پرۆژەی (OCCRP): کوڕانی شەمخانی بەبەهای ٢٩ ملیۆن دۆلار موڵکیان لە دوبەی کڕیوە

١٩ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:١٤ پاش نیوەڕۆ

پرۆژەی (OCCRP): کوڕانی شەمخانی بەبەهای ٢٩ ملیۆن دۆلار موڵکیان لە دوبەی کڕیوە

پەنجەرە

پرۆژەی ڕاپۆرتکردن لەبارەی تاوان و گەندەڵی (OCCRP) ئاشکرای دەکات، دوو کوڕی عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری باڵای پێشووی ڕێبەری کۆچکردووی ئێران، ناسنامەی وڵاتانی کاریبیی و ناوی خوازراویان بەکارهێناوە بۆ کڕینی کۆمەڵێک خانووبەرەی لە دوبەی کە بەهاکەیان ٢٩ ملیۆن دۆلارە.

پرۆژەکە ئاشکرای دەکات هەردوو کوڕەکەی شەمخانی (حوسێن و ئەبولفەزڵ)، پاسپۆرتێکی وڵاتی "دۆمینیکا"ـیان دەرکردووە بەناوی "هۆگۆ هایک" و "سامی هایک"، بەو پاسپۆرت و ناسنامەیە چوار ڤێلای لوکسیان لە ناوچە گرانبەهاکانی دوبەی وەک "گۆڵف پڵەیس" و "جومەیرا بەی ئایلاند" کڕیوە کە بەهاکەیان ٢٩ ملیۆن دۆلارە.

کوڕەکانی شەمخانی لەلای ئەمەریکا و ئەوروپا و بەریتانیا بەوە ناسراون، بازرگانی بە نەوتی ئێران و روسیاوە دەکەن و لەژێر ناوی وڵاتی تر دەیفرۆشن. لەوبارەوە حوسێنی کوڕی ساڵی پار وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەردا سەپاند.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە بنەماڵەی شەمخانی هەژموونی سیاسی باوکیان بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی کەشتیگەلێکی گەورەی گواستنەوەی نەوت و کۆکردنەوەی سامانێکی زۆر.

عەلی شەمخانی، یەکێک بوو لە بەرپرسە دەسەڵاتدارەکانی ئێران و لەدوای "شۆڕشی ئیسلامی" لەو وڵاتە، چەندین پۆستی سەربازیی وەرگرتووە کە دواهەمینیان ڕاوێژکاری خامنەیی بوو. لەهێرشی ٢٨ـی شوباتی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، یەکێک بوو لەو سەرکردانەی کە لەگەڵ عەلی خامنەیی- ڕابەری باڵای ئێراندا کوژرا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو