایەکی زاڵیش هەیە بەوەی ئیسرائیل لەم ڕێگەیەوە، دەیەوێت ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان پەکبخات و وابکات بەڕووی حکومەتەکەیاندا ڕاپەڕن و فشارێکی ناوخۆیی گەورە بۆ سەر حکومەت دروست بکات.